سولی ئۆن وێب
لاژە تەها
بڕیارە ۱۲ی ۳ی ۲٠۱٦ ناوەندی غەزەلنووس هەستێت بە بڵاوکردنەوەی ٤ ڕۆمان. تێیدا "تەپڵی تەنەکە" ی ڕۆماننووسی ئەڵمانی "گوینتەر گراس" لە وەرگێڕانی "کەریم پەرەنگ" هەیە، کە یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی جیهان. ئەم ڕۆمانە یەکەم ڕۆمانی گراسە، لە ساڵی ۱۹٥۹ دا بڵاویکردووەتەوە. "کەریم پەرەنگ" دەربارەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت.
ـ بۆ "تەپڵی تەنەکە" ت وەرگێڕا؟
کەریم پەرەنگ: گوینتەر گراس یەکێکە لە ڕۆماننووسە ناودارەکانی ئەڵمانیا و دونیا. کەم کەس هەیە خۆی بە ئەدەبی جددییەوە سەرقاڵ بکات و ناوی گوینتەر گراسی نەبیستبێت یان بەرهەمی نەخوێندبێتەوە. بەرهەمەکانی بۆ زۆربەی زمانە زیندووەکانی دونیا وەرگێڕادراون. "تەپڵی تەنەکە" یەکەم ڕۆمانی گراسە، ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ١٩٥٩دا نووسراوە، گراس لە ساڵی ١٩٩٩دا خەڵاتی نۆبێلی بۆ ئەدەب پێ بەخشرا. تەپڵی تەنەکە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبی ئەڵمانی و دونیا، لە کەم لەو شوێنانەی من ئاگادارم لیستی کورت و درێژی باشترین ڕۆمانەکانی دونیا دەردەچێت و تەپڵی تەنەکەی تێدا نەبێت. لە ڕاستیدا من حەز دەکەم ئەگەر بکرێت هەموو یان زۆربەی ڕۆمانەکانی گراس وەربگێڕم. لە دوو ساڵی یەکەمی دوای دەرچوونی ڕۆمانەکەدا نزیکەی ١٥٠٠٠٠ دانە لەم ڕۆمانە فرۆشراوە. هەتا کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ زیاتر لە ٤ ملیۆن دانە لەو کتێبە فرۆشراوە. بێگومان منیش وەکو خوێنەرێک بەردەوام ئاگام لە ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی پاشکۆ ئەدەبیییەکانی ڕۆژنامەکان و گۆڤارە ئەدەبییەکانی نەمسا و ئەڵمانیا و سویسرایە، پێش ئەوەی ئەم ڕۆمانە بخوێنمەوە چەند هەڵسەنگاندنێکم لە بارەیەوە خوێندبووەوە، کە ڕۆمانەکەم خوێندەوە زۆر بە زەحمەت لێی تێگەیشتم، بە بێ فەرهەنگ بە ئاستەم لێی تێدەگەیشتم، هەندێ جار خوێنەر وا هەست دەکات گراس لە کاتی نووسینی ئەم ڕۆمانەدا هەوڵی داوە کام وشە قورسە و کەم بەکار دەهێنرێت ئەو وشانە بترنجێنێتە نێو ڕۆمانەکەیەوە، جگە لەوە دەیان وشە لە ڕۆمانەکەدا هەن کە زاراوەن و لە زمانی ئەڵمانیدا زۆر بەربڵاو نین. کە فیلمی تەپڵی تەنەکەم بینی زۆر سەرسام بووم بە فیلمەکە و بیرم لەوە کردەوە ڕۆمانەکە وەربگێڕم، لە گەڵ ئەوەشدا زمانە تێکچرژاو و ڕستە بەیەکداچوو و ڕایەڵەی گێڕانەوە و ڕووداوەکانی دەیانترساندم، زۆریش لەوە دەترسام نەتوانم مافی خۆی بدەمێ و نەتوانم مەبەستەکان بە خوێنەری کورد بگەیەنم، ترسی سێیەمم قەبەیی ڕۆمانەکە بوو. من دەزانم خوێنەری کورد بە شێوەیەکی گشتی حەز بە ئەدەبی ئاسان و دەقی ئاسان دەکەن، زۆر خوێنەر حەز دەکەن کتێبێک بخوێننەوە کە "خۆش بێت" و کەمتر ناچاری بیرکردنەوەیان بکات. پێش ئەوەی دەست بە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بکەم لە گەڵ چەند دەستگایەکدا باسی ئەو کتێبەم کرد و هەموو سڵیان لە قەبارەکەی دەکردەوە و منیش پێم خۆش نەبوو کتێبەکە پارچەپارچە بکرێت. هەتا کاک ڕەوەز حەمە ساڵەحی غەزەلنووس ئامادەیی خۆی بۆ چاپکردنی کتێبەکە پیشان دا و لێرەوە زۆر سوپاسی دەکەم کە وای کرد ئەو کتێبە بەر دەستی خوێنەری کورد بکەوێت.
