پشتیوان کەمال
زمانناس و فەیلەسووفی بەناوبانگی جیهان "نوام چۆمسکی" لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلجەزیرە"بە "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"ی سەرۆکی تورکیا دەڵێت "پیاوکوژ".
لەو چاوپێکەوتنەدا پرسیار لە چۆمسکی دەکرێت و قسەکەی ئەردۆغانی بە نموونە بۆ دەهێنێتەوە کاتێک وتوویەتی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیەکان دەبێت بەرەیەک هەڵبژێرن: "یان ئەوەتا لە بەرەی حکومەتی تورکیادابن، یان ئەوەتا لە بەرەی تیرۆریستاندابن."
لەبارەی ئەمەوە چۆمسکی وەڵامدەداتەوە و دەڵێت: "ئەو 'ئەردۆغان' بێ هیچ دودڵییەک کاری دزێو و زۆردارانە ئەنجامدەدات بە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیە کوردەکان. دەتوانیت چۆن حەزدەکەیت وای ناوبنێیت."
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێدەکات ئەو ئەو ڕەفتارانە بە چی ناودەبات، چۆمسکی وەڵامدەداتەوە و دەڵێت، "من ئەو بە پیاوکوژ ناودەبەم."
چاوپێکەوتنەکە لە ڕۆژی هەینی کاتژمێر ١٠:٣٠ دەقیقە پیشاندرا.
چۆمسکی دواتر دەڵێت کە ئەردۆغان بەرەو دروستکردنی "ڕژێمێکی زۆرداریی" هەنگاودەنێت.
چۆمسکی یەکێکە لەو هەزاران ئەکادیمیانەی کە لەم ماوەیەی پێشوودا سکاڵانامەیەکیان ئاڕاستەی ئەو چالاکیە سەربازیانە کرد کە لە دژی کوردەکان لە باشووری تورکیا ئەنجامدەدرێت. لە سکاڵانامەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە نرخی ژیان لە ئەنجامی ئەو چالاکیە سەربازیانەدا تەواو ژێرپێخراوە.
چۆمسکی حکومەتی تورکیا تۆمەتباردەکات بە کۆمەڵکوژی بە ئەنقەست و دیپۆرتکردنی هاوڵاتیانی کورد و هاونیشتیمانیانی ئەو ناوچانەی چالاکیە سەربازیەکانی تێدا ئەنجامدەدەن، باسی ئەوە دەکات کە دەبێت لێکۆڵەرەوانی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی ڕێگەیان پێبدرێت بە چوونیان بۆ ئەو ناوچانە و حکومەت ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی گفتووگۆی ئاشتیانە ئەنجامبدرێت.
ئەردۆغان هێرشی کردە سەر ئەکادیمیان کە ژمارەیان دەگاتە ٤٠٠٠ کەس لەو کاتەوەی ئەم سکاڵانامەیە بڵاوکراوەتەوە، هەروەها تاوانباریان دەکات بەوەی لە ڕێگەی عەقڵەوە داگیرکاری ئەنجامدەدەن.
ئەردۆغان دەڵێت: "ئێوە کە پێتان دەوترێت ڕۆشنبیر کەسانی ڕۆشنبیرنین، لە تاریکیدان. هیچ شتێکتان لە ڕۆشنبیر ناچێت."
سەرچاوە: todaysZaman