پشتیوان کەمال
حکومەتی ئیسرائیل خەڵاتێک پێشکەشی دەرهێنەران و ئەکتەرانی پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار دەکات تاوەکو گەشت بەرەو خاکی پیرۆز (Holy Land) بکەن کە نرخەکەی ٥٥ هەزار یۆرۆیە تاوەکو ئەو وێنە خراپەی لە ڕێگای میدیاوە لەسەر ئەو وڵاتە دروستبووە کەمبکەنەوە.
بلیتی مانەوەکە بۆ تەنها ١٠ ڕۆژە و لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە پارەی بۆ تەرخاندەکرێت، کە هەروەها دەدرێتە ئەو کەسانەش کە ئاهەنگەکە بەڕێوەدەبەن، کە تا ئێستا ئەمە گرانترین دیارییە درابێتە پاڵێوراوانی ئەو خەڵاتە.
گەشتەکە بریتی دەبێت لە شوێنی سەرنشینی تایبەت لە فڕۆکەدا و هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی ئیسرائیلیش خزمەتی میوانەکان دەکەن، کە ئەمەش دەکاتە دوو هێندەی پارەی مانگانەی ئیسرائیلییەک.
وەزیری گەشتیاری ئیسرائیل، یاریڤ لێڤین، دەڵێت وابڕیاربوو کە دەستپێشخەریە بێوێنەکان تەنها کۆمەڵێک کەسی دەوڵەمەند و خاوەن کەسایەتی تایبەت بگرێتەوە تاوەکو "ئەزموونی ڕاستەقینەی وڵاتەکە ڕاستەوخۆ ببینن نەک لە ڕێی میدیاوە."
دەڵێت: "ئەمانە کەسانەی گەورەی پیشەسازی فیلمسازین لە هۆڵیوود و گەشتەکەیان کاریگەریەکی گەورەی دەبێت بەسەر ملیۆنان لە بینەران و عاشقانی ئەم کەسایەتیانە، تەنانەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش."
ئەم دەستپێشخەرییە بڕی ١.٥ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت گەر هەریەک لە پاڵێوراوەکان گەشتەکەی خۆیان ئەنجام بدەن بەرەو ئەو وڵاتە.
چاودێرە ئیسرائیلیەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە هەندێک لە کەسایەتیەکانی هۆڵیوود لەنێویاندا پاڵێوراوی باشترین ئەکتەری لاوەکی "مارک بوفالۆ"، "مارک ڕیلانس" بە ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ دروستبوونی وڵاتی فەڵەستینیەکان دەربڕیووە.
سەرچاوە: The Guardian