سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ژیوار جەوهەر بڕیارە سبەی ٢٧ی ١ی ٢٠١٦ لەدرێژەی چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکانی گەلەری ئارام لە شاری سلێمانی ڕانانێک بۆ ڕۆمانی "کەلیدەر"ی مەحمود دەوڵەت ئابادی لەلایەن هێمن قەرەداغی و یاسین عومەرەوە ئەنجام بدرێت لەناو گەلەری ناوبراو کاتژمێر ٧:٠٠ی شەو. جێی ئاماژە بۆکردنە وەرزی ساڵی نوێی گەلەری ئارام بە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە بۆ شاعیر دلاوەر قەرەداغی دەستی پێکرد کە لە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، بڕیاریشە ٢٧ی هەموو مانگێک کۆڕی و چالاکیی تایبەت لەناو گەلەرییەکە بەڕێوەبچێت. دەربارەی کۆڕەکەی سبەینێیان، یاسین عومەر بە سولی ئۆن وێبی راگەیاند: "من و کاک ھێمن قەرەداغی بە دوو قۆڵیی لەبارەی رۆمانەکەوە دەدوێین، پێشتر چەند خاڵێکمان دیاریکردووە بۆ گفتوگۆکە، لەوانەش بۆچی دەبێت ڕۆمانێکی ۳٤۲۳ لاپەڕەیی بخوێنینەوە؟ چی وا دەکات ئەم ڕۆمانە ھێندە گرنگ بێت. ئەمە خاڵی جەوھەریی کۆڕەکەمانە." وتیشی: "لە دیدی من و ھێمن قەرەداغییشدا ئەو ڕۆمانە ڕۆمانێکی پێرفێکت و پڕە، تەرزێکە لە ڕۆمان کە پلەی کەماڵی ئەدەبییانە تێیدا لە دوا سنوورەکانی خۆیدایە. ھەروەھا بە دیدی من (یاسین) ئەو ڕۆمانە نموونەیەکی بەرزی ڕۆمانی ڕۆژھەڵاتییە، ئەو تەرزە ڕۆمانەی کە جەفەنگیی و ڕیسک و شاعیرییەت و عیرفان و سۆزدارە تا دوا ئاست، بە پێچەوانەی ڕۆمانێکی وشک و پڕ تەکنیک و درێژی وەک (گەڕان بۆ زەمەنی لەدەستچووی)ـی پرۆست، ئەم ڕۆمانە ھەم وەکو ئەو درێژە، ھەم وەکو ئەو پڕ بابەتە، بەڵام ھەرگیز لە گرنگیی و چێژبەخشیی و ڕەھەندە سۆسیۆسایکۆلۆژییەکەی لەو کەمتر نییە ئەگەر لەویش بەرزتر نەبێت." ڕوونیشیکردەوە: "ئێمە دەمانەوێت بەرھەمێکی بەرز کە بە فەرامۆشیی سپێردراوە بھێنینە دەنگ و ڕۆشنایی بخەینە سەر، بەرھەمی ئەدیبێک کە ئەزموونی ژیان کردوویەتی بە رۆماننووس، ھەروەھا لەبەرئەوەی پڕە لە قەشەنگیی، لەبەرئەوەی زۆر ئاشنایە بە کۆمەڵگەی ئێمە، کارەکتەرەکانی ناوی، جەفەنگیی و لاساریی و نوشوست و ناشرینییەکانیان زۆر نزیکە لە ژیانی سۆسیۆسیاسیی ئێمەوە، دەوڵەتئابادیی ڕۆمانێکی نووسیوە بۆ ئێمە، کۆمەڵگەی ئێمە پڕە لە گوڵمحەمەد و بابقولی بوندار و نادعەلیی و شێرۆ و بەلقیس و گودەرزیی و ماراڵ، بەداخیشەوە سیخناخە لە عەباسجان و قەدیر و ئالاجاغی، بەکورتیی و پوختی کەلیدەر ڕۆمانی ئەم چرکەساتەی کۆمەڵگەی کوردییە لە کوردستانی عێراق، چونکە ڕۆمانەکە ئەتمۆسفیرێکی ھیگڵییانەی ھەیە: سەروەر/کۆیلە، ململانێی ئەم دووانە ململانێی دوو دژە، کە لە ڕۆمانەکەدا بە شکستی کۆیلە تەواو دەبیت، وەڵێ ھێشتا لە کوردستان ڕوون نییە بە شکستی کامیان کۆتایی دێت." ڕۆمانی کەلیدەر لە ۱٠ بەرگ و فەرھەنگۆکێکی تایبەت بە وشە بەکارھاتووەکانی ناو ڕۆمانەکە پێکھاتووە، لە دوای تەواوبوونی کۆڕەکە، بە داشکاندنی ٤٠% ھەر لە گەلەرییەکە دەفرۆشرێت کە نزیکەی ۲۵ ھەزار دینار دەکات. شوانی ٢٧ی هەموو مانگێک شەوی یاسین عومەرە و ھەر جارە و بابەتێک پێشکەشی ئامادەبووان دەکات، ئەمە یەکەم شەوی ساڵی نوێیە و بڕیاروایە بەدرێژایی ساڵەکە ۱۲ شەوکۆڕ پێشکەش بکات، شەوی ۲۷ی مانگی ۲ تایبەت دەبێت بە خویندنەوەی چەندین تێکستی ئەدەبیی گرنگ، شیعر و چیرۆک و پەخشان. چەند دیمەنێک لە کۆڕەکەی هەفتەی ڕابردووی دلاوەر قەرەداغی لە گەلەری ئارام فۆتۆ: ناسیح عەلی خەیات