پشتیوان کەمال
ستیڤ کۆگان و جۆن ڕێڵی ڕۆڵی ستان لاوڕێڵ و ئۆلیڤەر هاردی دەبینن لە فیلمێکی نوێدا دەربارەی ژیانی ئەم دوو ئەکتەرە کۆمیدییە لە دەرهێنانی جۆن بایردی دەرهێنەری فیلمی "Filth".
بەگوێرەی Deadline فیلمەکە ناوی "Stan & Ollie"دەبێت و فۆکس دەخاتە سەر دواهەمین قۆناغەکانی کارکردنی ئەم دوو ئەکتەرە. سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن "جێف پۆپ"ەوە دەنووسرێت کە پێشتریش لەگەڵ کۆگان لە فیلمی "Philomena" کاریکردووە.
چیرۆکی فیلمەکە لە دەوری گەشتەکەی ئەم دوو ئەکتەرەدا دەخولێتەوە کە لە ساڵی ١٩٥٣ ئەنجامیاندا کاتێک ئەم دوو ئەکتەرە لەو کاتەدا هەموو ناوبانگێکیان لەدەستدابوو. گەشتەکەیان بە ئامادەییەکی کەمی بینەران دەستیپێکرد بەڵام بووە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەم دوو ئەکتەرە، کە توانیان لەگەڵ بینەرەکانیاندا یەکبگرنەوە.
بایرد لە کاتی ئاشکراکردنی پڕۆژەکەدا لە ساڵی ٢٠١٤ وتی: "ئەمە چیرۆکێکی خۆشەویستی نێوان دوو پیاوە کە درک بەوە دەکەن بێ یەک ناتوانن بژین. ئەمە چیرۆکێکی جوانە. هەروەها کارەکتەری پشت کامێرای ئەم دوو ئەکتەرەش ڕووندەکاتەوە، کە بە تەواوی جیاوازە لەوەی خەڵک بیری لێدەکاتەوە، بەوەی بینەر لەسەر ستەیج بینیوونی."
ئەم فیلمە لەلایەن BBC Films برەوی پێدراوە و فەید وارد کاری بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجامدەدات، کە بەم دواییانە کاری لە فیلمی "Suffragette"دا کرد. ئەو دەڵێت کە ئەم فیلمە دەبێتە گەنجینەیەک بۆ هەوادارە کۆن و نوێیەکان.
کۆگان بەم دواییانە لە زنجیرەیەکی کۆمیدیدا کاری کردووە لە ئەمریکا بە ناوی "Happyish"، کە پاشتر کارەکە هەڵوەشێنرایەوە. بڕیارە لە فیلمی درامیی"Shepherds and Butchers" ببینرێت و لە فیلمی کۆمیدیی ئەنیمەیشنی "The Secret Life of Pets" دەنگی هەبێت. ڕێڵی دواهەمین نمایشی بریتیبوو لە کارکردنی لە فیلمی "The Lobster" لە ئێستاشدا کار لە فیلمی "Skull Island"دا دەکات.
سەرچاوە: The Guardian
_01.jpg)