سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
"ماڵە ئەندەلوسییەکە" ناونیشانی ڕۆمانێکی نووسەر و ڕۆمانووسی ناسراوی عەرەب واسینی ئەلئەعرەجە کە وەرگێر سەباح ئیسماعیل لە زمانی عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی و لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی بۆ ئەنجام دراوە.
لە پێشەکیی نووسەردا بۆ چاپی کوردیی ڕۆمانەکە کە کۆپییەکی بۆ سولی ئۆن وێب نێردراوە، واسینی ئەلئەعرەج سڵاو بۆ زمانی کوردی دەنێرێت و بەبۆنەی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانەی بۆ زمانی کوردی نووسیویەتی: " ڕۆمانێكت بكرێتە كوردی، مانای وایە كلیلی چوونەژوورەوەی ماڵێكی ترت لەدەستدایە و لەگەڵ میللەتێكدا دەژیت بەرەنگاری ماشێنی قڕكردنی ڕەگەزی و ڕۆشنبیری و ئیتنیی بووەتەوە، كە بۆ بەرژەوەندیی پرۆژەیلی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی كورتهێن بەگەڕخراوە، گرەوە بناغەیییەكانی نەبینیون و بەچاكی ئەو مەترسییانەی هەڕەشەی لێدەكەن، نەخوێندووەتەوە. هەڵبەت بەدرێژاییی مێژوو شكستی خواردووە، چونكە تایبەتمەندییەكانی میللەتێك و مافەكانی لەبەرچاو نەگرتووە لەوەی ببێتە ئەوەی خۆی دەیخوازێت، نەك وەك ئەوەی ئەوان بۆی دەخوازن. بەسادە و ساكاری دەیەوێت ببێتە بەرپرس لە چارەنووس و مێژووی ئەو میللەتەدا. لەبەر هەندێ دەبێت ئەو ڕۆمانەی وەردەگێڕدرێتە سەر ئەم زمانە، هەڵگری ئەو بەها خەباتگێڕییە زیندووانەی میللەتان بێت، واتە مافی لە شوناسی كراوە و ناداخراودا، هەروەها مافی لە بەردەوامبوون لە بوونی مرۆییدا وەكو ڕەنگێك مافی لە بوون و ژیاندا هەبێت."
لە درێژەی پێشەکییەکەیدا ئەلئەعرەج نووسویەتی: "ئا لێرەوە بڕوام وایە ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە"، كە ئەمڕۆ بەزمانی كوردی پێشكەشی خوێنەر دەكرێت، دوای ئەوەی بۆ چەند زمانێكی تری جیهانی وەرگێڕدرا، هەندێك لەم مافی بوونەی هەیە، ئەمەش لە میانەی ئەو پرسیارە گەوهەرییانەی دەیانخاتە ڕوو، وای لێ دەكەن لە دەرگەیەكی فرەوانەوە خۆی بەماڵی كورداندا بكات. چونكە لە ئەنجامدا تەنیا باسی ئەو سەرقاڵییە زیندووەی هەر میللەتێك دەكات، كە ناهێڵێت ڕۆشنبیری و تایبەتمەندییەكەی تێرۆر بكرێت."
تەواوی پێشەکییەکەی نووسەر بۆ چاپی کوردیی ڕۆمانەکە
سڵاو لە زمانی كوردی لە "ماڵە ئەندەلوسییەكە"دا
ڕۆمانێكت بكرێتە كوردی، مانای وایە كلیلی چوونەژوورەوەی ماڵێكی ترت لەدەستدایە و لەگەڵ میللەتێكدا دەژیت بەرەنگاری ماشێنی قڕكردنی ڕەگەزی و ڕۆشنبیری و ئیتنیی بووەتەوە، كە بۆ بەرژەوەندیی پرۆژەیلی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی كورتهێن بەگەڕخراوە، گرەوە بناغەیییەكانی نەبینیون و بەچاكی ئەو مەترسییانەی هەڕەشەی لێدەكەن، نەخوێندووەتەوە. هەڵبەت بەدرێژاییی مێژوو شكستی خواردووە، چونكە تایبەتمەندییەكانی میللەتێك و مافەكانی لەبەرچاو نەگرتووە لەوەی ببێتە ئەوەی خۆی دەیخوازێت، نەك وەك ئەوەی ئەوان بۆی دەخوازن. بەسادە و ساكاری دەیەوێت ببێتە بەرپرس لە چارەنووس و مێژووی ئەو میللەتەدا. لەبەر هەندێ دەبێت ئەو ڕۆمانەی وەردەگێڕدرێتە سەر ئەم زمانە، هەڵگری ئەو بەها خەباتگێڕییە زیندووانەی میللەتان بێت، واتە مافی لە شوناسی كراوە و ناداخراودا، هەروەها مافی لە بەردەوامبوون لە بوونی مرۆییدا وەكو ڕەنگێك مافی لە بوون و ژیاندا هەبێت.
