شانۆیی (کۆچبەران) بە دەرهێنانی  فازیل جاف نماییش دەکرێت

30/01/2016    15:45

شانۆیی (کۆچبەران) بە دەرهێنانی فازیل جاف نماییش دەکرێت 


Şano

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



ئێوارەی دوێنێ ٢٩ی ١ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە تیپی شانۆی ئارارات لە هۆڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی شاری سلێمانی، شانۆیی "کۆچبەران" کە لە نووسینی سلاڤۆمیر مرۆژیکە و دەرهێنانی شانۆکار فازیل جاف و نواندنی هەریەک لە ڕێباز محەمەد و گۆران نامیقە، نماییش کرا. جێی ئاماژ بۆکردنە کاری سینۆگرافیای ئەم نماییشە لەلایەن سینۆگرافەر شیراز عەزیزەوە ئەنجامدراوە و بڕیارە ئەم نماییشە تا ١ی ٢ی ٢٠١٥ لە نماییشکردن بەردەوام بێت.


دەربارەی هەڵبژاردنی ئەم دەقە بۆ نماییش، دەرهێنەری شانۆییەکە فازیل جاف ڕایگەیاند: "بیست و پێنج ساڵی تەمەنم وەک کۆچبەرێک لە سوید بردووەتە سەر، سلاڤۆمیر مرۆژیکیش سی ساڵی تەمەنی وەکو کۆچبەرێک لەپاریس بردووەتە سەر، پاشان گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی لە پۆڵۆنیا، هەر لە وڵاتەکەی خۆی بەیەکجاری سەری نایەوە. ساڵی ١٩٩٥ بۆیەکەم جار شانۆنامەی "کۆچبەران"م خوێندەوە، دەستبەجێ خولیای دەرهێنانیم وەک کۆچبەرێک لە ستۆکهۆڵم لەلا دروست بوو. خەم و ئەندێشە و پرسیارەکانی هەردوو کەسایەتییەکەی "کۆچبەران" بە ئەندازەیەکی زۆر گوزارەی لە جیهانی ئێمەی کۆچبەران دەکرد."

ڕاشیگەیاند: "پاشان کە بە یەکجاری گەڕامەوە بۆ کوردستان، لەوە گەیشتم کە زۆرینەی گەنجان. لەبەر هەر هۆکارێک بێت، ئابوری، سیاسی یان ئینسانی؛ دەخوازن ڕێگەی کۆچ بگرنە بەر، بۆیە دیسانەوە گەڕامەوە سەر شانۆنامەکە بەنیازی دەرهێنانی لە کوردستاندا، بەڵام ئەمجارەیان بە دیدێکی دیکەوە، بە خوێندنەوەیەکی جیاوازەوە، شانۆنامەکە تەنیا خەمەکانی پەناهەندەکان ناخاتە ڕوو، بگرە خەمی هەموو کەسێک دەخاتە ڕوو کە بەناچاری وڵاتەکەی بەجێ بهێڵێت."


دەرهێنەری شانۆییەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هیوادارە توانیبێتی لەم نماییشەیدا ئەو خوێندنەوە جیاوازەی بەرجەستە کردبێت.







دەرهێنەری شانۆییەکە فازیل جاف لەگەڵ هەردوو ئەکتەری کارەکە گۆران نامیق و ڕێباز محەمەد






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw