بەھمەن قوبادی: بەھاری ئەمساڵ دەسپێکێکی جیاواز دەبێت بۆ نەتەوەی کورد

22/03/2016    14:15

بەھمەن قوبادی: بەھاری ئەمساڵ دەسپێکێکی جیاواز دەبێت بۆ نەتەوەی کورد 


Cînema

سولی ئۆن وێب

سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا بۆ خەڵکی کوردستان ڕایگەیاند: لەوباوەڕەدام کە بەھاری ئەمساڵ، دەسپێکێکی جیاواز دەبێت بۆ نەتەوەی کورد.
سینەماکاری ناودار و بەئەزموونی کورد "بەھمەن قوبادی" بە بۆنەی ھاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، پەیامێک ئاراستی خەڵکی کوردستان لە سەرتاسەری دنیادا دەکات، کە دەقەکەی لە خوارەوەدا ھاتووە: 

ھەر ساڵێک و ھەر بەھارێک دەسپێکێکی دووبارەن بۆمان و گۆڕینی چوار وەرزی ساڵ، بە مانای گۆڕانکاریی دووبارەن لە ژیانی مرۆڤدا و ھاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە، دەبێت بەرەوپێشەوە بڕۆین و لە تەواوی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا گۆڕانکاریی بەدیبێنین.
ھیوادارم بەھاری ئەمساڵ دەسپێکێکی نوێی بێت و ھیچ کاتێک بۆ گۆڕانکاریی و ئاڵووگۆڕیی فیکریی درەنگ نییە. باشتر وایە کتێب و کتێب خوێندنەوە بە ھەڤاڵ و ھاوڕێی خۆمان دابنێین و لە فێربوونی زیاتریی زمانێکی نێودەوڵەتییدا کەمتەرخەمی نەکەین تاکوو دەرگایەک بێت بۆ فێربوون و بەدەستھێنانی ئەزموونی نەتەوەکانی دیکە و بەکارھێنانیان لە ژیانی خۆماندا بە باشترین شێوازیی پێویست.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕۆڵێکی گرینگیان لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بینیوە، بەڵام دەبێت بە وشیاریی و ڕوانینێکی پۆزێتیڤەوە سەیریان بکەین.
پەروەردەکردنی منداڵەکانمان و گرینگیدان بە سەرھەڵدانی فیکریی و سەلامەتیی و تەندروستیی و ھەروەھا خواردنیان، ئەرکی ئێمەیە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو.
ھەوڵەکانی خۆمان بۆ ئەم گۆڕانکاریانە، بخەینەگڕ و لە خۆمان و ماڵەکانمانەوە دەستپێبکەین و ھەروەھا لەوباوەڕەدام کە بەھاری ئەمساڵ، دەبێت دەسپێکێکی جیاواز بۆ نەتەوەی کورد بێت و بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ بەرەوپێشبردنیی ئامانجەکانمان تێبکۆشین. 

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw