مانۆ خەلیل: کوردەکان خەونیان نییە

18/01/2016    16:56

مانۆ خەلیل: کوردەکان خەونیان نییە 


Cînema

پشتیوان کەمال
بەشی دووەم 


مانۆ خەلیل لە بەشی یەکەمی گفتووگۆکەیدا باسی لە هەردوو دواهەمین فیلمی "پەڕەسێلکە" و "هەنگەوان"ی کرد. لە دووەمین بەشی گفتووگۆکەیدا باسی ئەزموونی خۆی دەکات وەک پەناهەندەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا. ئەو پێی وایە ئەو زۆر نزیکە لە کارەکتەری "ئیبراهیم" لە فیلمی "هەنگەوان"دا. هەروەها مانۆ دەڵێت کە کوردەکان شەڕ ناکەن بۆ ئەو شتەی دەیانەوێت. دەڵێت کە هەرکەسێک خەونی گەورەی هەبوو دەبێت قوربانی گەورەشی بۆ بدات بەڵام دەڵێت کوردەکان خەونیان نییە و بۆیە شەڕیشی بۆ ناکەن بەڵکو لێی هەڵدێن.



چۆن چیرۆکی فیلمەکانت هەڵدەبژێریت؟ زۆرینەی فیلمەکانت چیرۆکەکانیان لە دەرەوەی کوردستان ڕوودەدەن و چیرۆکی ئەو کوردانە دەگێڕێتەوە کە لە غەریبیدا دەژین. غەریبی بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟ 

هەڵبژاردنی من نەبوو کە وڵاتەکەی خۆم جێبهێڵم و لە ئەوروپا بژیم. کاتێک لە چیکۆسلۆڤاکیا دەستم بە خوێندن کرد، خەونم ئەوەبوو بگەڕێمەوە وڵاتەکەی خۆم و لەوێ فیلم دروست بکەم. من لەوێ تەنها یەک فیلمم دروستکرد "ئەو جێگایەی خودا تێیدا خەوتووە"، کە ئەویش چیرۆکەکەی باس لە ژیانی خێزانێکی کورد دەکرد کە لەسەر سنووری کوردستانی سوریا و تورکیا دەژیان. ڕژێمی دیکتاتۆری سوریا حەزیان بە کارەکەم نەبوو بۆیە دەبوو سووریا جێبهێڵم. ڕژێمەکەی ئەسەد هیوای ئەوەیان دەخواست کە ئەگەر من بچم بۆ ئەوروپا، هەرگیز فیلم دروست ناکەم چونکە ئەوە کارێکی قورس دەبێت بۆ من. ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە کە ڕەنگە من لەوێ دەست بکەم بە کارێک لە ڕێستۆرانتێکدا یان هەر جێگایەکی تر و چیتر فیلم دروست نەکەم. بەڵام ئەوان هەڵەبوون، من هەموو شتێکم کرد تاوەکو لە ئەوروپا کاری فیلمسازیی بکەم. ئەوە ڕێگایەکی ئاسان نەبوو بۆ من. ئێستا سەیری ڕابردوو دەکەمەوە و دەڵێم، براوەکە خۆمم. من لە فیلمەکانمدا باسی دڵڕەقی ڕژێمی ئەسەد دەکەم، من باسی ڕژێمە نەتەوەپەرستە نا دادوەرەکەی ئەنقەرە دەکەم، من باسی ئەو پیاوکوژانەی ڕژێمی سەدام و مەلاکان دەکەم لە قوم. سەدان و هەزاران لە خەڵکی گوێ لە من دەگرن و سەیری وێنەکانم دەکەن هەر لەبەرئەوە من کەسە براوەکەم.

تەنانەت ئەگەر باسی ئەو کوردانەش بکەم لە فیلمەکانمدا کە لە تاراوگە دەژین، من هەر باسی ئازاری نەتەوەی کورد دەکەم، دەربارەی ئەو نادادپەروەرییە دەدوێم کە لە دژی ئەم نەتەوەیە ئەنجامدەدرێت.

