پشتیوان کەمال
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باراک ئۆباما، بۆ یەکەمینجار دەربارەی جیاوازی چینایەتی پاڵێوراوانی خەڵاتەکانی ئۆسکار قسەیکرد، ئەو دەڵێت کە هۆڵیوود دەبێت بپرسێت لەوەی کە ئایا هەموو تاکێک لە هەموو چین و توێژەکاندا مافی ڕەوای خۆیان وەردەگرن؟
دەربارەی لیستی پاڵێوراوانی ئۆسکار کە لەمساڵدا هیچ ڕەشپێستێک نەپاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەر و خانمە ئەکتەر، ئۆباما دەڵێت کە پیشەسازیی سینەمایی ئەمریکا دەتوانێت سوود لە توانا و لێهاتوویی ڕەشپێست و کەمە نەتەوەکانیش وەربگرێت.
ئۆباما بە ڕیپۆرتەرەکانی کۆشکی سپی ڕاگەیاند "پێموایە کالیفۆرنیا نموونەیەکە لە جیاوازی چینایەتی ئەم وڵاتە. پێموایە کە ئەگەر چیرۆکی هەر تاکێک بگێڕدرێتەوە .. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی هونەرێکی باشتر."
هەروەها ئۆباما وتی: "ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاسوودەیی زیاتر؛ وا دەکات کە هەمووان هەست بەوە بکەن کە لە یەک خێزانی ئەمریکیدا ژیان بەسەردەبەن، بۆیە پێموایە کە پیشەسازی فیلمیش وەک هەموو پیشەسازیەکانی تری ئەم وڵاتە بە دوای لێهاتوویدا بگەڕێت، کە هەل بۆ هەمووان فەراهەم بکات. وە پێموایە ئەو گفتووگۆیەی دەربارەی ئۆسکار دروستبووە دەربڕی کێشەیەکی گەورەترە ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئێمە دڵنیاین لەوەی هەمووان هەلومەرجێکی یەکسانیان بۆ ڕەخساوە بۆ کارکردن؟"
سەرچاوە: TheGuardian