سولی ئۆن وێب شەهرام ڕەسوڵ جەژنی نەورۆز داب و نەریتێکی زۆر دێرینە کە لە لایەن کورد، هیند، فارس، ئەرمەن، ئەفغان...هتد. بە شێوەی جۆر بە جۆر ساڵانە یاد دەکرێتەوە و ڕەگوڕیشەی جەژنەکەش زۆر کۆنە و تا ئێستاش مێژوونووسان لەسەر سەردەمێکی دیاریکراو رێکنەکەوتوون بۆی. بەڵام زۆرێک لە ئاماژەکان دەگەرێتەوە بۆ پێش چاخی مێژوو . ئەم مێژووە زۆرە وای کردەوە کە یاد کردنەوەی نەورۆز لە لایەن گەلانی جیاوازەوە بۆ مەبەستی جیاواز و بە جۆری جیاواز بکرێتەوە. نەتەوەی فارس یەکێکە لەو نەتەوە دێرینانەی کە چەندین سەدەیە ساڵانە لە یەکەم رۆژی بەهاردا جەژن دەگێرێت بە شێوەیەکی جیاواز لە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە . جیاوازی یادکردنەوەی فارسەکان لەگەڵ نەتەوەکانی تر زۆرە بەڵام دیارترینیان لە ڕازاندنەوەی مێزی (هەفت سین)ە، حەوت سین یەکێکە لە نەریتە کۆنەکانی نەورۆز لەلای فارسەکان کە مێزیک دەرازێننەوە بە حەوت شت کە بە پیتی (س ) دەست پێبکەن ئەمە جگە لە یەکێک لە پیرۆزترین کتێبێک بەلایەنەوە کە بەگشتی دیوانی حافڤ ، یان فیردەوسی و قورئان دەبێت. هەروەها ئاوێنە، گەنمی سەوزبوو، ماسی سووری زیندوو لە ناو حەوزێکی شوشە بچووکدا. حەوت شتەکەش دیاری نەکراوە لە خانەوادەیەکەوە بۆ خانەوادەیەکیتر دەگۆرێت بەڵام بەگشتی ئەمانەن (سبزە، سمنو، سنجد، سیر، سیب، سماق، سرکە) کە هەریەکێک لەم شتانە هێمایەك و مانایەکی تایبەتی هەیە. دوای ئەوەی ئەم سفرە یاخود سینیە بەم شێوەیە دەرازێندرێتەوە ئیتر تەواوی خانەوادەکە بەدەوریەوە دادەنیشن و ئاواتێک دەخوازن ، دواتر پیرۆزبای جەژنی نەورۆز لە یەکتری دەکەن.