سولی ئۆن وێب
لاژە تەها
ئەمڕۆ ۱۲ی ۳ی ۲٠۱٦، لە مەراسیمێکدا ناوەندی غەزەلنووس ٤ ڕۆمانی نوێی بڵاوکردەوە، "برسێتی" کنووت هامسون، یەکێکە لە ڕۆمانەکان، حەمە قادر کردوویەتی بە کوردی. برسێتی یەکەم و ناودارترین ڕۆمانی هامسۆنە، حەمە قادر دەربارەی برسێتی بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت.
بۆچی "برسێتی" ت وەرگێڕا؟
حەمە قادر: من وەرگێڕان وەکو شتێك ئەبینم کە تۆ سەرلەنوێ ئەنووسیتەوە، ڕاستە نووسەرێك هەیە و دەقێکی ئەسڵی هەیە و تۆ پابەندی پێوەی، بەڵام بیر لەوە ئەکەیتەوە ئەم کتێبە نزیکە لە خۆتەوە یان نا بۆ ئەوەی بینووسیتەوە. ئەتوانم بڵێم وەرگێڕان لای من گێڕانەوەیە، گێڕانەوەیەك لەپاڵ گێڕانەوەیەکی تردا، من کە برسێتیم خوێندەوە هەستم کرد هەم نزیکە لەخۆم، هەم ئەتوانم گێڕانەوەی خۆم کە وەرگێڕانەکەیە، بخەمە پاڵ گێڕانەوەکەی کنووت هامسون، گێڕانەوەی خۆم هەبێت بۆ کتێبەکە.
کتێبەکەت لە فارسییەوە وەرگێڕاوە؟
حەمە قادر: لە فارسییەوە ۳ وەرگێڕانی هەیە، بەراوردم کردن، بۆم دەرکەوت کە وەرگێڕانەکانی تری زمانی ڕۆمانەکەیان نەپاراستووە، کێشەی سانسۆریان هەبووە، باشترین وەرگێڕانی ئەوەیە کە من پشتم پێی بەستووە، بە تایبەت کە کاتی خۆی لەژێر چاودێری سەفیری نەرویج کراوە لە تاران. بۆ دڵنییایی زیاتر وەرگێڕانە عەرەبی و ئینگلیزییەکەیم لەبەردەست بوو و ئەگەڕامەوە بۆیان، وە بە یارمەتی هاوڕێم خاتوو سنور عەبدوڵا لە نەرویج، کە بەشێکی زۆری ڕۆمانەکەی بەراورد کردووە لەگەڵ نەرویجییەکەی، ئەوە دڵنییای کردمەوە کە ڕۆمانەکە شایەنی خوێندنەوە و شایەنی متمانەیە.
گرنگی وەرگێرانی ئەم کتێبە چییە؟
حەمە قادر: ڕەنگە وەرگێڕێکی پڕۆفیشناڵ بیر لەوە بکاتەوە چ کتێبێکمان کەمە، کام نووسەرمان کەمە، ڕاستی من وا نایکەم، من وەرگێڕ نیم وەکو شوناس، وەرگێڕان بەپێی کات و حەز و ئارەزووی خۆم ئەکەم، ڕەنگە دوای ئەم کتێبە هیچی تر وەرنەگێڕم، بێگومان ئەمە مانای ئەوە نییە کە دواتر ئەم کتێبە گرنگی نابێت. ئەگەر لەدەرەوەی خۆم حەز بکەم گرنگییەکی هەبێت، ئەوا حەزەکەم ئەم کتێبە لایەنی کەم بتوانێت ئەو بیرکردنەوەیە بوروژێنێت کە ئێمە، بە تایبەت لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا بەهۆی کۆمەڵێك هەلومەرجی سیاسی و ئابووری کە کوردستان چەشتوویەتی، مرۆڤەکانی لە ڕووی دەرونییەوە بێ هێز، وە دەستەمۆ کردووە، بەو مانایەی بتوانێ هێزی ئەوەیان بداتێ سەرلەنوێ بڵێینەوە "نا" بڵێینەوە "نەخێر" وە سەرلەنوێ مرۆڤ بتوانێت قوربانی بدات لەپێناو ئامانجێکدا، ئیتر ئامانجەکە چییە و چۆنە و ئەگەیت بە چی، بە شاراوەیی ماوەتەوە. ئەو ڕۆژووەی کاراکتەری ڕۆمانەکە لە خواردن ئەیگرێت، ئەو ئازارەی بە ویستی خۆی ئەیچێژێت، جیاوازە لە ڕۆژوویەکی ئاینیی کە ئەبێتە پاك بوونەوەی ڕوح، "برسێتی" ئەمەی نییە، ئێمە نازانین لەپێناو چیدا ئەیچێژێ، بەڵام شایەنی ئەمەیە ژیان، من بڕوام بەوە هەیە کە ژیان بەدەر لە بژێوی شتێکی تریشە.
فۆتۆ: لاژە تەها

