وەرگێڕانی حەمە قادر/
بەڕێزان واخەریکە تاریک دادێ، ئەوەتا ئەو بایە خوێڕییەش هەڵی کردووە. پێتان باش نییە بە خۆشی بگەڕێینەوە ماڵەکانمان؟
با بەر گەڵا سیس و زەردەکانی دارتوسەکان* دەکەوت و دڵۆپە درشتەکانی سەر گەڵاکانی بەسەرماندا دەباراند، پێی یەکێک لە هاوڕێکانمان لەسەر قوڕە خز و شێدارەکە هەڵخلیسکا. خۆی بە خاچێکی کۆنی خۆڵەمێشی گرتەوە بۆ ئەوەی نەکەوێت و لەسەر گۆڕێک ئەمەی خوێندەوە: "ئیگۆر گریازنۆرکۆف، کارمەندی پلەچوار، خاوەن مەدالیا..." هاوڕێکەمان وتی:
- ئەم کابرایەم دەناسی... عاشقێکی بێئۆقرە و سەرسەختی ژنەکەی بوو و مەدالیای "ستانسیلاڤ"ی هەبوو و حەزی لە خوێندنەوەی کتێبیش نەبوو... گەدەی چاک ئیشی دەکرد و هەموو شتێکی دەهاڕی... مەگەر ژیان هەر ئەم شتانە نییە؟ وادیار بوو هەر بەڕاستی پێویستی نەدەکرد بمرێت، بەڵام حەیف! حەیف کە قەدەر ڕەوانەی ئەو دنیای کرد... داماوە بوو بە قوربانیی گومان و ئیرەییەکانی. ڕۆژێک کە گوێی نابوو بە دەرگای ژوورەکەوە، لەپڕ دەرگا کرایەوە و زەبرێکی وا بەر کەلەی کەوت کە تووشی خوێنبەربوونی مێشک هات (ئاخر ئەم داماوە مێشکیشی هەبوو) و مرد. بەڵام لە ژێر ئەو پەیکەرەی دەیبینن، پیاوێک خەوتووە کە هەر بەشیری دایکییەوە ڕقێکی ئەستووری بۆ شیعر و تەنز خواردبووەوە... و ئێستاش سەر گۆڕەکەیان – وەک بڵێی لە داخا- بە شیعر ڕازاندۆتەوە. برادەران وا خەریک کەسێک بەرەو ئێرە دێت؟
پیاوێک بە پاڵتۆیەک و دەموچاوێکی مۆرەوەبوو و پاکتاشراوەوە، گەیشە لامان و لە بنباخەڵییەوە بوتڵێک ڤۆدکا و لە گیرفانییەوە دەستەیەک کاڵباس دیار بوو. بە دەنگێکی نووساوەوە پرسیاری کرد:
- بەڕێزان کەستان گۆڕی موشکینی هونەرمەند دەزانێت؟
تا سەر گۆڕی موشکینی هونەرمەند کە دوو ساڵی پێشوو مردبوو، بەڕێمان کرد. پرسیمان:
- جەنابت کارمەندیت؟
- نەخێر من هونەرمەندم... لەم دەوروزەمانەی ئێمەیا جیاکردنەوەی هونەرمەند و کارمەندی پلەنزم زەحمەتە. قسەکەتان ڕاستە... ئەگەرچی ئەم بەراوردەم زۆریش لە مەسەلەکە دوو نەبوو، بەڵام باوەڕ ناکەم دڵی کارمەندەکانی پێ خۆش بێت.
ئارامگەی موشکینی ئەکتەر کە بە زەحمەت دۆزیبوومانەوە، کەمێک داتەپیبوو و گیای هەرێزیش دایپۆشیبوو؛ لە ڕاستیدا شێوەی ئارامگەی پێوە نەمابوو.. خاچە بچوک و هەرزانەکەی گۆڕەکەش- خاچێکی داپۆشراو بە گیابەڵخ، کە بە تێپەڕینی ڕۆژگارێکی سارد، ڕەش دەینواند- لە بوونەوەرێکی داماو و نەخۆش دەچوو. لەسەر گۆڕەکەی ئەمەمان خوێندەوە "بۆ هاوڕێی لە یاد ... کراومان موشکین"
ڕۆژگاری دڵرەق پێشگری "نە"ی لە وشەی "کراومان" سڕیبووەوە و درۆی و ڕیای ئینسانەکانی چاک کردبوو. کابرای ئەکتەر، لە بەردەم ئارامگەکەی موشکین کەوتە سەرچۆک- لەم حاڵەدا، کڵاو و ئەژنۆکانی بەر ئەرزەکە کەوتن. هەناسەیەک هەڵکێشا و وتی:
- هونەرمەندەکان و ڕۆژنامەنووسەکان، بۆئەوەی پەیکەرێکی بۆ دروست بکەن، پارەیەکیان کۆ کردەوە و ... خستیانە بەردەست مەیخانەکان...
- مەبەستتان چییە؟
- هەر ئەوە ئیتر. پارەیەکیان خڕکردەوە، لە ڕۆژنامەکان کردیانە هاتوهاوار، دواتریش پارەکەیان لووش دا... هەڵبەت مەبەستم ئەوە نییە سەرکۆنەی کەس بکەم... هەروا وتم... باشە، بەڕێزان، بە خۆشی! بە خۆشی ئیوە و یادەی تاهەتایی ئەم ڕەحمەتییە!
- وا باوە دەڵێن کحوول نەخۆشمان دەخات و یادی تاهەتایش بێزاری. یادی تاهەتایی ئەوە هەر هیچ، ئەگەر خوا یادێکی کاتیش بداتە ئینسان، هەر دەبێ مەمنوویش بین.
- ئێوە ڕاست دەکەن... دەزانن، موشکینی ڕەحمەتی، هونەرمەندێکی ناسراو بوو. کە تەرمەکەیان بەرز کردەوە، لانیکەم دە تاجەگوڵینە، لە دوایەوە بەڕێخران.. بەڵام ئێستا، تەواو لە بیرچۆتەوە! سەیر ئەوەیە ئەوانەش کە خۆشیان دەویست لە بیریان کردووە بەڵام ئەو کەسانەی زەبری ئەمیان بەرکەوتووە، هێشتا لە یادیان نەکردووە. بۆ نموونە خۆم، تا مردن لە بیری ناکەم چونکە جگە لە خراپە هیچی پێ نەبەخشیم. بەهەرحاڵ هەرچەند خۆشم ناوێت، بەڵام خوا لێی خۆش بێت.
- خراپەی چی بووە بۆ ئێوە؟
- خراپەی زۆر! ڕەحمەتی بووبوو بە بەڵای گیانم... بوونی بۆ من وەک تاونکار و چەتەیەک بوو. خوا لێی خۆش بێت! دەزانن، کردم بە سەرمەشقی ژیانم، ڕێنماییەکانیم قبوڵ کرد و ئەکتەریم هەڵبژارد. سەری لێشواندم و بوومە شێتوشەیدای دنیای پڕجۆشوخرۆشی هونەر. بەڵێی زۆری دا بەڵام جگە لە فرمێشک و خەم هیچم دەست نەکەوت.. هونەرمەندان، چارەنووسیان ڕەشە! خۆم هەموو شتێکم لە دەست دا؛ هەم گەنجیم، هەم هۆش و هەستم، هەم ئەقڵم، هەم سەروفەساڵم... ئە ئەستێرەیەک بەو حەوت ئاسمانەوە، نە پێڵاوێکی ڕێکوپێک لە پێما، نە پانتۆڵێکی بێ پینە... ئەم بەشەرە تەنانەت ئیمانیشی لێ سەندم! و جگە لەوەش خۆزگە توانایەکیشم هەبووایە!... ژیانم تیاچوو... بەڕێزان وابزانم هەوا ساردە... حەزناکەن قومێک بخۆنەوە! بەشی ئەوە دەکات هەموومان دەممان تەڕ بکەین...
قومێک ڤۆدکای خواردەوە و دەموچاوی گرژ کرد و وتی:
- بخۆینەوە... یادی تاهەتایە زیندوو بێت! ئەگەرچی خۆشم ناوێت.. ڕاستە ئێستا لەو ژێر گڵەیا خەوتووە بەڵام لەم دنیایەیا تەنیا ئەوم بۆ ماوەتەوە.. و ئەمە دواجارە... ئیتر نایەمە سەر گۆڕەکەی... دەزانن بە قسەی دکتۆرەکان لەبەر زۆرخواردنەوە بەمزووانە دەمرم... هاتووم خواحافیزیت لێ بکەم! ئینسان دەبێ هەڵەی دوژمنەکانیشی ببوورێت.
پیاوە هونەرمەندەکەمان بەجێهێشت تا لەگەڵ موشکینی ڕەحمەتی خەڵوەتی خۆی بکات. نمەنمەی باران دەستی پێکردبوو.
سەرسووچی جادەی سەرەکیی گۆڕستانەکە چەوڕێژ کرابوو، مردوویەکیان هێنابوو بینێژن؛ چوار گۆڕهەڵکەن بە پشتێنی لە مۆمی سپی سازکراو و جزمەی قوڕاوی کە گەڵای دارەکانی پێوە نووسابوو، تابووتێکی قاوەییان هەڵگرتبوو. هەوا تاریک دەبوو. گۆڕهەڵکەنەکان پەلەیان بوو، لەتریان دەدا و ئەملاولایان بە عارەبانەیەک کە تابووتەکەی هەڵگرتبوو، دەکرد...
- بەڕێزان، دوو سەعاتە لەم ناوە دەخولێینەوە و ئەوە سێیەمین تەرمە کە... پێتان چۆنە بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە؟