ئەو قسەیە هەیە کە دەڵێت: وێنەیەک بەرامبەرە بە هەزار وشە. وێنە، فۆتۆ، بەتایبەتی وێنەی جوڵاو کاریگەری بەهێزی هەیە بەسەر خەڵکەوە. کاتێک خەڵک دەچێت بۆ سینەما و بلیتێک دەکڕێت دەیانەوێت دڵنیابن کە چێژێک لەو نمایشە وەردەگرن بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەیانەوێت هەست بە فیلمەکە بکەن و شتێک لە فیلمەکەوە فێربن، تاوەکو شتێک ببەنەوە لەگەڵ خۆیان لەو فیلمەی کە دەیبینن، تاوەکو ژووری نمایشەکە بە عەقڵێکی فراوانترەوە جێبهێڵن بەراورد بەو کاتەی دەچنە ناو هۆڵەکەوە. کاتێکیش خەڵکی بۆ فیلمی دۆکومێنتاریی بۆ نموونە، دەزانن ئەو شتەی ئەوان بینیوویانە شتێکە لە ڕاستیدا ڕوویداوە، بێ هەبوونی هیچ هەوڵێک بۆ بە درامیی کردنی یاخود جوانکردنی کارەکتەری سەرەکی یاخود چیرۆکی فیلمەکە، پاشان ئازار دەچێژن و دڵخۆش دەبن لەگەڵ کارەکتەرە سەرەکیەکەی فیلمەکەدا. ڕەنگدانەوەی خەڵکی بەو جۆرە دەبێت کە لە فیلمەکەدا پێیان دەدرێت، دەخوازن زانیاری زیاتر بەدەست بهێنن؛ دەخوازن بەشێوەیەکی سیاسیی بیربکەنەوە و بۆ کۆمەڵێک ڕێگا بگەڕێن تا یارمەتی ئەو کەسانە بدەن کە ئازار دەچێژن یاخود شەڕ لە دژی نادادیی کۆمەڵایەتی بکەن. فیلم ناوەندێکی کارکردنی هەرزانە بەڵام کاریگەریی گەورەی هەیە. هەر لەبەرئەوەیە هەموو ڕژێمە دیکتاتۆریەکان دەیانەوێت فیلم و پیشەسازی تەلەفزیۆن بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. من سەدان نامە و ئیمەیڵم بەدەست گەیشتووە کە تیایدا خەڵکی هەستی خۆیان بەرامبەر بە بەڕێز ئیبراهیم لە فیلمی "هەنگەوان"دا دەردەبڕن. زۆرێک بۆیان نووسیووم کە پێش ئەوەی فیلمەکە ببینن شتێکی وایان دەربارەی ئەو بارودۆخە نەزانیووە کە کورد لە تورکیا تیایدا دەژی. ئەم فیلمە هانیان دەدات زیاتر بگەڕێن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی کێشەی کورد هەروەها بۆ ئەوەی حەزێکی زیاتریان لا دروست بکات بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆڤە چەوساوەکان بدەن لە تەواوی جیهاندا. فیلمی باش دەتوانێت هانی خەڵکی بدات کە شەڕ لە دژی نادادیی بکات و پشتگیری کێشەیەکی گرنگ بکات.



هەزاران کورد هەن کە لە دەرەوەی خاکی خۆیاندا دەژین، تۆش یەکێک لەو کەسانە. تۆ خۆت فیلم دەربارەی ئەوان دروست دەکەیت. ئایا هەرگیز هەوڵتداوە خۆت کارەکتەرێک بیت لە فیلمەکانتدا؟ 

ئیبراهیم گەزەر، کارەکتەری سەرەکی من لە فیلمی "هەنگەوان"دا، لە ڕاستیدا من و ئەو زۆر لە یەک دەچین. من هەمیشە کارێک دەکەم بە فیلم کە چیرۆکەکەی بتوانێت لەگەڵ ڕۆح و دڵمدا قسە بکات. کۆمەڵێک کار کە بە دڵنیاییەوە من پێیان ئاشنام.  

بە گشتی گەورەترین کێشەی دروستکردنی فیلم ئەوەیە کە دەبێت بە تەواوی فیلمسازبیت و هەلێک بدۆزیتەوە تا بە گوێرەی ئەو بیرۆکە و کۆنسێپتانە کار بکەیت کە تۆ وەک دەرهێنەر هەتن. لە سوریا من لە زانکۆی دیمەشق دەمخوێند، مێژوو و قانوونم لەوێ دەخوێند. بەڵام هەمیشە دەمویست کارێکی تر بکەم لە ژیانمدا نەک ئەوەی ببم بەو شتەی کە بۆم دەخوێند. لە سوریا زمانی کوردی قەدەغەکرابوو، کلتووری کوردی بە بەردەوامی لەژێر گوشاردابوو. هەمیشە دەمووت من ئەگەر ببمە فیلمساز دەتوانم ئەو دەنگە کپکراوانە بکەمە دەنگی بەهێز. پاش کۆمەڵێک هەوڵی زۆر بوومە فیلمساز و لەو ساتەوە فیلم بووەتە ئەو شتەی بۆی دەژیم. 

خەڵکی باشووری کوردستان هەست دەکەن لە غوربەتدا دەژین هەرچەندە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی کوردیدان. هەستێکی نۆستالژیان هەیە بۆ حکومەتە داگیرگاریەکانی پێشوو. 

شتێکی زۆر گرنگە. هەرکەسێک خەونی گەورەی هەبوو، دەبێت قوربانی گەورەش بدات. دەتەوێت لە ئازادیدا بژیت و ناتەوێت شەڕیشی بۆ بکەیت ئەوە ڕێگا ڕاستەقینەکە نییە. ئەمڕۆ لە کوردستانی ڕۆژئاوادا، هیوایەک هەیە کە ناوچەیەکی کوردیی ئازاد دروست ببێت، تەنانەت هەزاران کوردیش هەن ڕادەکەن و هەڵدێن.  خەونیان بەوەوە بینیووە بچنە ئەوروپا، ئێستاش هەلێکیان کەوتۆتە بەردەم. بۆ ئەوان کوردستان تەنها جەهەندەمێکە، گرنگی بە خەونەکانیان نادەن. لە ڕاستیدا کوردەکان خەونیان نییە.  


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw