پڵنگ و بەفر: ژیان لە عێراق جوان نییە

16/01/2016    18:18

پڵنگ و بەفر: ژیان لە عێراق جوان نییە 


Cînema

پشتیوان کەمال

فیلمی "پڵنگ و بەفر" فیلمێکی کۆمیدی درامییە و باس لە ژیانی شاعیرێک دەکات کە بۆ ڕزگارکردنی خۆشەویستەکەی دەچێتە جەهەنەمەوە، ئەو جەهەنەمەش لە فیلمەکەدا بریتییە لە "عێراق"، ئەو شاعیرە هەوڵدەدات خۆشەویستەکەی بە ئاگا بهێنێتەوە کە بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەو وڵاتە برینداربووە و لە هۆش خۆی چووە.

ڕۆبێرتۆ بێنینی لە فیلمی "پڵنگ و بەفر"دا ڕۆڵی "ئەتیللیۆ" دەبینێت، ئەویش پڕۆفیسۆرە لە بواری نووسینی شیعردا لە یەکێک لە زانکۆکاکاندا. ئەو عاشقە بەو کچەی هەموو شەوێک خەونی پێوە دەبینێت، بەڵام لە ژیانی ڕاستەقینەیدا بوونی نییە. پاش ئەوەی چەندینجار خەون بەو کچەوە دەبینێت، ڕۆژێک لە کۆڕێکی شیعری هاوڕێکەیدا "فواد" کە "جان ڕینۆ" ڕۆڵی دەگێڕێت، کچەکە بە ڕاستی دەبینێت. فواد لە فیلمەکەدا ڕۆڵی شاعیرێکی عێراقی دەگێڕێت کە لە پاشاندا لە ڕووداوێکی نادیاردا دەکوژرێت، کە پاشان بۆیان ڕوون دەبێتەوە خۆی خۆی کوشتووە بەهۆی سەختی ژیانی ئەو وڵاتەی ئەو تێیدا دەژی کە بریتییە لە عێراق. ڤیتۆریا "نیکۆلیتا براچی" کە خێزانی ڕاستەقینەی بێنینیە، هەروەها لە فیلمی "ژیان جوانە"دا ڕۆڵی ئەو کەسە دەگێڕێت کە بێنینی عاشقی بووە. فواد پاش کۆڕە شیعریەکەی بە ماوەیەکی کەم لەگەڵ ڤیتۆریادا دەگەڕێتەوە بەغداد، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک تەلەفوون بۆ بێنینی دەکات و پێی دەڵێت کە ژیانی ڤیتۆریا لە مەترسیدایە بەهۆی ئەو تەقینەوەیەی لەو شارەدا تووشی هاتووە.



ئەتیللیۆ دەیەوێت بە ڕێگایەکی ئاسان بلیتێک بکڕێت و لە فڕۆکەخانەی ڕۆماوە بەرەو بەغداد بڕوات، بەڵام بەهۆی شەڕەوە ،کە فیلمەکە باس لە ساڵی ٢٠٠٣ دەکات، هەموو ڕێگا ئاسمانیەکانی ئەو وڵاتە ڕاگیراون و بە ئاسانی ناتوانیت سەفەر بکەیت بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام بێنینی وازناهێنێت تا لە کۆتاییدا ڕێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ چوونی بۆ ئەو وڵاتە هەر بۆیە لەگەڵ ڕێکخراوێک ڕێکدەکەوێت ئەویش بە کارکردن لەگەڵیان لەناو عێراقدا. بێنینی لە عێراق لەو گروپە خۆی دادەبڕێت و بە پاسێکی شکاو دەگاتە بەغداد. 

لەکۆتاییدا دەگاتە "ڤیتۆریا" و لە نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی کە تەنها لە سێ ژووری بچووک پێکهاتووە دەدۆزێتەوە. خۆشەویستەکەی بێنینی لە حاڵەتی بێ ئاگاییدایە و پێویستی بە دەرمانێکە کە لەو نەخۆشخانەیەدا بوونی نییە، لە پاشاندا فواد ڕازی دەکات بەوەی یارمەتی بدات لە پەیداکردنی ئەو دەرمانە و ژیانی ڤیتۆریا ڕزگاربکەن. 



لەم فیلمەدا بێنینی بەشێوەیەکی شێتانە ڕەفتاردەکات هەروەک نواندنە هەمیشەییەکەی کە قسەدەکات ناوەستێت. دیمەنی قسەکردنی ئەو لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکاردا بۆ فیلمی "ژیان جوانە" بیرناچێتەوە لە کاتێکدا بۆ ماوەی چەند خولەکێکی کەم قسەیکرد، دەبێت بێنینی گەر بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەو جۆرە قسەبکات چەندە پێکەنینهێن بێت. لەو کاتەدا کە بە دەستی سەربازە ئەمریکییەکان دەگیرێت تاوەکو ڕزگاردەکرێت هاوار دەکات "من ئیتاڵیم" کە نزیکەی ماوەی ڕۆژێک دەخایەنێت. لە کۆتاییدا سەربازێک دەیناسێتەوە کە پێشتر لە کاتی هێنانی دەرمان بۆ خۆشەویستەکەی بینیبووی، پاشتر دەزانن ئەو شتەی بە بێنینیە دەرمانە و بەو شێوەیە ڕزگاردەکرێت.

کاتێ بۆ یەکەمجار ئەتیللۆ، ڤیتۆریا دەباتەوە ماڵەوە پێی دەڵێت با تا کۆتایی ژیانمان بەیەکەوە بژین، ڤیتۆریاش پێی دەڵێت هەر کاتێک پڵنگم بینی لە کاتی بەفرباریندا من دەبمە خۆشەویستت. لە کۆتاییدا سەیری شەقامێکی ڕۆما دەکات و پڵنگێک دەبینێت لەسەر شەقامە گشتیەکەی ئەو شارە کە بەهۆی سووتانی باخچەی ئاژەڵانەوە هەڵهاتووە. ڤیتۆریا سەرسام دەبێت و بەڵێنەکەی بیردێتەوە کە بە ئەتیللۆی داوە کە تا ئەو ساتەش نازانێت ئەو ڕزگاری کردووە.

ناوی فیلم: پڵنگ و بەفر
سیناریۆ: ڕۆبێرتۆ بێنینی، ڤینسێنزۆ سێرامی
دەرهێنان: ڕۆبێرتۆ بێنینی
بەرهەمهێن: نیکۆلیتا براچی
مۆنتاژ: ماسیمۆ فیۆچی
شوێنی وێنەگرتن: ئیتاڵیا
کات: ١١٥ خولەک
زمان: ئیتاڵی، ئینگلیزی، عەرەبی
ساڵی بڵاوبوونەوە: ٢٠٠٥
کاست: ڕۆبێرتۆ بێنینی، جان ڕینۆ، نیکۆلیتا بڕاچی  


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw