پشتیوان کەمال
بەشی سێیەم
مانۆ خەلیل لە بەشی سێیەمی گفتووگۆکەیدا بە گشتی باس لە کاریگەری کلتوور و بە تایبەتی هونەری سینەمادا دەکات بۆ ئێمەی کورد. ئەو دەڵێت دەبوو لە تەنیشت هەموو مزگەوتێکەوە کە دروستکرا لە باشووری کوردستان سەنتەرێکی کلتووریش هەبووایە. ئەو پێی وایە هێشتا سینەما لە کوردستان هونەرێک نییە کە کاریگەریی لەسەر تاکی کورد دروست کردبێت. مانۆ پێیوایە کە چەکی ئەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران کامێراکەیەتی چونکە پێیوایە ڕژێمە فاشیستەکان لە کامێرا دەترسن. مانۆ هەروەها باسی ئەو دەرهێنەرانە دەکات کە کاریگەریان هەبووە بەسەر فیلمەکانی ئەوەوە.
فیلمی کوردی هەیە، بەڵام بینەر نییە هەر لەبەرئەوەشە کە هیچ کاریگەریەکی نابێت لەسەر بینەران. خەڵکی تەماشای فیلمە کوردیەکان ناکەن. ئایا ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە بازاڕێک نییە بۆ ئەم فیلمە کوردیانە یاخود چی؟ چۆن دەتوانین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین؟
پێویستە بە شێوەیەکی گشتی کار لەسەر بنیاتنانەوەی کلتوور بکەین لە کوردستاندا. پاش ئەوەی کوردستانی باشوور ئازادبوو، هیوای ئەوەمان دەخواست کە کۆمەڵێک مزگەوت و سەنتەری کلتووری هەبێت، بەڵام تەنها مزگەوتەکانمان دروستکرد و سەنتەرەکانی کلتوورمان لەیادکرد. ئەوەی دڵتەنگم دەکات ئەوەیە کە چینە گەنجەکەی ئێمە کەسایەتیە عەرەبەکان و کلتووری عەرەبی دەکەنە پاڵەوانی خۆیان. ئەمە زۆر ترسناکە. من دژی دروستکردنی مزگەوت نیم، بەڵام دەبێت سەنتەری کلتووریی دروست بکەین لە هەموو ئەو جێگایانەی کە مزگەوتی تێدا دروست دەکەین.
لەم ١٠ ساڵەی دواییدا زۆر فیلم لە کوردستانەوە بەرهەمهاتوون، یاخود دەربارەی کورد فیلم دروستکراون. من هەرگیز ئەوە بە سینەمای کوردیی ناو نابەم، لە ڕاستیدا سینەمای کوردیی بوونی نییە، چەند فیلمێکی کوردیی هەیە، کە لە چەند فێستیڤاڵێکدا بۆ جارێک یان بۆ دووجار نمایشیان دەکەین و ئیتر تەواو. ئەمە جێگەی بەزەییە، سینەما بۆ ماوەی ١١٠ ساڵ و زیاتریش بوونی هەیە و لە وڵاتە ئازادەکەی ئێمەشدا کلتووری سینەما بوونی نییە.
پێویستمان بە ئینستیتوشن هەیە تا خەڵک فێربکات سینەمای خۆشبوێت، وایان لێبکات دروستکردنی فیلم جێگەی شەرم نەبێت، بەڵکو شێوازێکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و شەرەف.

هەست دەکەیت فیلمێک هەبێت کاریگەریی هەبووبێت لەسەر ئاگایی تاکی کورد؟
سینەما لە جیهاندا یەکێکە لە توخمە گرنگەکانی ئەم سەدەیە. فیلمەکان بیرکردنەوەی خەڵک دەگۆڕن، جیهان دەگۆڕن. بەڵام هێشتا لە کوردستان نا، بەداخەوە.
چی وای لە تۆ کرد بەشی قانوون جێبهێڵیت و وەک دادوەرێک کار نەکەیت بەڵام هەوڵتدا ببیتە دەرهێنەر ڕێک پاش ئەو کاتەی قانوونت لە سووریا تەواوکرد؟ گرنگی سینەما چییە لای تۆ، سینەما چ گرنگیەکیشی هەیە بۆ کوردەکان؟
کاتێک قانوونم لە سووریا دەخوێند، بیرم دەکردەوە کە پاش تەواوکردنی زانکۆ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبمە دادوەر لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا. بۆ من لەو کاتەدا ئەوە گرنگ بوو کە شتێک بۆ کورد بکەم. شتێک بۆ ئازادیی ئەوان. زۆرێک لە هاوڕێیانم چوونە شاخ و بوونە گەریلا و چەکیان هەڵگرت. من بیرۆکەیەکی ترم هەبوو بۆ بەگژداچوونەوەی نادادیی "بە چەک نا" بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز. لەناکاو بیرم کردەوە کە ئەو شتە دەبێت سینەما بێت، سینەما چەکێکی باشە بۆ ئەوەی شەڕی پێبکەیت. کامێراکەم چەکم بوو وە هێشتا هەر چەکی منە. من دەشزانم کە ڕژێمە فاشیستەکان لە کامێرا دەترسن.
ئەمە منی هێنایە دنیای فیلمەوە. تەنانەت ئەو کاتەشی لە چیکۆسلۆڤاکیا دەمخوێند ئەوە تاکە ئامانجی من بوو. هێشتاش هەروایە. من بۆ مافەکانی کورد و شەرەفی کورد شەڕ دەکەم، تا دوا هەناسەکانیشم شەڕ دەکەم.
