سولی ئۆن وێب
وێنەکەی خنکانی ئایلان کوردی چاوی میدیاکانی جیهانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەلای خۆیدا راکێشا و چەندین کەسی هێنایە قسە. زۆرێک لە هونەرمەندەکان بە کاری جیاواز هاوخەمی خۆیان خستەڕوو.
هەفتەی رابردوو هونەرمەندی چینی ئەی وی وی Ai Weiwei چاوەکانی داخست و روخساری لەسەر بەردی سارد دانا تا هاوشێوەی ئایلان کوردی دەربکەوێت. ئەی وی وی ئەم کارەی لە دورگەی لێسبۆس لە یۆنان ئەنجامداوە و گۆڤارێکی هیندی روماڵی کارەکەی دەکات. گرنگی فۆتۆکەی ئایلان لەوەدایە کە نوێنەرایەتی هەموو ئەو قەیرانە دەکات کە توشی جیهان بووە و بەهۆی ژمارەیەکی زۆر پەنابەر. جگە لە پیشاندانی بێ هیوایی خەڵک و هەوڵدانیان بەرەو ژیانێکی باشتر.
فۆتۆگرافەری گۆڤارەکە بە ئەی وی وی دەڵێت "لە ستۆدیۆکەتدا دەتبینمەوە." ئەو لە وەڵامدا دەڵێت، "کەناردەریاکە ستۆدیۆی منە."
جەیارامان کە سەرنوسەری گۆڤارەکەیە دەڵێت، ئەی وی وی لە کەنار دەریاکە وەستاو چاوەڕێی بەلەمەکانی دەکرد کە پڕکرابوون لە پەنابەر، پاشان یارمەتی دەدان کاتێک لە بەلەمەکە دادەبەزین. لەو کاتەشدا پارچەی بەلەمەکانی کۆدەکردەوە بۆ پرۆژەیەکی تری ئینستەڵەیشن.
جەیارامان دەڵێت، " ئەو هونەرمەندێکی زۆە مەزنە، بەڵام لای من وەک غاندی دەردەکەوێت، ئەو کەسێکی زۆر دڵسۆز و خاکییە لە هەمان کاتدا کەسێکی زۆر سیاسیشە."
دوابەدوای گۆڕانی بارودۆخە سیاسی و ئابورییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە سوریا و عێراق، ژمارەیەکی زۆر خەڵک روودەکەنە ووڵاتانی رۆژئاوا بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر. ئایلان کوردی ئەو منداڵە ٣ ساڵانە بوو کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بەهەمان شێوە لە رێگەی تورکیاو یۆنان هەوڵیاندا بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا، بەڵام تەرمەکەی ئایلان لە کەناردەریاکاندا دۆزرایەوە و ئەمەش جیهانی هەژاند.
سەرچاوە: washingtonpost
