جان دۆست بەشی دووەمی (عەشیقی وەرگێڕ)ی بەهاندانی کێ نووسیوە؟

26/01/2016    21:35

جان دۆست بەشی دووەمی (عەشیقی وەرگێڕ)ی بەهاندانی کێ نووسیوە؟ 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



دوای ئەوەی بەشی یەکەمی ڕۆمانی "عەشیقی وەرگێڕ"ی جان دۆستی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا، لە ئێستادا وەرگێڕی ناسراوی کورد سەباح ئیسماعیل بەشی دووەمی هەمان ڕۆمان کە بە ناونیشانی "زەنگەکانی ڕۆما"ـیە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە و بڕیارە ٢٨ی ١ی ٢٠١٦ لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە بڵاوبکرێتەوە.   جێی ئاماژەبۆکردنە بەشی دووەمی ڕۆمانەکە بە هاندانی سەباح ئیسماعیل لەلایەن جاندۆستەوە نووسراوە.


 
دەربارەی ڕۆمانی  "زەنگەكانی ڕۆما"  سەباح ئیسماعیل وەرگێڕی ڕۆمانەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم ڕۆمانە كتێبی دووەم و تەواوكەری ڕۆمانی "عەشیقی وەرگێڕ"ـە. لە بەشی یەكەمدا ڕووداوەكان لەناو نیشتماندا ڕوودەدەن. لەم بەشەدا باس لە دەرچوونی عەشیق لە نیشتمان و ژیانی لە ڕۆما دەكات. ئیدی لێرەوە عەشیق لە بەراییی ڕۆمانەكەوە تا دوایییەكەی بەدەست كۆچی زۆرەملێ و دووریی لە نیشتمانەوە دەناڵێنێت. درەختێكی لەبێخەوە هەڵكێشراو بوو و لەوێ شین نەبووەوە. لای ئەو نیشتمان زام و كۆچیش خوێ بوو. ئەو لە غوربەت هێندەی بیری نیشتمان دەكات، بیر لە نیشتمان ناكاتەوە. بۆ ئەو نیشتمان بریتی نییە لە خاكێكی بێ هەست و ڕۆح، ئەوە كەسەكان، یادەوەرییەكانن نیشتمانی ئەون. بۆیە شتێك نییە ناوی تاسە بێت بۆ نیشتمان، بەڵكو ئەوە تاسەیە بۆ یادەوەرییەكان. "

وتیشی: "ئەو دوور لە ئیرادەی خۆی بۆ چوار ساڵ خوێندن دەڕوات، كەچی بەویستی خۆی پاش پەنجا و چوار ساڵ دەگەڕێتەوە، هەموو شتەكانی لەدەستداوە، هەمووان نامۆن بەو، تەمەنی لاویی بەوێ بەخشی و پیرییەكەشی بۆ وڵات هێنایەوە. ئەو بەمەبەستی خوێندن بۆ فێربوونی زمانی لاتینی و ئیتاڵی دەڕوات، كەچی لەوێ كێشەی ئاینی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەو دوای ئەوەی لە ژیانیدا هەست بەبۆشایییەكی گەورە دەكات و ئاینەكەی دەگۆڕێت، شتێك نابینێتەوە ناوی لێبوردەییی ئاینی بێت، هەستدەكات ئاینەكان وەڵام بەپرسیارەكانی ئەو نادەنەوە و پرسیارەكانی بێ وەڵام دەنێژرێن. كاتێكیش تووشی قەیرانی هزری دەبێت و خۆی ون دەكات، تاقە پەناگەیەك دەدۆزێتەوە، ئەویش پەناگەی وەرگێڕانە."


دەربارەی چۆنییەتی نووسینی ئەم بەشەی ڕۆمانەکە لەلایەن جان دۆستەوە، سەباح ئیسماعیل بۆ سولی ئۆن وێب وتی: "دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەگەڵ جان دۆستدا لەسەر كتێبی یەكەم "عەشیقی وەرگێڕ" و دان نەنانی بەوەی بەشی تری ماوە و بەو پاساوەی ئەوە هونەری تازەی ڕۆمانە ڕووداوەكان بەناتەواوی بۆ خوێنەر جێدەهێڵێت، لەسەر پێداگریی من جان دۆست كتێبی دووەمی نووسی. ئەوەبوو بەدەستنووسی ئەم بەشەی بۆ ناردم، دوای ئەوەی خوێندمەوە هەندێ تێبینیم لەسەر هەبوو، جان بەدڵێكی فرەوانەوە قبووڵی كردن، چاكی كردن و شتی تری خستە سەر، كە بەوە ڕۆمانەكەی دەوڵەمەندتر كرد. ئیدی منیش دەمودەست بەر لەوەی كتێبەكە بەعەرەبی چاپ بكرێت، وەرمگێڕا."

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw