سولی ئۆن وێب
لاژە تەها
بڕیارە سبەینێ دووشەممە، ٨ی ۳ی ۲٠۱٦، کاتژمێر ٤:۳٠ی ئێوارە، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، هۆڵی بەدیعە دارتاش، شانۆیی (لە ئێوارەیەکدا) لەلایەن گروپی لەیزین، بە هاوکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی شانۆ، نماییش بکرێت. شانۆییەکە لە نووسینی هارۆڵد پینتەرە، یاسین قادر بەرزنجی وەریگێڕاوە و هەورامان کاکە کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، کاری کۆریۆگرافی لەلایەن هاوڕێ کەمالەوە بۆ ئەنجامدراوە.
دەربارەی سەما و چۆنیەتی تێکەڵکردنی سەما بە دەقەکەوە هاوڕێ کەمال بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند : "دوو زەمەن لە کارەکەدا هەیە، ئێستا و ڕابردوو، ئەمەش کارەکەی بۆ ئێمە ئاسان کردووە تا بتوانین سەماو شانۆ ئاوێزانی یەک بکەین، ئێستای نماییش بە دیالۆگ نیشان دەدرێت وە ئەو رابردووەی دەیگێرنەوە بە سەما نماییش دەکرێت.
کارکردنی سەما لەم نمایشەدا کارکردنێکی هاوچەرخە،لەگەل سەمایەکی لاتینی (سەمای سالسا)، بەسود وەرگرتن لە ستایلە جیاوازەکانی تری سەما."
هەروەها لەسەر کاری کۆریۆگرافی، کە ناوبراو خۆی بەڕێوەی دەبات، وتی: "کۆریۆگرافی ئەم کارە جۆرێکی جیاواز تربوو لەچاو کارەکانی ترمدا، لەبەر ئەوەی راستەوخۆ کار لەگەڵ دەقێکی نوسراودا دەکرا، کە وابەستەت دەکات بە خودی چیرۆکی کارەکە خۆیەوە، واتە گێرانەوەیەک هەیە کە دەبێت ئاگاداری بیت، بەڵام بەو مانایە نییە کە راستەو خۆ تەرجومەی دیالۆگ بکرێت بۆ جوڵەی سەما، بەڵکو بەکۆی گشتی سەماکان هەریەکە و چیرۆکێک دەگێرنەوە، وە ریتمی کارەکە بەرێژەیەکی بەرچاو دوای ریتمی ئەو موزیکانە کەوتووە کە بەکارمان هێناون."
جێگای باسە چیرۆکی کارەکە باس لە ژیانی ژن و مێردێک دەکات، کە لە یەکێک لە ئێوارەکانی تەمەنی دوای هاوسەرگیریاندا، باسی ڕابردوی خۆیان دەکەن. نواندن و سەما لەلایەن هاورێ کمال و شاینە محمود زادەوە دەبێت.
وە لە ڕۆژانی ۸، ۹ و ۱٠ی ۳ی ۲٠۱٦ ئەم شانۆییە بەردەوام دەبێت.