سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
ڕۆمانی "مژاباد" یەکێکی دیکەیە لە ڕۆمانەکانی نووسەری ڕۆژئاوای کوردستان جان دۆست کە لە ئایندەیەکی نزیکدا و بە وەرگێرانی فەرهاد چۆمانی بە زاراوەی سۆرانی بڵاودەکرێتەوە، چۆمانی ئەم ڕۆمانەی نووسەری لە زاراوەی کرمانجییەوە بۆ سۆرانی وەرگێراوە و دەبێتە سێیەمین ڕۆمانی نووسەر کە بە زمانی کوردی و زاراوەی سۆرانی بڵاوبکرێتەوە. فەرهاد چٶمانی دەربارەی ناوەڕۆک و تەکنیکی ڕۆمانەکە بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت.
ناوەڕۆک و تەکنیکی نووسینی ڕۆمانی "مژاباد"
فەرهاد چۆمانی: ڕۆمانی مژاباد، نۆبەرەی ڕۆمانەکانی جان دۆستە، باس لە دروستبوونی کۆماری کوردستان و رۆژانەی کۆمار دەکات، بە تەکنیکێکی جوان و سادە هەوڵی داوە لە رێگەی چەند کاراکتەرێکەوە، کە بەشێکیان لەمێژووی سیاسی و ئەدەبی ئێمەدا هەن، وەک پێشەوا قازی محەممەد، مەلا مستەفا بارزانی، شاعیران مام هێمن و مام هەژار و وەزیرەکانی کۆمار و چەند کەسایەتییەکی دیکە، رووداوەکانی یانزە مانگەی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی نووسینەوەی رۆژانەی ژیان لەلایەن بادینی ئامێدی کە کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە بخاتەڕوو.
بەهۆی ئەو کۆچکردنانەی کە بادینی ئامێدی دەیانکات، ئێمە بەر چەند شارێک دەکەوین وەک خوێنەر، بەشێک لە رووداوەکان باس لە شاری سلێمانی دەکەن، بادین ماوەیەک لە سلێمانی دەمێنێتەوە، لە سلێمانی عاشقی "ژاڵە" دەبێ، دەچێتە نێو حیزبی هیوا، لەوێ کار دەکات، عیشقەکەی شکست دەهێنێ و دەبێتە پێشمەرگە و لەگەڵ بارزانی دەچێتە ڕیزی کۆمارەوە. ئینجا کڕۆکی رووداوەکانی رۆمانەکەن کە لە مەهاباد باس لە مامەڵەی ڕووسەکان بەرامبەر کۆمار، مەترسییە بەردەوامەکانی وڵاتانی زلهێز و ئەو پەرتەوازەیی و جیابوونەوانەش دەکات کە بەشێک لە خێڵەکان پشت دەکەنە کۆماری کوردستان."
گێرانەوەی مێژوو بەشێوازێکی هونەری بەرزی نووسینی ڕۆمان
فەرهاد چۆمانی: دەمەوێ بڵێم ئەم رووداوە مێژووییانە بە شێوازێکی هونەری بەرزی نووسینی رۆمان داڕێژاونەتەوە، وەک چۆن مێژووی سیاسییە، بەهەمان شێوە سۆزداریشە، بەبێ ئەوەی نووسینەوەی مێژوو کار بکاتە سەر ئەوەی جان دۆست ببێتە رۆماننوسی مێژوو، بە گشتی سروشتی رۆمانەکانی ئەو وان پشتبەستن بە رووداو و کەسایەتیی مێژوویی، بەڵام لەنێو هونەرکارییەکی جوانی حیکایەتخوانی و گێڕانەوەدا شێوەی پێ دەداتەوە.
شکستی ئەڤین پەیوەست بە شکستی کۆماری کوردستانەوە لەم ڕۆمانەدا
فەرهاد چۆمانی: لەم رۆمانەدا شکستی ئەڤینەکانی بادین پەیوەست کراون بە شکستی کۆمارەوە، یان هاوتا کراونەتەوە، چەندە رووخان و هەرەسهێنانی کۆمارێک کارەساتبار و جەرگبڕە، وێرانبوونی ئەڤینێکیش لەم رۆمانەدا هێندە کارەساتبار و ژینشێوێنە. بۆ داهاتووش دوای ئەوەی رۆمانێکی خۆمم تەواو کرد چەند نووسەرێکی دیکەی باکووری کوردستان هەن رەنگە دەست بکەم بە وەرگێڕانی رۆمان و چیرۆکەکانیان. تەنێ بە ئامانجی ئەوەی ئاشنای ئەدەبی گێڕانەوەی پارچەکانی تری کوردستان ببین.
بۆچی دەبێت ئەکم ڕۆمانە بخوێندرێتەوە؟
فەرهاد چۆمانی: ئەمڕۆمانە دەبێ بخوێندرێتەوە، و ئەو جۆرە ئەزموونەی جان دۆست رەنگدانەوەی بەسەر نووسینی رۆمانیشەوە هەبێت لە باشووری کوردستان، رووداوگەلێکی مێژوویی کارەساتبارمان هەن کە دەبێ بکرێن ڕۆمان، ئەم رۆمانە بۆ من بەهادار بوو، چونکە کۆماری کوردستان و پێشەوا لای من بەهادارن. ئەوە جگە لەوەی چێژێکی زۆرم لەوە بینی کە خوێنەری زاراوەی سۆرانی بێبەش نابێ لە خوێندنەوەی رۆمانێکی وا ناوازە.
من بەو رۆمانەوە ماندوو بووم، چونکە زمانی جان دۆست زمانی هاسان و سانا نییە، کورمانجییەکەی ئەو مەودایەکی فراوانی وشەکاری و فەرهەنگیی هەیە، لەگەڵ ئەوەش دەڵێم بریا پێویست بەوە نەبوایە من رۆمانێک لە کورمانجییەوە بکەمە سۆرانی، بریا هەموومان بە ئاسانی بمانتوابیبا لە زاراوەی یەکدی تێبگەین و یەکدی بخوێنینەوە. من بەر لە دەستپێکردنی ئەو رۆمانەی جان دۆست، سەرقاڵی وەرگێڕانی یەکێک لە رۆمانەکانی ئۆرهان پامووک بووم لە تورکیەوە، بەڵام کە ئەو رۆمانەی جان دۆستم بۆ هات وتم دروستکردنی ئەو پردە گرنگترە لە وەرگێڕانی ئەدەبی گەلانی دیکە.


فەرهاد چۆمانی وەرگێڕی ڕۆمانی "مژاباد"