ـ گرنگی ئەم کتێبە چییە بۆ کتێبخانەی کوردی؟
کەریم پەرەنگ: بێگومان هەموو کتێبێک کەلێنێک لە کتێبخانەی هەژاری کورد پڕ بکاتەوە گرنگە. گوینتەر گراس یەکێکە لە کۆڵەکە پتەوەکانی ئەدەبی ئەڵمانی و جیهانی، "تەپڵی تەنەکە" یەکێکە لە ڕۆمانە زیندوەکانی ئەڵمانیا و دونیا. بە بۆچوونی زۆر ڕەخنەگر ئەم ڕۆمانە وەرچەرخانێکی گرنگی ڕۆمانی دوای جەنگی دووەمی جیهانییە لە ئەڵمانیادا. نەک تەنیا زمانە پڕ وزە و بە وێنە دەوڵەمەندەکەی، بەڵکو هەڵبژاردنی بابەت و تەکنیکی پڕ لە گۆڕانکاریی گێڕانەوە ئەم ڕۆمانە گرنگ و بەبایەخ دەکەن. ئەم جۆرەی گێڕانەوە، لە ڕێی فیگورێکی هونەرییەوە واقیعی مێژوویی کۆمەڵایەتی بگێڕدرێتەوە لایەنێکی دیکەی ئیستاتیکی ڕۆمانەکەیە. زۆر نووسەری ناوداری جیهان، هەر لە جۆن ئیرڤاینگ، نادین گۆردایمەر و سەلمان ڕوشدی و ئۆرهان پاموک بە تەکنیکی گیڕانەوەی "تەپڵی تەنەکە" سەرسام بوون و کاریگەریی ئەم ڕۆمانەیان بە سەر داهێنانی خۆیاندا نەشاردووەتەوە.
ـ جیاوازی وەرگێڕانی ئەم کتێبە لەگەڵ کتێبێکی تر چییە؟ وەك ئاگادارم ماوەیەکی زۆرت پێچووە لە وەرگێڕانیدا.
کەریم پەرەنگ: ئەم ڕۆمانە زۆر ناوازەیە و بە زمانێکی سادە نەنووسراوە، نەک تەنیا وەرگێڕ، بەڵکو هەندێ جار خوێنەریش تووشی گومان و دوودڵیی دەکات لە توانای خۆی بۆ تێگەیشتن لەم ڕۆمانە. بەڵام هەر کارێکی جوان بنووسرێت شایستەی وەرگێڕانە. ئێمەی وەرگێڕ نابێت بەردەوام بە دوای کاری ئاساندا بۆ وەرگێڕان بگەڕێین، بەڵکو دەبێت بە دوای کاری دانسقە و ئاست بەرزدا بگەڕێین و وەریان بگێڕین. ئەم ڕۆمانە ئاسان نییە بۆ تێگەیشتن، بۆ ئەوەی وەرگیڕ بتوانێت وەری بگێڕێت دەبێت خۆی پێشووتر باش لە دەقەکە تێگەیشتبێت ئەگینا ناتوانێت بە جۆرێک دایبڕیژێت خوێنەری ئەو زمانەی بۆی وەردەگێڕێت لە مەبەستەکەی بگات. ڕۆمانەکە خۆی زۆر قەبەیە و ڕووداوەکانیش وردەکارییان زۆر تێدا کراوە و لق و پۆیان زۆر لێ دەبێتەوە و خوێنەر (وەرگێڕ) زوو سەرەداوی ڕووداوەکان ون دەکات. هەموو ئەمانە وایان کرد ماوەیەکی درێژ بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکەوە خەریک بم. ئاسان نەبوو بتوانم ئەو مەبەستەی ڕۆمانەکە بە خوێنەری کورد بگەیەنم، لە بەر ئەوە دەبوو بیر لە هەموو دێڕێک، هەندێ جار لە هەموو وشەیەک بکرێتەوە بۆ ئەوەی نە لە زمانە ئەسڵییەکە هێندە ون بێت کە خوێنەر نەزانێت مەبەستە ئەسڵییەکە چییە، نە هێندە وشک بێت خوێنەر لێی تێنەگات. پاراستنی هاوسەنگییەک ئاستەنگێکی گەورەیە، بۆ ئەوەی بەرداشی زمانی ئەسڵی و زمانی بۆ وەرگێڕدراو وەرگێڕ نەهاڕێت. لەو هەوڵەمدا بۆ ئەوەی حەقی ڕۆمانەکە بدەم کاتێکی زۆر زیاترم لە گەڵ بەسەر برد وەکو لە گەڵ دەقێکی ئاساییدا بەسەرم ببربایە.
ـ هێڵە گشتییەکانی کتیبەکە چییە؟ گەر باسێکی کورتمان بۆ بکەی.
کەریم پەرەنگ: ڕۆمانەکە باسی ساڵانی نێوان ١٨٩٩ هەتا ١٩٥٤ دەکات و ڕووداوەکان لە کاشوبستان و دانتسیگ، بەرەی ڕۆژئاوا و دیواری ئەتڵەسی، دویسلدۆرف و پاریس ڕوو دەدەن. دوو ئاستی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا لە ئارادان: ئۆسکار لە نێوان ساڵانی ١٩٥٢ هەتا ١٩٥٤ لە نەخۆشخانە دەروونییەکەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەکەی بە فلاشباک کاتی نێوان ساڵی ١٨٩٩ هەتا ساڵی ١٩٥٢ دەگێڕێتەوە، بەڵام گێڕانەوەکانی بۆ کاتی دوای ١٩٢٧ چڕ دەکاتەوە، دوای ئەوەی ئۆسکار گەشە و نەشونمای خۆی ڕادەگرێت.