ئاگر لە دەریادا بەرلینی بردەوە

21/02/2016    18:56

ئاگر لە دەریادا بەرلینی بردەوە 


Cînema

سولی ئۆن وێب

ئاگر لە دەریادا کە فیلمێکی دۆکومێنتەرییە سەبارەت بە کێشەی پەنابەران لە ئەوروپادا خەڵاتی ورچی زێڕینی لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکەوە بەدەستهێنا، کە مێریڵ ستریپ سەرپەرشتی دەکرد.

 ئەم فیلمەی دەرهێنەری ئیتاڵی "گیانفرانکۆ ڕۆسی" ڕووخساری نەترسی ئەو پەنابەرانەمان پیشان دەدات کە لە ئەفریقا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵدێن تاوەکو بگەن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەم دوو دەیەیەی دواییدا. 

ڕۆسی کە لە ئێریتریا لەدایکبووە، چەندین مانگی لە لامپێدوسای ئیتاڵیا بەسەربردووە تاوەکو فیلمەکە دروست بکات، خەڵاتەکەی بەخشییە ئەو هاوڵاتیانەی لەو ناوچەیەدا خزمەتی ئەو کەسانە دەکەن کە لە وڵاتەکان هەڵدێن و بەرەو ئەوروپا بەڕێ دەکەون.

ئەو دەڵێت: "هیوادارم ئەم فیلمە ببێتە هۆی وریاکردنەوەی هاوڵاتیانی جیهان. ئەمە جێی قبووڵکردن نییە کە خەڵکی بەهۆی هەبوونی تراژیدیا لە وڵاتەکانیان هەڵدێن و لەسەر سنوورەکان گیان ببەخشن."



چیرۆکی دۆکومێنتەریەکە لە زمانی کوڕێکی دوانزە ساڵان بە ناوی ساموێل پوکیلۆ و دکتۆر پیترۆ بارتۆلۆ دەگێڕدرێتەوە. 

مێریل ستریپی سێ جار براوەی خڵاتی ئۆسکار و سەرۆکی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە وتی کە هەر حەوت ئەندامی لیژنەکە بە بینینی فیلمی "ئاگر لە دەریا"دا شاگەشکەبوون و ئەو فیلمەکە بە فیلمێکی "پێویست و پڕ لە خەیاڵ" ناودەبات.

خەڵاتی ورچی زێڕین بۆ فیلمی ئاگر لە دەریادا پاش بردنەوەی چڵە خورمای ئاڵتوونی دێت لە فێستیڤاڵی کاندا بۆ فیلمی "دیفان" کە باس لە پەنابەرانی سریلانکا دەکات کە لە ژیانێکی کولەمەرگی پاریسدا ژیان بەسەردەبەن.

ڕۆسی کە لە ساڵی ٢٠١٣شدا توانی خەڵاتی ڤێنیسیا بەدەستبهێنێت بۆ فیلمی "Sacro GRA" وتی کاتێک فیلمەکەی نمایشکرا کێشەی پەنابەرانی ئەوروپا بە یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکان دەستنیشانکراوە لە پاش هۆڵۆکۆستەوە.

دەرهێنەر پاش ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان وتی کە هیوادەخوازێت فیلمەکە بۆ خەڵکی لامپێدوسا نمایش بکات. 

فێستیڤاڵەکە ٦٦ەمین خولی خۆی تەواوکرد و جەختێکی زۆری خستبووە سەر بابەتی پەناهەندەکان لە ئەوروپادا ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەڵمانیا ١.١ ملیۆن پەنابەری لەو وڵاتەدا پاراستووە لە ساڵی ٢٠١٥دا.

سەرچاوە: The Guardian 


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw