رەنگکردنی خەونەکان پێشەنگەیەک بۆ ۸ مارس

08/03/2016    19:18

رەنگکردنی خەونەکان پێشەنگەیەک بۆ ۸ مارس 


Şêwekar

سولی ئۆن وێب

بۆ یادی ۸ مارس، پێشەنگەی رەنگکردنی خەونەکان لەگەلەری ئازاد شەوقی کرایەوە. ئەم پێشەنگەیە پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان "دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ" لەگەڵ خوێندکاران و بەشێک لە مامۆستایانی بەشی گرافیک لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی سلێمانی بەسەرپەرشتی مامۆستا دارۆ رەسول سەرۆکی لقی گرافیک و دیزاین  ئەنجامدراوە. 

پرۆژەی رەنگکردنی خەونەکان دەرئەنجامی  کاری خوێندکاران و مامۆستایانی کۆلێژی هونەرە دەربارەی پرسی ژن، بۆ ساڵیادی رۆژی ژنانی جیهان، سەبارەت دەرئەنجامی پرۆژەکە، دکتۆر رێبوار سەعید راگری کۆلیجی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلیمانی بە سولی ئۆن وێبی راگەیاند: " ئەم هەوڵە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە چەند مامۆستایەک و کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کۆلیجی هونەر بەشی گرافیک لە رێگەی ئەزمونی تایبەتی خۆیان و دنیابینینیان بۆ پرسی ژن لەناو فەزای ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی و ژینگەیدا ئەنجام دراوەو هەریەک وەک کەسایەتی خۆی هەوڵی داوە گوزارشت لە دیدو بۆچونەکانی بکات لە رێگەی هەڵکۆڵین و چاپی گرافیکەوە وەک تێمایەک بەرخوردی لەگەڵدا بکەن، بە تایبەت لەم بارو دۆخە نائومێدەدا کە ئەتمۆسفیرێکی نیگەتیفی بۆ هەموان دروستکردوە، ئەم وزە گەنجانە لەگەرمەی بایکۆتی خوێندنگاو زانکۆکاندا ژیان دەبەخشنە ئەم بەرهەمە هونەریانەو پێمان دەڵێن هێلانەکانمان لە یادە، ئازارەکان دەدوێنین، چرای هیواکان دادەگیرسێنین." هەروەها دەربارە ئەنجامدانی پرۆژەیەکی هاوبەشی لەم جۆرە لەگەڵ خوێندکارانی کۆلێژی هونەرو رێکخراوێکی ناحکومی دکتور رێبوار دەڵێت: " بونی ئەم پرۆژانە گرنگی لەوەدایە، جگە لەزیادکردنی ئەزمونی هەریەک لە خوێندکارەکان، ئەزمونی کاری گروپ دروستدەکەن. لەگەڵ دەرچون لەسنوری هۆڵەکانی خوێندن و بەشداربون لە ناو پرۆسەکانی ژیانی مەدەنی وگوزارشت کردن لە سەر پرسە هەنوکەیەکان، کە ئەمانە بەشێکن لە پرۆسەی پەروەردەی هونەری و رۆشنبیری."

 لەم پێشەنگەیەدا، چەند شێوازو تەکنیکێکی جیاوازی کرافیک دەبێنیت وەک هەڵکوڵێنی سەر دار، لینۆل، زینک، مۆنۆتایپ و کاری هێڵکاری، لەهەمانکاتدا چەندین دیدی جێاواز لەسەر پرسی ژن لە کۆمەڵگەدا خرواوەتەرو. هاژە خالید یەکێک لە خوێندکارە بەژداربوەکانە دەربارەی ئەزمونی خۆی لەم پرۆژەیەدا وتی: "ئێمە هەوڵمانداوە دیدو و ئەزموونی‌ خۆمان و بارودۆخی‌ کۆمەڵایەتی‌ و مافەکانی‌ ژنان لە ئێستادا دەربخەیەن، وەک شێوازیکی‌ هونەری‌ ناوازە و جیاوازە کە شایستەی  8 ی مارس بێت. لەم رێیەوە دنیابینی‌ خۆمان دەربارەی‌ گرفت و کیشەکانی‌ ژن لە کۆمەلگادا نمایشبکەین، لەهەمکاتدا پرسیار لەسەر ئاستی پێشکەوتن و بەشداریکردنی‌ ژن لەکۆی‌ سیکتەرە گرنگەکانی‌ کۆمەلگا دروستبکەین."

پرۆژەی رەنگکردنی خەونەکان ماوەی سێ ساڵە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی سلێمانی لەگەڵ دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ رێکیدەخات، بەشێک لەپرۆژەکان ساڵی رابردو لە بەریتانیا نمایشکران و بریارە بەرەو ولاتی ئەڵمانیا بروات.

 پێشەنگەی رەنگکردنی خەونەکان لەگەلەری ئازاد شەوقی تا ۳/۱۵  کراوەیە.

فۆتۆ: خیام رۆهان



















هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ

zortirîn xwênraw