سولی ئۆن وێب
کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" My Fathers Garden لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" بە تیشک خستنەسەر شیعرێکی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆتایی تەکساس" TEXAS ULTIMATE لە ویلایەتی تەکساس لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش دەکرێت.
ئەم فیستیڤاڵە یەکێکە لەو فیستیڤاڵانەی جیھانی کە کورتە فیلمە سەرکەوتووەکان بە ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار دەناسێنێت.
ئەم فیلمە کوردییە ١٣ خولەکییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا مانگی مارسی ئەمساڵ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی مۆنتاژ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قووڵایی گۆڕەپان" DEPTH OF FILD لە ویلایەتی دیلەوێر لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش دەکرێت.

"باخەکەی باوکم" کە بە سپۆنسەریی سەرەکیی ھۆتێل "ڕامادا" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان سازکراوە و لە ڕێگای کۆمپانیای "ئای لۆڤ فیلم" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر" Muhr Gulf Short لە میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی نمایشکرا.
ئەم فێستیڤاڵە بە نمایشی زیاتر لە ١٢٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی "مۆھر"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمی "مۆھر"، بەشی پێشبڕکێی "مۆھری ئیماڕات"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شەوانی عەڕەبی"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکی "سینەما بۆ منداڵان" و ھەروەھا بەشی وتووێژ لەگەڵ ئەکتەری ئەمەریکی "جەک جێلنھال" لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێوەچوو.