ماڵەکەم پڕە لە کافر نماییش دەکرێت

24/03/2016    18:58

ماڵەکەم پڕە لە کافر نماییش دەکرێت 


Şano


سولی ئۆن وێب
لاژە تەها

 لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا، گروپی لەیزین هەڵدەستێت بە نماییشکردنی شانۆیی (ماڵەکەم پڕە لە کافر) کە وەرگیراوە لە شانۆیی (عێشا) ی تریفە کەریمیان و ڕوبار ئەحمەد مارسیدس کاری دەرهێنانی بۆ دەکات.

دەرهێنانی ئەم شانۆییە بە شێوەیەکی جیاواز کراوە و نماییش لە تارماییدایە، ئەم تەکنیکەش بەپێی وتەی دەرهێنەر یەکەمین جارە لە عێراقدا کاری پێبکرێت.

دەربارەی بیرۆکە و چۆنییەتی کارکردن لە تارماییدا، ڕوبار ئەحمەد، بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "بیرۆکەکەش لەوەوە هات کە دەقەکە گەیاندمیە ئەوەی کەبەمجۆرە ئیشەکە ببینم ، لەیەکچونێکم لەگەڵ دەسەڵاتی دینی سەپێنراو و بیروراکانی تاکی کورد بینیەوە هەمومان لەژێر چارشیوەیەکا خۆمان مەڵاس داوە لەئاست راستیەکاندا و هەرگیز نامانەوێت روەراستەقینەکەی خواستەکانی تاک ببینین . بۆ بەدەست هێنانی ئەو خۆشاردنەوەیە بەکارهێنانی توندوتیژییە بەهەموو جۆرەکانیەوە . کۆمەڵگامان چەند بانگگەشەی نوێخوازی بکات هەر لەئاست داب ونەریتدا زۆر کۆنەپەرستانە بیردەکاتەوە ناتوانین خۆمان دەربازکەین لەوکۆت زنجیرەی کراوەتە ملمان چەند سەردەم گونجاوبێت بۆ دەرباز بوون کەچی ئیرادەمان مل نادات. بۆیە ئێمە روی راستی مرۆڤەکانمان وون کردوە ناتوانین بیانبینین چونکە بیرمان ئیفلیجە چاومان زیادەیە لەم سەردەمە تا ئێستا کاری خۆی نەکردوە چاومان هەبێت یان نا هیچ لە بابەتەکە ناگۆرێت هەر تارمایی ئەبینین."

شانۆیی "ماڵەکەم پڕە لە کافر" لە بەرواری ۲۷ی ۳ی ۲٠۱٦، کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە، لە هۆڵی ئامادەیی سلێمانی کوڕان نماییش دەکرێت، تا ٥ی ٤ی ۲٠۱٦، بەردەوام دەبێت. 


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw