سولی ئۆن وێب
ئەلیخاندرۆ گۆنزالێس ئیناریتۆ دان بەوەدا دەنێت کە بڕیاری خراپ و نالێپرسراوانەی داوە وەک دەرهێنەری فیلمی "The Revenant"، کە تیایدا لیۆناردۆ دیکاپریۆ ڕۆڵ دەگێڕێت و پاڵێوراوی سەرەکیە بۆ بردنەوەی چەندین خەڵاتی ئۆسکار لە هەفتەکانی داهاتوودا.
لە سەرەتای دەستپێکردن بە دروستکردنی فیلمەکە بە پێشنیاری لوبێزکی سینەماتۆگرافەری فیلمەکە، بڕیاردەدەن کە فیلمەکە بە ڕووناکی سروشتی وێنەبگیرێت. دەرهێنەری مەکسیکی، ئیناریتۆ، فیلمەکەی کە باس لە ساڵانی سەدەی ١٩ دەکات لە کەشوهەوایەکی سارد و لە پلەی گەرمای خوار ٢٥ پلەی سیلیزی لە کەنەدا و ئەرجەنتین وێنەدەگرێت. دروستکردنی دیمەنی فیلمەکان بە "ژیانی جەهەنەمی" لە لایەن کاستی فیلمەکەوە ناوبراوە و هەر بەهۆی ئەمەشەوە چەندین ئەندامی کاستەکە لە کاتی دروستکردنی فیلمەکەدا وازیان لە کارکردن هێناوە.
ئیناریتۆ لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "من دەڵێم فیلمەکە ڕووداوێکی خۆشە بۆ بڕیارێکی هەڵە، ئەم فیلمە بەرهەمی بڕیارێکی نالێپرسراوانەی منە."
لەگەڵ ئەوەشدا براوەی خەڵاتی ئۆسکار، ئیناریتۆ، دەڵێت ئەوە گرنگ بوو کە لۆجیک بخەینە لاوە.
هەروەها وتی: "بەڵام پێویستە هەندێک کات گەمژە و کوێربین بەرامبەر بە واقیع، ئەگەر وانەبێت هەرگیز دەست بە هیچ شتێک ناکەین. لەو کاتەدا من پیاوێکی ئۆفیس دەبم و هیچی تر. مەبەستم ئەوەیە کە من گەمژەنیم، دەزانم چەندێک گرانە ئەمە. بەڵام ئێستا دەتوانم هەست بەوە بکەم کە من چەندە لە ڕاستییەوە دووربووم کاتێک بڕیاری ئەوەمدا کە ئەم فیلمە چۆن دروست بکەم. من دڵخۆشم بەوەی بڕیارێکی وا نالێپرسراوانەم داوە، بەڵام ڕەنگبوو شتی زۆر ناخۆشی بەدوادا بهاتایە. دەزانیت مەبەستم چییە؟ وەک ئەوەی بچیتە سەر شاخی ئیڤەرێست و کەس نەمرێت، بەڵێم ئێمە زۆر نزیک بووین لە مردن."
سەرچاوە: The Guardian