ئا لێرەوە بڕوام وایە ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە"، كە ئەمڕۆ بەزمانی كوردی پێشكەشی خوێنەر دەكرێت، دوای ئەوەی بۆ چەند زمانێكی تری جیهانی وەرگێڕدرا، هەندێك لەم مافی بوونەی هەیە، ئەمەش لە میانەی ئەو پرسیارە گەوهەرییانەی دەیانخاتە ڕوو، وای لێ دەكەن لە دەرگەیەكی فرەوانەوە خۆی بەماڵی كورداندا بكات. چونكە لە ئەنجامدا تەنیا باسی ئەو سەرقاڵییە زیندووەی هەر میللەتێك دەكات، كە ناهێڵێت ڕۆشنبیری و تایبەتمەندییەكەی تێرۆر بكرێت.
گرفتی شوناس بووەتە كێشەی سەردەم، كە بەرەو خۆلەناودان ملدەنێت، چونكە شوناسەكانی بەپێوەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی چێكردوون و هیچ تایبەتمەندییەكی ئەو نەتەوانەی لەبەرچاو نەگرتووە، كە خۆی لە ڕایەڵەیەكی كۆمەڵایەتیدا بینییەوە پێكەوە گرێدراو نەبوون، چونكە لەكۆتاییدا لە بەدیهێنانی هاووڵاتیبوونێك تابڵێی گرانبەها و بۆ پاراستنی یەكێتیی هاوبەشە گەورەكەی ناوی نیشتمانە پێویست بوو، هاونیشتمانی بوونیش هەموو پێكهاتە ژیارییەكان بەزمان و ڕۆشنبیرییەوە دەگرێتە خۆ، كە بەقووڵی پێكهاتوون. بەڵام ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە" ئاگەداری مەترسییەكی ترمان دەكاتەوە، ئەویش گۆڕینی ناسنامە بریندارەكانە بۆ سەر ناسنامەی برینداركەر، كە ئەویش لە دۆخی سووڕانەوەیەكی بێ كۆتادایە.
واقعی سیاسیی سوریا و عێراق و لیبیا ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە ئەو مەترسییانەی ڕۆمانەكە هەمبەر ناسنامە ورووژاندوونی، هێشتانەكینێ زیندوون و بەبەرچاومانەوەن و سەرلەنوێ خۆیان دروستدەكەنەوە، وەك ئەوەی مێژوو بەرەودوا بگەڕێتەوە، هەڵگری هەمان كەڵكەڵەن. لەپڕ ناسنامە لەبری ببێتە یەكێتیی هەمەڕەنگ نەك تاكلایەن، دەبێتە ئامرازی وێرانكردن.
چەندێك بگەڕێمەوە سەر ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە" هەستێكی سەیر دامدەگرێت، هەستی ئەو كەسەی ڕووخانی پێش ڕوودانی لە نیشتمانی عەرەبیدا بینی. چون من بزانم ئەم وڵاتە پەلوپۆ هاویشتووە پڕ لە خێرە دەبوو بەپێی ئەوە لە گەشەسەندن و وەرچەرخانی لە دواكەوتوویییەوە بۆ پێشكەوتنی حەتمی نەتەوەیەك بوایا لەسەرووی هەموو نەتەوەكانەوە. چونكە خاوەنی بڕبڕەی مرۆڤایەتییە. لێ ئەوانی بڕیاری گەشەسەندن و ڕووخانیان بەدەستە هەر ئەوانیشن بڕیاری كۆتایی دەدەن.
عەرەب لەمیانەی جەنگە بەردەوامەكانیاندا وێڕای دەسەڵاتی ڕۆم و نەتەوەكانی تری وەك وڵاتی هیند و سند و چین و ئەوانیتر ژیاریان بنیات نا. لێ لە سەردەمی نوێدا ئەم نەتەوەیە پەكی كەوت، یان پەكخرا، دوای ئەوەی ڕۆژئاوا، كە پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیی خێرا و بەرچاوی بەخۆوە بینی، بۆی دەركەوت نەك هەر لەسەر گۆلە نەوتێك دانیشتووە تەمەنی بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە، بەڵكو ئەو بڕبڕەیەی كۆنترۆڵی ژیانی جیهان دەكات بەدەستییەوەیەتی.
جەنگەكان تێكەڵەیەكن لە مێژوویەكی كۆن هێشتا حیساباتە خێڵەكی و ئیتنی و تایفییەكانی یەكلا نەكردووەتەوە. ئەمڕۆش بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە مێژوو گەڕانەوەی چەند پاتەیە و مرۆڤایەتی شكستی خواردووە لە هەنگاونان بەرەو جیهانێكی مرۆڤانەتر، چونكە مەحكوومە بەبەرژەوەندیی تەسك، هەڵبەت گشت ئیمپراتۆرییە ئاوابووەكان بەم قۆناغ و بۆچوونانەدا تَپەڕیون.
