کارزان کاردۆزی
دەرهێنەری ئەمریکی، ڕۆبرت فلاهیرتی بە باوکی ژانری فیلمە دۆکۆمێنتەریەکانی دۆکۆ فیکشن و فیلمی ئیزنۆگرافیک دادەنرێت. فلاهیرتی یەکەم کەس بوو کە سەربەخۆیانە لە دەرەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی فیلمدا لە ستۆدیۆکانی هۆڵیوودا کاری دەکرد و ئەو فیلمانەی بەرهەمی دەهێنان هەر جارە و لەلایەن کەسان و کۆمپانیا و هاورێ و دەزگای جیاوازەوە سەربەخۆیانە یارمەتی دەدرا و بە هەوڵ و کۆششی تاکی خۆی ئەم کارانەی دروست دەکردن. یەکێک لە شاکارترین فیلمەکانی فلاهیرتی و یەکەمین فیلمی درێژی دۆکۆمێنتاری لە مێژووی سینەماکدا، فیلمی شاکاریی؛ نانووکی باکورە.
سەرەتای بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەندان ساڵەی کە فلاهیرتی لاو وەکو گەشتیارێک و پاشان کرێکارێکی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و نەوت لە گەران بە دوای کانزاکاندا دەیبەنە ناوچە دوورە دەستەکانی باکوری کەنەدا و نزیک بە کیشەوەری قوتبی باکور. لەم گەشتانەی فلاهێرتیدا، ئەو ئاشنا دەبێت بە چەندان هۆزی جیاوازی ئێسکیمۆکان و دەیەوێت ژیان و کلتوری ئەوان لە سەرەتادا لە ڕێگەی نووسین، پاشان فۆتۆگراف و ئنجا فیلمەوە ئەرشیف بکات.
لە یەکێک لەم گەشتانەیدا لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٠ دا، فلاهیرتی دوو کامێرای ئاکیلی دەکڕێت کە دەتوانرێت لە سەختترین کەش و هەوای ساردا بە کاربهێنرێت و ستاندێکی تایبەتی دروست دەکات و لەگەڵ خۆیدا بۆ ئەم گەشتەی دەبات، ئەم ستاندەی فلاهیرتی زۆر جیاواز دەبێت لەزۆر ئەو ستاندانەی لەو کاتانەدا بەکار دەهاتن کە دەتوانرا لە ڕێگەیەوە کامێرا بجوڵێندرێت، لەگەڵ ئەوەی جوڵەکان تەنها جوڵەی بچووکی بەرزی و لایی و پان بوو. بەڵام ئەمە سەربەخۆیی دەدات بە فلاهیرتی کە بتوانێت وێنەی ژینگەی گەورەی ناوچەکان بگرێت. گەرچی فیلمی "نانووکی باکور" تەنها لە چەند گرتەیەکیدا جوڵەی کامێرای تێدایە، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا و لە فیلمەکانیدا، جوڵەی کامێرا دەبێت بە یەکێک لە شێوازە باوەکانی فیلمەکانی فلاهیرتی.

گەشتەکەی فلاهیرتی بۆ ناوچە سەختەکانی باکووری کەنەدا زیاتر لە دوو مانگ دەخایەنێت و بە چەندان ناوچەی شاخاوی و بەفراوی دەریاچەی بەستوودا گەشت دەکات، چەند ئەم گەشتەی سەخت دەبێت، بەڵام لەگەڵ کامێراکەیدا فلاهیرتی چەند کەرەستەیەکی بچووکی ڕووناکی، پرینتی فیلم و هەروەها پرۆجێکشنیش دەبات بۆ نیشاندانی ئەو گرتانەی کە وێنەی دەگرێت بۆ ئەسکیمۆکان، هەروەها بینینەوەی ئەو گرتانەی کە وێنەیان دەگرێت وەکوو وانەیەک دەبێت بۆ فلاهیرتی خۆشی بۆ فێربوونی تەکنیک و فۆرمی کاری دەرهێنان و ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی دەیکردن لە کاتی وێنەگرتندا.
لە ١٥ ی ئابی ساڵی ١٩٢٠ دا، دوای چەندان مانگ گەشتی دەریایی و دەشتی و شاخیدا لە ساردترین کەشدا، فلاهیرتی دەگاتە سەر ڕووباری "ئینوکسوکی" لە نزیک قوتبی باکور و بۆ ناوچەی هۆزی ئێسکیمۆکان و دەست دەکات بە وێنەگرتنی فیلمەکە. فلاهیرتی بە یارمەتی ئێسکیمۆکان ژوورێکی بچکۆلە بۆ خۆی دروست دەکات و ڕۆژانە لەگەڵ ئەسکیمۆکاندا گەشت دەکات، بچووکترین ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەیان وێنە دەگرێت. بۆ گرتەی ناوەکەی ناو ئەو ئیگلۆیانەی کە ئێسکیمۆکان لە سەهۆڵ و بەفر درووستی دەکەن و تیایدا دەژین، ئەستەم دەبێت بۆ فلاهیرتی بتوانێت لە شوێنێکی وا بچووکەدا وێنە بگرێت، هەر بۆیە بە یارمەتی ئیسکیمۆکان و دوای سێ ڕۆژ کارکردن، لە بەفر و سەهۆڵ ئیگلویەکەی گەورە درووست دەکەن بەتایبەتی بۆ دوو کارەکتەرەی سەرەکی فیلمەکە؛ نانووک و خێزان و منداڵەکانی کە ژیانی ڕۆژانەیان و هەوڵی دۆزینەوەی خواردنی ڕۆژانەیان لە ژینگەیەکی سەختدا دەبێت بە چیرۆکی فیلمەکە.
دوای ساڵێک ژیان لە ناو ئێسکیمۆکاندا و وێنەگرتنی ژیانی خێزانی نانووک، فلاهیرتی لە پایزی ساڵی ١٩٢١ دا کۆتای بە کاری وێنەگرتن دەهێنێت و بۆ سالێک خەریکی کاری مۆنتاژی فیلمەکە دەبێت. دوای تەواوکردنی کاری مۆتناژ، فیلمەکە دەبات بۆ چەندان ستۆدیۆی هۆڵیوود بە هیوای بڵاوکردنەوە و نمایشکردنی لە سینەماکاندا، بەڵام گشت ستۆدیۆکان فیلمەکە ڕەت دەکەنەوە، بە تایبەتی ستۆدیۆکانی پاراماونت و فێرست ناشیۆنال کە بەرهەمهێنەرانی ستۆدیۆکان بە گاڵتەوە سەیری فیلمەکە دەکەن. دوای هەولێکی زۆر، کۆمپانیای پازی فەرەنسی ڕازی دەبێت بە نمایشکردنی فیلمەکە لە چەند سینەمایەکی شاری نیویۆرکدا. فیلمەکە بینەرێکی زۆری دەبێت لە شاری نیویۆرکدا، بەڵام زیاتر لە ووڵاتانی ئەوروپا ناوبانگ دەردەکات، بە تایبەتی لە شارەکانی لەندەن و پاریسدا کە لە سینەماکاندا بۆ زیاتر لە شەش مانگ نمایشدەکرێت.
فیلمی نانووکی باکور یەکەم کاری فلاهیرتیە و هەوڵدانیەتی بۆ فێربوونی هونەری دەرهێنان و دۆزینەوەی زمانێکی نوێ لە ژانری دۆکومێنتەریدا. فیلمەکە بە یارمەتی ئیسکیمۆکان درووستکراوە کە تیایدا لە هەندێک چیرۆک و ڕووداوی گرتەکانیاندا بۆ جارێکی تر ئەو ڕووداو و کردارانە دروست کراونەتەوە و ئێسکیمۆکان نمایشێکی داستان دەکەن لەبەردەم کامێراکەی فلاهیرتیدا، هەندێک جار بۆ چەندان جار دووبارە کراونەتەوە. لەم ڕێگەیەوە و دووبارە کردنەوەی داستانیانەی گرتەکانەوە فلاهیرتی دەیویست ڕاستی ژیانی ڕۆژانە و کلتوری ئەوان بخاتە سەر فیلم و بۆ هەمیشەیی ئەرشیفی بکات؛ 'هەندێک جار دەبێت درۆ بکەیت' فلاهیرتی لە بیرەوەریەکانیدا دەنووسێت؛ "دەبێت هەندێک جار سیمای وێنەکان بشێوێنیت و دروستیان بکەیتەوە بۆ ئەوەی بگەیەت بە ڕاستی."

لەگەڵ بوونی وەکوو فیلمێکی دۆکۆمینتاری، نانووکی باکور وەکوو یەکێک لە سەرەتاییترین فیلمی مرۆڤناسی (ئەنسرۆپۆڵۆجی) و فیلمێکی فێربوون پێناسە دەکرێت. فلاهیرتی هەمیشە بە وردی هەڵسوکەوت و هەست و کلتور و داب و نەریت و کەرەستە و ژیانی ڕۆژانەی ئەسکیمۆکان بۆ بینەر ڕووندەکاتەوە کە بۆ بینەر ڕەنگە ئەم شتانە زۆر نامۆبن. لە فیلمەکەدا و لە یەکەم کاری فلاهێرتیدا، کارێک دەبینرێت کە سەربەخۆیی و متمانەیەکی تەواوی دەرهێنەر هەیە لە نیشاندان و کۆنترۆڵکردن و نیشاندانی ڕاستۆگیی ژیانی کارەکتەرەکانیدا. گەرچی نانووک و خێزانەکەی لە ئەستەمترین و سەخترین شوێنی جیهاندا دەژین کە دابینکردنی بژێووی ڕۆژانەیان هەمیشە لە ژێر مەترسیدایە، وە هەولێکی ئەستەم دەدەن بۆ ئەوەی ڕۆژانە لە ژیاندا بمێننەوە، بەڵام ئەوان نیشان دەدرێت وەکوو بەختەوەرترین مرۆڤەکان، هەمیشە لە ڕووخساریاندا خەندە دەبینرێت، کامێراکەی فلاهیرتی خۆشەویستیەکی تایبەتی بۆ ئەوان هەیە. بەڵام لە ڕاستی ژیاندا، کۆتایی نانووک و خێزانەکەی وەکوو فیلمەکە نابێت؛ دوای دوو ساڵ لە بڵاوبوونەوەی فیلمەکە، نانووکی ئەسکیمۆ بەهۆی برسیەتی و لەناوچوونی ئەو ژینگەی کە تیایدا دەژیا، دەمرێت و مردنی ئەو دەبێتە یەکێک لەو هەواڵانەی کە لە لاپەڕەی گۆڤارەکاندا لەگەڵ ناو و هەواڵی ئەستێرەکانی تری سینەمای هۆڵیوودا بڵاودەکرێتەوە.
*ئەم خوێندنەوانەی نووسەر بۆ ئەم فیلمانە بەشێکن لە پڕۆژەی کتێبێکی گەورە دەربارەی هونەری سینەما بەناوی "سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر" کە بڕیارە لە پایزی ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوبکرێتەوە.