سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: لاژە تەها
"ڕێگە" ناونیشانی ڕۆمانێکی نووسەر و ڕۆماننوسی ناوداری عەرەب نەجیب مەحفووزە، کارزان غەفور کردوویەتی بە کوردی و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە، لە کەرنەڤاڵی زستانەی ناوەندەکەدا بڵاوکرایەوە.
دەربارەی وەرگێڕانی ئەم کتێبە کارزان غەفور، وەرگێڕی کتێبەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: ڕۆمانەکە كاتی بڵاوبوونەوەی و دواتریش بۆتە جێی سەرنجی ڕەخنەگران و تەنانەت لەنێو خوێنەرانیشدا هەڵایەکی گەورەی نایەوە. کە ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوە، وا هەست دەکەی نوسەرەکەی ویستوویەتی بپرسێ: ئینسان تا چەند بەرپرسی کردەوەکانی خۆیەتی؟"
وتیشی: "ڕێگە" لەلایەن ڕەخنەگرانەوە به "تاوان و سزا"ی دۆستویڤسكی بەراورد دەکرێت، هەردوو پاڵەوانەکە "ڕاسکۆلینکۆف" و "سابیر" تاوانێك دەکەن، ماوەیەك بەر لە تاوانەکە، ناچار بەهەڵبژاردنێکی قورس دەکرێن، داخۆ ئەو تاوانە بکەن، یان ڕسوا بن و بێچارە بکەون، پێشتریش لەدەرەوەی خۆیانەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هان دەدرێن، هەر دوو پاڵەوانەکە پێشتر هەموو پاڵنەرەکانی تاوانكردنیان تیدا وروژاوە، هەردوو لا توشی چارەنووسێکی نزیك لەیەك دەبنەوە و دواجاریش سزاكانیان لەیەکەوە نزیکە, جگە لەو بیانووە پوچانەی کە دوای تاوانەکە بۆ ڕازیکردنی ویژدانی خۆیان دەیهێننەوە.
هەروەها وتی: "ئەم ڕۆمانە لە ساڵی دەرچونیدا، ۱۹٦٤، کراوە بە فیلم، حوسامەدین موستەفا کاری دەرهێنانی بۆ کردوە، حوسین حیلمی سیناریۆی بۆ نووسیوە، و چەند ئەکتەرێکی ناوداری وەك ڕوشدی ئیبازە، سوعاد حوسنی، شادیە و تەحییە کاریوکا ڕۆڵیان تێدا بینیوە."