دەرهێنەرێکی تایبەت هەیە کە کاری لەسەر فیلمەکانی تۆ دروستکردبێت؟
زۆرێک لە دەرهێنەرانی ڕیالیزمی نوێی ئیتاڵیا، هەتا دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسا. من حەز بە کارەکانی فێلینی، میلۆس فۆڕمان، جیم جارموش و ئاکی کاوریسماکی و گەلێک دەرهێنەری تر دەکەم.

ئایا تۆ فیلمەکانت بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دروست دەکەیت، یان تەنها بۆ کوردەکان؟
ئایا هەردووکیان شتێک نین! ئایا کوردەکان مرۆڤ نین؟ من باسی ئازادیی خۆم دەکەم بە هەمان ئەو ڕێگایەی باسی ئازادی دەکەم بۆ هەموو مرۆڤەکانی ترلەسەر زەوی. من باسی ڕێز دەکەم لە هەر شوێنێک بێت، یان لە هەر کاتێکدا بێت.
هیچکۆک دەڵێت خودا دەرهێنەرە لە فیلمی دۆکومێنتاریدا، کەواتە بەرپرسیاریەتی دەرهێنەر چییە لە دروستکردنی فیلمی دۆکومێنتاریدا؟
پیشاندانی ڕاستیی لەو پەڕی ڕووتیدا، لەو پەڕیی ڕاستگۆییدا، بێ ئەوەی ناشرینیەکەی جوان بکرێت. هەست دەکەم ئەوە جێگەی بەزەییە کە زۆرێک لە دەرهێنەران فیلمی دۆکومێنتاریی دروست ناکەن. پیشاندانی ژیانی ڕاستەقینە زۆر گرانترە لە پیشاندانی بیرۆکەیەکی خەیاڵیی یاخود چیرۆکێک.
چی لای تۆ زیاتر سەرنجڕاکێشە، فیلمی فیچەر یان دۆکومێنتاریی؟
من چیرۆک گێڕەرەوەم، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان هەردوو شێوازی هونەری گێڕانەوەکەدا. هەرچەندە لە فیلمە دۆکومێنتاریەکانم و فیلمە خەیاڵیەکانمدا هیچ سنوورێک نییە لەنێوان خەیاڵ و ژیانی ڕاستەقینەدا. هیچ دیوارێک نییە، حەزدەکەم لە هەردوو ژانرەکەدا کاربکەم، بەڵام لە ڕاستیدا حەز بە دروستکردنی فیلمی دۆکومێنتاریی دەکەم.
بۆ کەیسی ئێمە وەک کورد، پێویستە باس لە تراژیدیای کورد بکەین لە ڕێگەی دۆکومێنتارییەوە. لە ئەوروپا فیلمی دۆکومێنتاریی هەمان قورسایی فیلمی فیچەری هەیە، لە سینەماکاندا نمایشدەکرێن، لە پڕۆگرامی سەرەکیی فێستیڤاڵەکاندا نمایشدەکرێن و خەڵکیش حەز بە بینینی فیلمی دۆکومێنتاریی دەکات.
بە شێوەیەکی گشتی دەمەوێت بزانم تۆ چۆن فیلمەکانت بەرهەم دەهێنیت، ئایا خۆت بەرهەمهێنەری فیلمەکانتی؟
بەڵێ، من بەرهەمهێنەریی هەموو فیلمەکانی خۆمم. من لەگەڵ زۆر کەناڵی ئەوروپیی لە ئەوروپا کاردەکەم لەوانە ARTE، SRF، 3Sat، TSR و زۆرێکی تر. من خۆم فیلمەکانم بەرهەم دەهێنم و خۆشم دەیان نووسم. من کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تایبەتی خۆمم هەیە بە ناوی Frame Film.
بەداخەوە من هەرگیز لە حکومەتی کوردییەوە پشتگیری و یارمەتی نەدراوم. هەست دەکەم من تاکە دەرهێنەرم کە لە حکومەتی کوردییەوە یارمەتی نەدراوم، تەنانەت لەگەڵ ئەوەی دوو جاریش داوای یارمەتیم لێیان کردووە، بەڵام هیچ یارمەتییەک نەدراوم. ئەمە زۆر جێگەی دڵتەنگییە. من نازانم بۆچی یارمەتی نەدراوم، هیچ وەڵامێکم بۆ ئەوە پێ نییە.
ئایا هەرگیز بڕیارت داوە بگەڕێیتەوە بۆ خاکەکەی خۆت، یان بۆ کوردستانی باشوور؟ هەرگیز بیرت لەوە کردۆتەوە فیلمێک لەناو کوردستان دروست بکەیت؟
بەڵێ من حەوت ساڵ لەمەوبەر فیلمێکم دەربارەی ئەنفال دروستکرد. فیلمەکە بە تەواوی لە کوردستان وێنەگیرا، لە زیاتر لە ٥٠ فێستیڤاڵ نمایشکرا و لە دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنیش، هەر لە دەوڵەتانی ئەسکەندەنافیاوە تاوەکو وڵاتانی تری ئەوروپا.
ئێستا من خۆم ئامادە دەکەم بۆ دروستکردنی فیلمە نوێیەکەم. فیلمە نوێیەکەم لە کوردستان وێنەدەگرم.
بۆ من تەنها یەک کوردستان بوونی هەیە، تەنانەت ئەگەر کوردەکان لەنێو خۆشیاندا سنوور دابنێن. قامیشلۆ، دهۆک، هەولێر، سلێمانی، ئامەد، باتمان، وان، ئامودە، کرمانشان و مەهاباد هەموویان شاری منن.