سولی ئۆن وێب شەهرام ڕەسوڵ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کە لە ساڵی ١٩٩٨ز لە لایان شاعیری نەمر شێرکۆ بێکەس و کۆمەڵێ لە هاوەڵانی لە سلێمانی دامەزراوە. ساڵانە کتێبگەلێکی زۆر لە بوارەکانی فەلسەفە و فیکر و زانست و هونەر و ئەدەبدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە ئەمە وێرای بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی زۆریش لە گۆڤار (بۆ نموونە زانستی سەردەم – ئەدەی سەردەم – منداڵی سەردەم – ئایندە – ڕۆڤار – سەردەم) ، وەهەرەوەها چالاکی جۆراو جۆریتریش. یەکێکیتر لەو چالاکیانەی کە دەزگای سەردەم ساڵانە بە گروتینێکی زۆرەوە ئەنجامیدەدات یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی شانۆیە، بە بۆنەی یادەکەوە سەردەم کۆمەڵێ دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی شانۆیی چاپ و بڵاو دەکاتەوە کە وەک نەریتێکی ساڵانەی لێهاتووە ڕۆشنبیران و شانۆکاران بە تامەزرۆیەکی زۆرەوە ساڵانە چاوەرێی ئەم بەرهەمانەی دەزگاکە دەکەن کە سەرجەمیان لە دەقە بەناوبانگەکانی شانۆیی جیهانین، ئەمساڵیش دەزگای سەردەم وەک ساڵانیتر ژمارەیەک کتێبیتر دەخاتە بەردەستی ئارەزوومەندانی شانۆ کە ئەمانەن : دیمەنێک لە پردەکەوە – هەموو کوڕەکانم – مەرگ لە دەرگا دەدات – جەنگستان – سێ شانۆنامەی کورت – کۆی شانۆنامەکانی سارا کەین – کتێبەکانی شانۆ لەنێوان تیۆر و پراکتیکیدا – ڕۆنانی درامایی – شانۆی سەکۆ . دامەزراوەی نێودەوڵەتی شانۆ کە دامەزراوەیەکی سەر بە رێکخراوی(UNESCO)یە لە ساڵی ١٩٤٨ز دا دامەزراوە ، ئەم دامەزراوەیە ٢٧/٣ی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانی شانۆ دیاری کردووە لە ساڵی ١٩٦١ز یەوە.