چاوپێکەوتن لەگەڵ مانۆ خەلیل

17/01/2016    18:00

چاوپێکەوتن لەگەڵ مانۆ خەلیل 


Cînema

پشتیوان کەمال
بەشی یەکەم


مانۆ خەلیل دەرهێنەرێکی کوردی کوردستانی سوریایە. لە زانکۆی دیمەشق مێژوو و قانوونی خوێندووە و پاشتر بەرەو چیک بەڕێکەوتووە لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ خوێندنی فیلمسازیی. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩٥ وەک دەرهێنەرێکی سەربەخۆ لە چیک کاری کردووە و پاشتریش بۆ تەلەفزیۆنەکانی سلۆڤاکیا. لە ساڵی ١٩٩٦ەوە لە سویسرا دەژی و وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرێکی سەربەخۆ کارەکانی خۆی لەو وڵاتە ئەنجام دەدات. ئەو لە ساڵی ١٩٩٠ەوە خەریکی دروستکردنی فیلمە و دواهەمین فیلمیشی بریتییە لە فیلمی "پەڕەسێلکە" کە فیلمێکی درامییە و ماوەکەی ١٠٢ خولەکە. 

-بەڕێز مانۆ خەلیل دەمەوێت دەربارەی دواهەمین فیلمت پرسیارت لێبکەم، پەڕەسێلکە، چ هەستێکت هەبوو کاتێک سەرۆکی وڵاتێک کە تۆ تێیدا پەناهەندەی بەشداری نمایشی فیلمەکەت بوو؟

ڕاستیەکە ئەوەیە کە فیلمەکەم فیلمی کرانەوەی فێستیڤاڵی نەتەوەیی سویسرا بوو هەروەها بەڕێز "ئالان بێرست"ی سەرۆکی ئەو وڵاتە ئامادەی نمایشی فیلمەکە بوو. بە پێچەوانەی ئەو واقیعەی لە کوردستاندا هەیە بەوەی کە سینەما جێگەی شەرمە، شەرەفێکی گەورەیە بۆ من و ئەو ستافەی کاریان لەگەڵ کردووم کە بەو جۆرە لەلایەن ئەو وڵاتە ڕێزم لێنراوە. بۆ من ئەوە جێگەی دڵخۆشییەکی گەورەیە وەک پیاوێکی کورد کە زۆرم لێکراوە وڵاتەکەی خۆم جێبهێڵم و بەڵام سەرکەوتن و لە هەمان کاتیشدا پشتگیری و یارمەتی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنم کە تیایدا دەژیم بە جۆرێک کە هەرگیز لە وڵاتی خۆمدا ئەو جۆرە پشتگیری و یارمەتیە بەدەستناهێنم.

ئەم فیلمە باس لە میرە دەکات کە بە دوای ڕەگوڕیشەی خۆیدا دەگەڕێت. وەک کوردێک، پێت وانییە ئەمە بووەتە پرسیارێکی بەردەوام؟ زۆرێک لە کوردان نازانن کە دایکان و باوکانیان لەکوێن؟ هەمیشە چاوەڕێن و بە دوایاندا دەگەڕێن. چی وا دەکات چیرۆکی فیلمەکەی تۆ جیاوازبێت؟

هەموو کەسێک بۆ شتێک یان بۆ کەسێک دەگەڕێت. ئەگەر ئەوە خۆشەویستی، ئازادی یان هەر شتێک بێت. هەمیشە پرسیارێک لە خۆمان دەکەین، من کێم، بۆ کوێ دەچم؟ لە کەیسی ئەوەی میرەی سویسریدا، کە دێت بۆ کوردستان و بە دوای ڕەگوڕیشەی خۆیدا دەگەڕێت، یان بە دوای ناسنامەی خۆی لەو وڵاتەدا.  دەیەوێت باوکی بناسێت، "شەڕڤانی ئازادیی"، کە هەر لە منداڵییەوە بیری لێدەکاتەوە و پێی وایە لە دژی ئەژدیهاکان دەجەنگێت. بەڵام ئایا ڕاستیەکە بەو جۆرەیە؟ چی دەبێت ئەگەر ئەو باوکە سەرۆک جاش بووبێت، کە خەڵکەکەی خۆی بکوژێت و یارمەتی ڕژێمی سەدام حسێن بدات؟


پێموایە ئەوە تەنها چیرۆکی میرە نییە کە تۆ دەتەوێت لە فیلمەکەدا بۆ ئێمەی بگێڕیتەوە، بەڵکو بەلایەنی زۆرینەوە تۆ دەتەوێت ئەوە پیشان بدەیت لە کوردستان و ناوچەکەدا چی دەگوزەرێت بەو هەموو گرژی و ئاڵۆزییەی لەم ناوچەیەدا ڕوودەدات.

