سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
"شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە" ناونیشانی کتێبێکی تایبەت بە ژیان و بەرهەمی شاعیر و نووسەری دانیمارکی نیلس هاوە کە ئالان پەری لە زمانی دانیمارکییەوە کردوویەتی بەکوردی و بریارە ئەم کتێبە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە لە فێستیڤاڵی زستانەی ناوەندی ناوبراودا بڵاوبکرێتەوە.
دەربارەین وەرگێڕانی ئەم کتێبە، ئالان پەری وەرگێری کتێبەکە بە سولی ئۆن وێبی راگەیاند: "(شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە) یهكهمین كتێبی وهرگێڕانمە له دانیماركیهوە بۆ كوردی. ئەم کتێبە پێک هاتووە لە کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمی شاعیر و نووسەری دانیمارکی "نیلس هاو" لەگەڵ چاوپێکەتنێکی دوورو درێژ و وەرگێڕانی ٦ وتاری ئەدەبیی نووسەری ناوبراو هەروەها هەڵبژاردەیەک لە باشترین شیعرەکانی شاعیر.ئەم کتێبە بە پلەی یەکەم بۆ شاعیرەکان نووسراوە، وردبوونەوەیەکە لە ئەزمونی شاعیرێکی ئازادیخواز و سەرمەست بە مرۆڤایەتی. هەروەها لە ڕێی وتارە ئەدەبیەکانی چەندین بیر و دیدگەلی نوێ دەخاتە ڕوو کە بۆ ئێمەی کورد تا ئاستێکی زۆر دیدێکی تازە و جیاوازە."
وتیشی: "لەم کتێبەدا نیلس هاو باس لە ڕەوشی شیعر و نووسەر دەکات، باس لە ئەدەبی جیهان دەکات، دەست بۆ چەند نووسەرێک ڕادەکێشێت کە کاریگەریەکی ئێجگار زۆریان لەسەر وشە و هزر و ئازادیی هەیە، ئاشنامان دەکات بە شێوازێکی نوێ بۆ ژیان و ئازادی، ڕێز لە هزری هەموو نەتەوەیک دەگرێت و سەفریشیان بۆ دەکات. شیعر بۆ خانمانی کۆپنهاگن دەنووسێت و باس لە بەسەرهاتێکی خۆی دەکات لە قاوەخانەیەک لە مۆسکۆ. ئەگەر ترسنۆکیت یان بە ناز پەروەردەبوویت ئەوا شیعر کاری تۆ نیە!"
وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هیوادارە ئەم هەوڵەی ئەو بتوانێت کەلێنێک بگرێت لەدنیای وەرگێرانی ئەدەبی گەلانی تر.


نووسەر و شاعیری دانیمارکی نیلس هاو لەگەڵ ئالان پەریی وەرگێڕ