سولی ئۆن وێب
لاژە تەها
"ستەیج" ناوی گۆڤارێکی تایبەتە بە شانۆ، بڕیارە لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا ژمارەی یەکەمی بڵاوببێتەوە.
ئەم گۆڤارە لەلایەن دەزگای ئایدیا چاپدەکرێت، لەلایەن پێشڕەو حوسێن و داستان بەرزان سەرپەرشتی دەکرێت.
داستان بەرزان دەربارەی "ستەیج" بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت: "ئەم گۆڤارە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵێک بابەتی تیۆریی و ڕەخنەیی و تێکستی شانۆیی، بەو مەبەستەی بتوانین لە ڕێگەی ئەم ستەیجەوە پڕێک لەو سەرچاوە گرنگانەی کە تاکو ئێستاش بە فێرخوازان و ئارەزوومەندانی بواری شانۆ نەگەیشتوون، یاخود ئەگەریش هەبن کەم و کوڕن و کەمترین ڕێوشوێنی زانستییان تێدا گیراوەتەبەر بگەیەنرێتە دەست خوێنەران."
وتیشی: "کە تاکو ئەم ساتەش یەکێک لەو کێشانەی شانۆی ئێمەی پێوە گیرۆدەیە نەبوونی کەسانی تیۆریی و وەرگێڕی تایبەتمەندە لە بواری شانۆدا، ئەگەریش هەبن، کەمن و لە چەند هەوڵێکی تاکەکەسی تێپەڕناکەن، ئەمەی ئێمەش کردوومانە درێژە پێدەری ئەو هەوڵانەیە، بەڵام ئەگەر بۆمان کرابێت ئەکادیمییانەتر و پیشەمەندانتر کارمان کردووە و لە داهاتووشدا ئەگەریش بواری بەردەوامیمان بۆ بڕەخسێت هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین کە بابەتەکان شایەنی خوێندنەوەبن و سوودبەخش بن و لە هەمان کاتدا دووربن لە هەندێک هەڵە و پەڵە کە پێشتر لە دونیای شانۆیی ئێمەدا هەبوون، ئەم ژمارەیەمان وەک یەکەمین هەنگاو لێوەربگرن، چونکە خەونمانە لە شێوازی دیکەدا ئەم پڕۆژەیە درێژە پێبدەین."