زمناکۆ ھەڵبژاردەی فیستیڤاڵی (سینەما حەقیقەت) لە ھەڵەبجە نمایش دەکرێت

17/03/2016    13:28

زمناکۆ ھەڵبژاردەی فیستیڤاڵی (سینەما حەقیقەت) لە ھەڵەبجە نمایش دەکرێت 


Cînema

سولی ئۆن وێب

فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی "مێھدی قوربانپوور" و لە بەرھەمھێنانی "محەمەد شەکیبانیا" و فیلمی ھەڵبژاردەی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە وڵاتی ئێران، لەسەر داوای "محەمەد عەبدوالوەھاب" پارێزگاریی ھەڵەبجە و لە ساڵڕۆژی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بەدەستی ڕژێمی بەعس و بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی فەھەنگی و ھونەری، ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە و ھەروەھا خەڵکی شاری ھەڵەبجە، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەھیدانی ھەڵەبجە لە مێنۆمێنتی شەھیدانی ئەم شارە نمایش دەکرێت و بڕیاروایە لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانیش پێشکەش بکرێت.  
چیرۆکی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە ژیانی کوڕە کوردیی ھەڵەبجەیی زمناکۆیە کە لە ڕۆژی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا لە دایکی جوێی دەبێتەوە و پاش ٢٢ ساڵ تێپەڕکردنیی ژیان لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "زمناکۆ محەمەد ئەحمەد" و ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە سینەماکانی سپێدە و فەلەستینی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمی دیکۆمێنتی بەدەستبێنێت.
ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەدا لە حەڤدەیەمین خولی جەژنی ماڵی سینەمای ئێران بەشداریی کرد و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێرانیش بەدەستبێنێت. 
"زمناکۆ" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و ڕێزی لێگیرا. 

ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" بریتین لە: 
نووسەر و دەرھێنەر: مێھدی قوربانپوور، وێنەگرەکان: سادق سووری و باست جەبار، مونتاژ: ئەرسەلان ئەمیری، دەنگھەڵگرەکان: ھادی ساعدموحکەم و کیوومەرس سوبحانی، دەنگدانەر: ئیسحان ئەفشاریان، موزیک، مەجید پووستی، بەرپرسی بەرھەم: محەمەد حەیدەری، دیزاینی گرافیک: حامید بارەئی تەبەری، فۆتۆگرافەر: وەحید کوردنیا، ھەماھەنگی ئەرشیڤ: ئامانج کەماڵ و سامان سەلام ڕەشید، یاریدەدەری دەرھێنەر: رێبوار ئەحمەد حەمەل عەبائیلی، یاریدەدەری مونتاژ: ھادی ئەحمەدی، یاریدەدەری بەرھەم: مێھدی محەمەدی تەجلیل، بەرھەمھێنەر: محەمەد شەکیبانیا و بەرھەمی: ناوەندیی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتاری و ئەزموونی ئێران. 












هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw