سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
"ژینگە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە باشوری کوردستان" ناونیشانی یەکەمین کتێبی تایبەت بە ڕێکخراوەکانی ژینگەیە لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن سەروەر قەرەداغی، پارێزەری ژینگەوە کاری نووسین و کۆکردنەوەی بابەتەکانی ئەنجامدراوە و پێشەكی کتێبەکەیش لەلایەن ئەندازیاری ڕاوێژكار عەبدولڕەحمان سدیق، یەكەم وەزیری ژینگەی عێراقەوە نووسراوە و پێداچوونەوەی لەلایەن نوسەر عەتا قەرەداغی و ڕۆژنامەنوس فەرمان خێڵانییەوە بۆ ئەنجامدراوە، کتێبەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان چاپکراوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان دەستدەکەوێت.
دەربارەی ئەم کتێبە، سەروەر قەرەداغی نووسەر و ئامادەکاری کتێبەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "سەرچاوەی وەك كتێب بەزمانی كوردی تایبەت بەبواری ژینگە لەكتێبخانەی كوردیدا زۆر كەمن، بەتایبەت لەبواری كار و ڕۆڵی ڕێكخراوە ژینگەییەكان لەباشوری كوردستان، بۆیە وەك پارێزەرێكی ژینگە كە بۆماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لەبواری ڕێكخراوەیی ژینگەیدا كاردەكەم بڕیارمدا دەست بەكۆكردنەوە و نوسین بكەم. لەدوای ئەنجامدانی چەندین چاوپێكەوتن و كۆكردنەوەی دەیان سەرچاوە و بابەتی گرنگ دەستم بەنوسینی ئەو كتێبەكرد و لەدوای یەكساڵ هەوڵدان. توانیمان بەچاپی بگەیەنین."
وتیشی: "ئەوەش دەبێت بەیەكەمین كتێبی لەچاپدراو تایبەت بە كار و ڕۆڵی ڕێكخراوە ژینگەییەكان لەباشوری كوردستان. ئەو كتێبە سەرچاوەیەكی زۆر گرنگ و پڕ زانیارییە بۆ ئەو تاكانەی كەبایەخ بە ژینگە و ژینگەپارێزی دەدەن لەڕێگەی ڕێكخراو و تۆڕ و كۆمەڵە ژینگەییەكانەوە، هەروەها ئەم کتێبە نوسینەوەی مێژوویەكە كەڕەنگە تا ئەمڕۆش تاكی كورد و تەنانەت چالاكوانانی بواری ژینگەش لەباشوری كوردستان پێی ئاشنا نەبووبن. لەڕێگەی خوێندنەوەی ئەو كتێبەوە ئاشنادەبن بە ژینگە و مێژوی ڕێكخراوە ژینگەییەكان لەساڵانی نێوان ١٩٩١ تا ٢٠١٥ ز."
ناوەڕۆکی کتێبی "ژینگە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە باشوری کوردستان" لەم بەشانەی خوارە پێکهاتووە:
بەشی یەكەم: چەمكی ژینگە، چەمكی سیستەمی ژینگەیی، پێكهاتەكانی سیستەمە ژینگەییەكە، پرسی ژینگە لە جیهاندا، ڕژێمی بەعس و كاریگەریی لەسەر ژینگەی باشوری كوردستان.
بەشی دوهەم: ڕێكخراوە ژینگەییەكان لە جیهاندا، سەرەتای كاری ڕێكخراوەیی ژینگەیی لە باشوری كوردستان، كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز G.K.A, كۆمەڵەی ژینگەی كوردستان، ڕێكخراوی سەوزی كوردستان.
بەشی سێهەم: كۆمەڵە و سەنتەرە ژینگەییەكان، پرۆژەیاسای پاراستنی ژینگە.
بەشی چوارهەم: ڕێكخراوە ژینگەییەكان، دیارترین ڕێكخراوە ژینگەییەكان. فیدراسیۆن و تۆڕە ژینگەییەكان.
بەشی پێنجەم: داهاتی ڕێكخراوە ژینگەییەكان، چۆن ڕێكخراوێكی ژینگەیی دادەمەزرێنیت؟ پێكهێنانی ڕێكخراوی ژینگەیی خاوەن ئەندام، چۆن ڕێكخراو، تۆڕ یان كۆمەڵەی ژینگەیی تۆمار دەكەیت؟
بەشی شەشەم: ژینگە و ڕێكخراوەژینگەییەكان لەڕاگەیاندن و چاپەمەنیی كوردیدا.
بەرنامەی ژینگەیی لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەكان، یەكەمین كتێبی ژینگەیی بەزمانی كوردی، یەكەمین رۆِژنامەی ژینگەیی، گۆڤاری ژینگەیی، سایتی ژینگەیی، پەیكەری ژینگە.