زۆر تەواوە، لە ڕێگەی چیرۆکی میرەوە من دەمەوێت مێژووی ٤٠ ساڵی کوردستان بگێڕمەوە. دەربارەی ئەو هەموو کوشتنە قسەبکەم، دەربارەی کوشتنی ئەو هەموو کوردە و لەناوبردنی خەون و بوونیان. میرە دەنگی هەموو قوربانیانی کوردستانە. کێ کوردەکانی دەکوشت؟ خۆی لەڕاستیدا سەدام حوسەین هیچ کەسێکی بە دەستەکانی خۆی نەکووشتووە، بەڵکو کۆمەڵێک بکووژ هەیە کە لە پێناو مانەوەی سەدامدا خەڵکیان دەکوشت، لەنێویاندا چەندین تاوانباری کورد هەیە. ئەوانە کێن؟ ئێستا لەکوێن؟ بێگوومان فیلمەکە باس لە ژیانی ڕاستەقینەی کوردستانیش دەکات. دەربارەی ئەو ئازادییەی هەیە، دەربارەی شەڕی کورد لە دژی داعش ، دەربارەی ئاسایشی کوردستان قسەدەکات، هەروەها دەربارەی ئەو ڕێزەشی لە کۆمەڵگای کوردیدا هەیە.

تۆڵەکردنەوە، خۆشەویستی، خیانەتکردن ئەو وشانەن کە لە تڕەیلەری فیلمەکەدا دەیبینین. ئەم وشانە چ پەیوەندیەکیان بە ناوەڕۆکی فیلمەکەوە هەیە؟

تەنها لە کوردستان نا، بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم وشانە مانای گەورەیان هەیە. کۆمەڵگای کوردیی ئێمە ئازاری چەشتووە و ئازاردەچێژێت بەهۆی "خیانەتکردنەوە". تەنها سەیربکە، ئەو کوردانەی کە یارمەتی ڕژێمی تورکیا دەدەن لە دژی خەڵکەکەی خۆیان (قوروجیەکان)، یان (جاشەکان) کە لەگەڵ ڕژێمی سەدام حسێندا کاریان دەکرد، تەنانەت لە ئێرانیش، زۆرێک کورد هەیە کە لەگەڵ ڕژێمەکەی تاراندا کار دەکەن لە دژی کوردەکان خۆیان. ئەمە وەک شێرپەنجە وایە لە لاشەی کورد خۆیدا. ئێمە ئازاد نابین، ئەگەر خۆمان لەو خیانەتکارانە ئازاد نەکەین. ئەم بابەتانە لە فیلمەکەدا زۆر گرنگن چونکە من باسی کوردستانی ئەمڕۆ دەکەم، هەروەها داهاتووی خەڵکی کوردستان لە چاوی کچێکی سویسرییەوە.



ئێستا دەمەوێت دەربارەی فیلمی "مێشەوان" قسەبکەم. چۆن کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە (کاک ئیبراهیم)ت ناسی؟

نزیکەی چوارساڵ لەمەوبەر بەڕێکەوت دەربارەی پیاوێکی پیری کورد قسەیان بۆ کردم کە لە چیاکانی سویسرا خەریکی هەنگ بەخێوکردنە. لە ماوەی ٣٠ ساڵیی ژیانم لە ئەوروپادا پێشتر هەرگیز دەربارەی کەسێکی کوردی لەوجۆرە نەمبیستبوو. ئەم زانیارییە منی والێکرد حەزم لە ئەوە هەبێت بەڕێز ئیبراهیم بناسم، هەنگەوانەکە. کاتێک دواتر بینیم و چیرۆکە دڵتەزێنەکەیم بیست، بە تەواوەتی سەرسام بووم بە کەسایەتی ئەو. ئیبراهیم پێشتر هەنگەوانێکی زۆر سەرکەوتوو بووە لە تورکیادا. زیاتر لە ٥٠٠ کۆڵۆنی هەنگی هەبووە و ساڵانە بڕی ١٨ تەن هەنگوینی بەرهەمهێناوە. ئەو بە دڵخۆشییەوە لەگەڵ خێزانەکەی و ١١ منداڵەکەیدا دەوڵەمەندانە ژیاون و چێژی لە ڕێزی کۆمەڵگاکەی بینیووە. ئەو بە تەواوی هەموو شتێکی لەدەستداوە چونکە نەیویستووە لەگەڵ سوپای تورکیادا ڕێکبکەوێت لە دژی کوردە هاوزمانەکانی خۆی. بۆ چەند ساڵێک ئەو لە گەڕاندابووە بێ ئەوەی هیچ هەواڵێکی شوێن و بارودۆخی خێزانەکەی بزانێت. پاش گەڕانێکی زۆر کە ئێمە وەک ئۆدیسە بەراوردمان کردووە، بەرەو سویسرا بەڕێ دەکەوێت کە لەوێ لەگەڵ هەندێک لە منداڵەکانیدا یەکدەگرێتەوە و بە یارمەتی هەنگەکان لە شارێکی نوێ ژیانێکی نوێ دەستپێدەکاتەوە.