لەبەر ئەمە "ماڵە ئەندەلوسییەكە" هاواری بێ ئومێدییە، كەس گوێی لێ نەبوو. لە ئەنجامدا ماڵە ئەندەلوسییەكە تەنیا ئەم هاوارە مرۆیییەیە، كە لە قووڵاییی مرۆڤەكانەوە لەهەر كوێیەك بن، دەردەچێت، هەر لە وەختی دۆزینەوەی كۆمەڵگەی نوێ و ئەمریكاوە تاكو ئێستا.
ئەم خانووە شتێكی گەورەترە لە دار و بەرد، زمان و مێژوو و ناسنامەی بریندارە. كارەكە تەنیا پێوەندیی بەتاوەرێكی بەرز و بڵندەوە نییە لە شوێن خانووە ڕووخێنراوەكە، كە پێداویستییەكانی كۆمەڵگەی نوێ و ئەو توێژانە دابین دەكات، كە لە كۆمەڵگەی بەرخۆردا گەورە بوون، بەڵكو شتێكی گەورەترە لە هەموو ئەمانە. بێگومان دەسەڵات كە شارەوانی، یان فەرمانڕەوا نوێنەرایەتیی دەكەن، لەكۆتاییدا خانووەكە دەڕووخێنن و لەگەڵیدا دواپەڕەی دەپێچرێتەوە، كە موراد هەڵیگرتبوو. دوای ئەوە گشت شتەكان بەدەم باوە دەڕۆن. بەسووربوون و پێداگیرییەكی گەورەوە موراد باستا بەڵگەنامەیەكی كۆن دەپارێزێت، چونكە ئەوە بەڵگەیەتی لە ژیاندا، هەر ئەوەیە ڕەوتەكان و مێژووی ئەم خانووە و بەرهەڵستییەكانی لە گشت ڕۆژگارەكاندا دەپارێزێت بەر لەوەی بكوژانی نوێ بێن و بەیەكجاری بیسڕنەوە. سڕینەوەی ئاوەدانی و نەوە زیندووەكان. ئەمانە مێژوو و یادگە وایان لێ ناكات جیاوازبن لە تاڵیبان و داعش، كە بوونەتە ئامرازێك بۆ سڕینەوەی شوناس و بوونەتە ماشێنێكی زەبەلاح دەستیان بەهەر خاكێكدا بگات، دەیكەن بەوێرانە.
بەلای كەمەوە وەكو من ویستم "ماڵە ئەندەلوسییەكە" بەم مانایەیە، نەك هەر بەڵگەنامەیەك بێت سەبارەت بەكۆچی مۆریسكییەكان و ماڵوێرانیی باپیرەگەورەمان لە جەزائیر پێش پێنج سەدە، بەڵكو یادگەیەكی بەكۆمەڵە گرینگیی بۆ كورد و ئەرمەن و عەرەب و ئەوروپی و ئەوانی تریش هەیە. ماشێنی زەبەلاحی سڕینەوە هیچ یادگەیەكی بەپێوە نەهێشتووە، لەدوای خۆیەوە تەپوتۆز و باڵەخانەیەكی بێ ڕۆح و ئاگر و سووتماكی جێهێشتووە، كە بەهێز و بەتوندی بەر یادگە دەكەون.
ئا لێرەدا پرسیارێك دێتە كایەوە، ئەویش پرسیاری ئێستایە نەك ڕابردوو، چۆن پێشبكەوین و خۆمان بەمۆدێرنێتەوە گڕێبدەین بێ ئەوەی ڕەگەكانمان كوێرەوە بن و ژیانیان پێ ببەخشین؟ هاوارەكەی گالیلیۆ لە بۆشایییەوە نەهاتبوو، بەڵكو لەكۆتاییی مێژوویەكەوە هاتبوو باوباپیران دروستیان كردبوو و وەك خۆی مابووەوە، لەبری ئەوەی پینەی بكەن و نۆژەنی بكەنەوە و جارێكی تر خوێندنەوەیەكی ڕەخنەگرانەی بۆ بكەن. هەر لەبەر ئەمەشە گالیلیۆ لە هەموو وڵاتگیرەكان (فاتح) تووڕەدەبێت و بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان دەخاتە سەرشان ڕەتیدەكەنەوە لێی ڕابمێنن، چون شتێكی پیرۆز بێت "هەشت سەدە پتر، وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت. هەموو شتەكان گەڕانەوە دۆخی یەكەمی خۆیان. وەكو خۆی چۆن بوو ئاوا، یاخود دەبوو وابوایا. ئەی تاریقی كوڕی زیاد وەك ئەوەی نە هاوارت كردبێ و نەیش وڵاتت گرتبێت! ئەی موسای بن نەسیر نە دەرتیان كردووە و نەیش دەسەڵاتت گرتەدەست، ئەی عەبدولڕەحمانی داخل دەڵێی نە شمشێرت هەڵبڕیوە و نەیش چوویتەتە ژوورەوە!
ئەی عەبدولڕەحمانی ناسر نە مانۆرت كرد و نەیش دواكەوتی، تۆش ئەی مەنسوور بن عەمار نە كەست كوشتووەوە و نە كەسیشت دوورخستووەتەوە! تۆش ئەی محەمەد سەغیر هەر دەڵێی نەفرۆشتووتە و نە كڕیوتە، تاكو وەكو هەر خۆفرۆشێكی بچووك لە كونی دەرزییەوە دەرچیت! وەك ئەوەی ئێوە هەر نەبووبن. وەك ئەوەی من نەبووبم".
هەموو ئەوەی "ماڵە ئەندەلوسییەكە" گوتی، ئامانج لە پشتییەوە ئێستای بەرەو وێرانبوونە نەك تەنیا ڕابردوو. ئاشكراكردنی مێژووی ماڵە ئەندەلوسییەكە، ئاشكراكردنی هەموو ئەو داڕووخانانەیە، كە دەوری شار و وڵات و مرۆڤەكانیان داوە. ڕاستە ئەوی دەگێڕدرێتەوە یادگەی باپیرە گالیلیۆیە، لێ لەهەمان كاتدا ئامرازێكە بۆ ڕووتكردنەوەی گەندەڵیی ئیداری و كڵۆڵیی ڕێژیمەكە و توندبوونی هەژموونی قاچاخچییان و باڕۆنەكانی بازاڕ و ئیمپراتۆرەكانی لم و خانوبەرە، هەروەها درێژبوونەوەی پێیە ئەختەبووتییەكانی كۆمپانیا نیشتمانی و بیانییە هاوبەشەكان و زۆربوونی فەندەمێنتالیست و گرووپە ئاینییە توندڕۆكان و ستەمكاریی سیاسییە، كە هەموویان دەرەنجامی مێژوویەكن وەكو پێویست لێی حاڵی نەبووینە و لەئاستیدا كورتبین و تەسكبینین.
دووبارە هێنانەوەی ئابڕووچوونەكانی دادگە تاوانكارەكانی پشكنین، تەنیا ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ عەرەب ئەمجاریان لەناو خۆیانەوە هەڵدەقوڵێن و بەخێرایی لە گۆڕەپانی بەتاڵ لە هەر بزاڤێكی بەرهەڵستكاری، گەشەدەسەنێت. ئیدی هەموو ڕایەڵێكی كۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە، كە بەدرێژایی چەندین سەدە لە ڕێگەی چوونە ناویەكی ڕۆشنبیرییەوە دروستبوو. هەروەها ڕۆمانەكە وریاكردنەوەیەكە لە سەرهەڵدانی دەستپێكی دادگەكانی فیندەمینتاڵیستی ئیسلامی، كە بەڕوواڵەت ئاینی و لەژێریشەوە دواكەوتوویییەكی بەربادی بینای ڕۆحی و تایبەتمەندییەكانییەتی لە كۆمەڵگەی عەرەبیدا. ڕۆمانەكە باش دركی بەوە كردووە ئاسۆكان هێندەی دادەخرێن هێندەی ئەوەش دەكرێنەوە.
لەدواییدا ئەگەر بشێ خوێنەری كورد ئاگاداربكەمەوە، ئەوا دەڵێم: "ماڵە ئەندەلوسییەكە" تەنیا گوتارێكی سیاسی نییە بۆچوونی فەندەمێنتاڵی بۆ شتەكان و تۆتالیتاریزم ڕەتبكاتەوە، بەڵكو لەهەمان كاتدا بونیاتێكی ئیستاتیكیی هەیە ڕۆمانەكە بەبێ ئەو بنیات نانرێت. ڕیتمێكی زیندوو لە ساتەكانی شكۆمەندی و باڵابوون، هەروەها شكستیش. لەسەر مقاماتی ئەندەلوسی بنیاتنراون. بۆیە ئەوی بونیاتی ڕۆمانی "ماڵە ئەندەلوسییەكە" دەخوێنێتەوە، دەبێت لەلایەنی ئیستاتیكییەوە بالاد (موشح) بخوێنێتەوە و لێی تێبگات، چونكە لە بونیاتیدا شتێك لەبونیاتی "ماڵە ئەندەلوسییەكە"ی تێدایە. لەكۆتاییدا هیچ شتێكیش نییە لە بۆشایییەوە، یا لە هیچەوە بڕوێت.
واسینی ئەلئەعرەج/پاریس