سولی ئۆن وێب
میوە لە مێژوی هونەری شێوەکاریدا، بۆتە جێگەی بایەخی چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ، زۆر لە کارە هونەریەکانیان ئیلهامیان لە میوە وەرگرتوە. هۆڵی هونەری ئێمدن لە شاری نیدەرزاکسن لە ئەڵمانیا، بەبۆنەی یادی ۳٠ ساڵەی دامەزراندنیەوە، پێشەنگەیەکی سەرنج راکێش لەژێری ناوی " بۆمبی ڤیتامین" لەسەر بابەتی میوە لەمێژوی هونەری شێوەکاریدا رێکدەخات. لە پێشەنگەیەدا چەند شاکاری هونەرمەندە بەناوبانگەکانی تێدایە هەر لە ئەندی ۆرهۆڵ تا پابلۆ پیکاسۆ.
رێکخەری پێشەنگەکە کاتەرینا هێنکل دەرباری بۆچی میوە بۆتە جێی سەرنجی هونەرمەندانە دەڵێت: " هونەرمەند ئیلهام لە فۆرمی میوە وەردەگرێت، لە مێوەدا چەند روكەشیکی جیاواز هەیە، رەنگی میوەش بەهەمان شێوە. هونەرمەند هەوڵدەدات ئەم مۆتیڤانە بکاتە زمانێکی تایبەتی هونەری، بەبڕوای من ئەمە هونەرمەندەکانی ولێکردوە کە بایەخ بە بابەتی میوە بدە. ئەوەشمان بیر نەچێت، لە میوەدا پرۆسەی لە ناوچون زۆر بەراشکاوی بەدی دەکرێت، ئەمەش هەستی لەناوچون بیری مرۆڤ دەخاتەوە."
کارە هونەریەکانی ئەم پێشەنگەیە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆلێکشنی تایبەتی زانا راینەر ڤیلد، کە بە درێژایی ٤٠ ساڵ زیاتر لە ۳٠٠ کاری هونەری هونەرمەندە جیهانیەکانی لە هێلکاری و پەیکەر ونیگارکێشانی لەسەر بابەتی میوە کۆکردۆتەوە، لەم نمایشەدا ۱۱۵ کاری ناو ئەم کۆلێکشنە نمایشکراوە.
ئەم نمایشە تا ۲۹/۵/ ۲٠۱٦ لە هوڵی هونەری ئێمدن لە شاری نیدەرزاکسن کراوەیە.
www.dw.com