چۆن ئیبراهیم گەزەر ڕازیبوو بەوەی کارت لەگەڵ بکات پاش ئەوەی ئەو هەموو شتێکی لەدەستدابوو و ڕەنگە هەوڵیشیدابێت کە ئەو ڕابردووەی بیرنەکەوێتەوە؟ لە کاتی دروستکردنی فیلمەکەدا هیچ شتێک هەبوو کە هەستەکانی ئازار بدات؟ ئەگەر هەریەک لەو کارەکتەرە سەرەکیانەی کاریان لەگەڵ دەکەیت هەست بە بێزاری بکەن، تۆ چی دەکەیت لەو بارودۆخەدا؟

کێشەی گەورەی من ئەوەبوو کە بەڕێز ئیبراهیم ڕازی بکەم ببێتە کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەم.  لە سەرەتادا پێی وابوو من فیلمێک دروست دەکەم سەبارەت بە هەنگەکان. کاتێک زانی فیلمەکە دەربارەی ژیانی ئەو دەبێت، نەیویست چیتر کارەکە ئەنجام بدات. بۆ ماوەیەکی زۆر من کاری وێنەگرتنم وەستاند. لەو ماوەیەدا من سەردانی کاک ئیبراهیمم دەکرد. زۆر بە هێواشی هاوڕێیەتیەکی ڕاستەقینە لە نێوانماندا دروستبوو. پاشتر چیتر من بەڕێز خەلیل نەمام کە پێشتر وا بانگی دەکردم بەڵکو تەنها وەک مانۆی هاوڕێ بانگی دەکردم. بەڕێز ئیبراهیم چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ هاوڕێیەکی خۆی دەگێڕایەوە کە تێگەیشت و زانی ئەمەی ئەو ئەیگێڕێتەوە سوودی لێوەرناگیردرێت لەلایەن منەوە بۆ مەبەستێکی تایبەت. 


چی وایکرد کە فیلمی "هەنگەوان" زۆر تایبەت بێت؟ چیرۆکەکەی هەستەکانی خەڵک ڕادەکێشێت و پڕە لە ڕاستیی. 
 
ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا ئەو ڕاستیەبوو کە گرنگ نەبووە چی بەسەر ئیبراهیمدا هاتووە بەڵکو هەرگیز ئەو وازی نەهێناوە لە شەڕکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ژیاندا و هەروەها ئەو خەونەی ئەو هەیەتی. هەروەها ئەو هیچ هەستێکی ڕق و تۆڵەکردنەوەی تێدا نەبوو لە دژی ئەو کەسانەی کە ئەو شتانەیان لەناوبرد کە ئەو زۆری خۆشدەویستن.  جیا لە هەموو ئەوانەی لە سەرەوە باسم کردوون، من هاوبەشییەکی زۆر دەبینم لە نێوان چیرۆکی ژیانی خۆم و ژیانی ئیبراهیمدا. من کوردێکی سوریام. پاش ئەوەی لە چیک خوێندنەکەم تەواوکرد ویستم بگەڕێمەوە بۆ سوریا و لەوێ وەک فیلم دروستکەرێک کاربکەم. ڕژێمی سووریا ڕێگریان لە من کرد کە کاری لەو شێوەیە بکەم. دەبێت بڕۆم و هەوڵی گەورە بدەم تا هەلێکی تر بەدەست دەهێنم و خەونی خۆم دەهێنمە دی، تاوەکو جارێکی تر کاری فیلم دروستکردن بکەم.

بۆچی فیلمی هەنگەوان لە فێستیڤاڵی مافەکانی مرۆڤ لە ئوستراڵیا نمایشکرا، پەیوەندی نێوان هەنگەوان و مافەکانی مرۆڤ چییە؟

بە دڵنیاییەوە فیلمەکە دەربارەی شکۆداریی مرۆڤە، دەربارەی مافەکانی مرۆڤ و خۆشەویستییە بۆ مرۆڤایەتی. لەبەرئەوەیە کە لەو فێستیڤاڵەدا بەشداربوو.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw