پاڵێوراوەکانی ئۆسکاری ٢٠١٦

15/01/2016    05:15

پاڵێوراوەکانی ئۆسکاری ٢٠١٦ 


Cînema

پشتیوان کەمال

فیلمی "The Revenant" و "Mad Max: Fury Road" لەلایەن ئەکادیمیای زانست و هونەری وێنەی جوڵاوەوە "ئۆسکار" زۆرترین ڕێزیان لێنراوە و بۆ خەڵاتەکانی باشترین فیلم و باشترین دەرهێنان پاڵێوراون.



شەش فیلمی تر لەگەڵیاندا کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلمی ئۆسکار ئەوانیش بریتین لە: "Bridge of Spies"، "Spotlight"، "The Big Short"، "The Martian"،"Brooklyn" و فیلمی "Room". 

ئەمە ماوەی دوو ساڵە لەسەریەک هیچ فیلمێک سەبارەت بە پرسی ڕەشپێستەکان و کە پاڵەوانەکانیان ڕەشپێستە پاڵێوراونابن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار. هەرچەندە ساڵی پار فیلمی "Selma" هەبوو کێبڕکێی دەکرد بەڵام ئەمساڵ هیچ فیلمێک نەماوە تاوەکو کێبڕکێی ئەو خەڵاتە بکات.

فیلمی "The Revenant" کە ئەلیخاندرۆ گۆنزالێز ئیناریتۆ کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە بۆ ١٢ خەڵات پاڵێوراوە، لەوانەش بۆ باشترین ئەکتەری سەرەکی کە لیۆناردۆ دیکاپریۆ ڕٶڵ دەگێڕێت، هەروەها تۆم هاردی کە بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی پاڵێوراوە. هەروەها فیلمەکە بۆ باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین دەنگ پاڵێوراوە.



فیلمەکەی جۆرج میلەر "Mad Max: Fury Road" باشترین دووەم فیلمە کە بۆ زۆرترین خەڵات پاڵێوراوە. فیلمەکە زیاتر بۆ خەڵاتە تەکنیکیەکان پاڵێوراوە لەوانە باشترین مۆنتاژ، دیزاینی جلوبەرگ، میکیاژ و ستایڵی قژ. پاش ئەم فیلمە "The Martian" دێت کە بۆ حەوت خەڵات پاڵێوراوە. فیلمی "Spotlight" بۆ شەش خەڵات پاڵێوراوە. 

"کەیت بلانچێت" لە فیلمی "Carol"دا بۆ شەشەمین جار پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی باشترین خانمە ئەکتەری ئۆسکار. "جێنیفەر لاورێنس" بۆ چوارەمین جار بووە پاڵێوراوی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، ئەمجارەیان لە فیلمی "Joy"دا. هەروەها "برای لارسۆن"، "چارلۆت ڕامپلینگ" و "ساویرس ڕۆنان" پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.


دیکاپریۆ لە پاڵ هەریەکە لە "ئێدی ڕێدمەین"، "مات دەیمۆن"، "برایان کڕانستۆن" و "مایکڵ فاسبێندەر" پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئۆسکار. دیکاپریۆ ئەمە پێنجەمین جارە دەپاڵێورێت بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە و تا ئێستا هیچ جارێک ئەو نازناوەی بەدەستنەهێناوە.

دەکرێت ئەوە بڵێین بەهۆی ئەوەی تا ئێستا دیکاپریۆ ئەم خەڵاتەی بەدەستنەهێناوە گەورەترین چانسی لەبەردەمە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر، هەروەها ڕیدڵی سکۆتیش بەهۆی ئەوەی نەیتووانیووە تا ئێستا خەڵاتی باشترین دەرهێنەری ئۆسکار بەدەستبهێنێت، ئەوە پاڵێوراوێکی سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە. هەرچەندە "ئاڕۆن سۆرکین" نووسەری سیناریۆی "Steve Jobs" لە ڕۆژی یەکشەممە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێنا، بەڵام لە ئۆسکاردا نەپاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە. 

سەرچاوە: NewYorkTimes


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw