پشتیوان کەمال
وا دەردەکەوێت کە شتێکی وا نەمابێتەوە بۆ سینەماتۆگرافەر "ئیمانوێل لوبێزکی" کە داگیری بکات. ئەو لە ساڵی ٢٠١٤دا یەکەمین ئۆسکاری خۆی بۆ فیلمەکەی "ئەڵفۆنسۆ کوارۆن" "Gravity" بەدەستهێنا کە تیایدا هۆکاری سەرەکی بوو تاوەکو یارمەتی ساندرا بولۆک بدات لە گەشتەکەیدا سەرکەوتووبێت و فیلمێکی ناوازە بەرهەم بهێنن. پاشان لە ساڵی دواتردا لە فیلمەکەی "ئەلیخاندرۆ ئیناریتۆ" "Birdman" دەرکەوتەوە و دیسانەوە خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافەری لە ئۆسکاردا بەدەستهێنا کە وا دەردەکەوێت لە تەنها دیمەنێکدا ئەو فیلمە دروستکرابێت.

بەڵام وا دەبینرێت کە ئەم سینەماتۆگرافەرە مەکسیکییە هێشتا داوای زیاتر بکات و لەمساڵدا بۆ جارێکی تر لە فیلمەکەی "ئیناریتۆ" "The Revenant" بەشدارە و لە کەشوهەوایەکی سارددا دیمەنەکانی دروستکردووە و بەبێ ئەوەی ڕووناکی دەستکرد بەکاربهێنێت.
فیلمەکە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە کە لە ساڵانی ١٨٠٠کاندا ڕوویانداوە تیایدا "هەگ گڵاس" کە "لیۆناردۆ دیکاپریۆ" ڕۆڵی دەگێڕێت لە کەشوهەوایەکی زستانیی سارددا لە دارستانەکاندا بەجێ دەهێڵرێت بۆ مردن، فیلمەکە دیمەنی درێژی گرانی تێدایە کە لە ناوچە بەفراویەکانی ئەرجەنتین و کەنەدادا وێنەگیراوە. لوبێزکی دەڵێت ئەوەی کە ئێمە ئەو شوێنانەمان بەکارهێناوە پێویست بووە. ئەو دەڵێت: "بیرۆکەی بەکارهێنانی ڕووناکی سروشتی لەوەوە هات تا وا بکەین بینەران هەست بکەن بە ڕووداوەکان، هیوادەخوازین ئەم شتە بەڕاستی ڕووبدات."
لوبێزکی پێشتریش لەژێر هەمان ڕووناکیدا وێنەی گرتووە، دەڵێت کە فیلمی "Y tu mama tambien" لە %٩٠ی لە ڕووناکی سروشتیدا وێنەگیراوە. هەروەها زۆرینەی کارەکانی لەگەڵ "تێرینس مەلیک" هەمان ستراتیژی بەکارهێناوە، بەڵام ئەمە یەکەمینجارە کە هیچ دیمەنێک نەبێت کە ڕووناکی دەستکردی تیادا بەکارهێنابێت. دەڵێت کە تەنها دیمەنێک لەو فیلمەدا هەیە کە ڕووناکیمان بۆ دروستکرد و ڕووناکی سروشتیمان بەکارنەهێنا، ئەویش بەهۆی هەبوونی باوە کە ڕێگەی نەدەدا سوود لە ڕووناکی ئاگرەکە وەربگرین ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک ڕووناکی دەستکرد لە دەوری ئاگرەکە بەکاربهێنن تا ڕووناکییەکی ئاسایی بۆ دیمەنەکە دروست بکەن. ئەو دەڵێت: "ئەوە تەنها ڕووناکییە کە بەکارمان هێناوە. "

لوبێزکی دەڵێت: "لە کۆتاییدا هەموو ئەو شتەی کردمان شایەنی بوو چونکە پاش بینینەوەی فیلمە هەست بە ئەو هەستە ڕاستەقینەیە دەکەیت کە لە فیلمەکەدا هەیە." ئەو باسی ئەو دیمەنە دەکات کە دیکاپریۆ لە ڕووبارە بەستووەکە دێتە دەرەوە و ڕەنگی لێوەکانی گۆڕاون و هەناسەکانی دیارن. ئەو دەڵێت ئەگەر دیمەنەکان و ڕووناکی سروشتی نەبوونایە هەرگیز ئەوانەمان دەست نەدەکەوت. ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "ڕووناکی سروشتی زۆر گرانە چونکە بە بەردەوامی دەگۆڕدرێت کە ئەمەش کێشەیە بۆ بەردەوامی لە دروستکردنی دیمەنەکاندا، شتێکی جوانە."
سەرچاوە: The Variety