سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: راز حسن
کچە گۆرانیبێژ دەریا کاروان لەسەر واڵی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک گۆرانیەکی بە دەنگی خۆی بڵاو کردەوە بەناوی "بۆیان باسکە"، و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم گۆرانیەی بۆ گیانی گۆرانیبێژی کۆچکردوو جێگر عەزیز وتووە.
دەریا کاروان تایبەت بە سولی ئۆن وتی، " دوای ئەوەی هەواڵی مردنی جێگری هاوڕێم بیست زۆر بێتاقەت بووم. ماوەیەک بەر لە مردنی پێکەوە قسەمان دەکرد پێی وتم دەریا کارێکی نوێمان لەبەر دەستە پێم خۆشە بگەڕێیتەوە بۆ کوردستان و ئەم گۆرانییە تۆمار بکەین، بەڵام من لەبەر خوێندنەکەم پێم گوت ناتوانم. دواتر جێگر کۆچی دوای کردوو منیش بێتاقەتیەکی زۆر دایگرتم و بڕیارم دا گۆرانیەک تۆمار بکەم."
موزیکی گۆرانیەکە لەلایەن موزیسیانێکی سویدی بە ناوی ئیمیل هۆبینگەر ئامادەکراوە و تێکست و وتنی گۆرانییەکە لەلایەن دەریا خۆیەوەیەتی، هەروەها دەریا دەڵێت، "بە هیوام توانیبم ئارامی بخەمه دڵی هەموو ئەو خەڵکەی به رۆیشتنی جیگر ئازاریان چێشت. یەکەم کەس خۆم وە سوپاس بۆ رۆحی جێگر گیان کە وای لێم کرد دووبارە گۆرانی بڵێم."
دەریا کاروانی گۆرانیبێژ تەمەنی ٢٥ ساڵە و لە تەمەنی ١٧ ساڵیەوە کە چۆتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان خەریکی فیستیڤاڵ و کۆنسێرت و گۆرانیوتن بووە. خاوەنی کلیپێکە لەگەڵ هونەرمەندی خوالێخۆشبوو جێگر عەزیز بە ناوی "گوڵە باخ". لە ئێستادا دەریا لە ووڵاتی سوید دەخوێنێت.
دەریا لە کۆتایدا دەڵێت، "جێگر توانایەکی بێحەدی هەبوو لە دەنگیدا، ئەو هونەرمەندێکی راستەقینەی هونەری ڕەسەنی کوردی بوو کە ئەگەر لە ژیاندا مابایە کاریگەری گەورەی دەبوو لەسەر کۆمەڵگا بەهۆی دەنگە خۆشەکەی و ئامانجە جوانەکانی بۆ هونەر".