سلێمانی بەدەم پەتا سپیەکەوە دەناڵێنێ

27/03/2016    23:08

سلێمانی بەدەم پەتا سپیەکەوە دەناڵێنێ 


Têkst


فاروق هۆمەر
 
باع، باع، باع .. وەکو بەرخێکی بەستەزمان لەو دونیایەدا دەمباراند و لە خودا دەپاڕامەوە کەمێک باران بەسەر ئەو مەخلوقە هەژار و بەستەزمانانەی خۆی دا ببارێنێ . خودایە بارانێ .. هەموو ژیانمان تەڕ و گیانمان ببوژێنیتەوە . 

بۆ یەکەمجار بوو لە ژیانما هەستم بە ئاژەڵبوونی خۆم دەکرد . ئەو کاتە بوو بەسەر زیلەکانەوە بۆ سەربازی بەرەو باشوور دەگەڕاینەوە و بەناو سەحرادا کێشیاندەکردین . بەنێو هەموو ئەو شارانەدا تێدەپەڕین و من چاوم لەدووی ئاو دەگێڕا . هەزاران زیلی سەربازی پڕ لە گەنجانی کورد، بەرەو سەربازگەکانیان دەبرانەوە . هێشتا کەرکوکمان بەجێنەهێشتبوو، تێنوێتی تەواو تەنگی پێهەڵچنیبووم . هەر من نەبووم . گەنجانی شارێک هەموو لەوێ بوون . هەموو لەوێ بووین و ئاوی لێنەبوو . هەزاران سەربازی کوردی تینوو . سەرۆکێک خەونی بەوە دەبینی بەو هەموو سەربازە تینوەوە شەڕی دونیا بکات . ئەو بیری لە داگیرکردنی کوەیت کردبۆوە . دڵی بەو حەشاماتە بێشومارە خۆشبوو کە بەسەر زیلەکانەوە وەکو کوللە زەردیان دەکردەوە . لەبەرەبەیانییەوە تا ئێوارەیەکی درەنگ کاروانی زیلەکان یەک لە دوای یەک دەڕۆیشتن و کۆتاییان نەدەهات . من دەمبینی زیل لە دوای زیل دەرۆیشتن و هەر هەموویان پڕیان ببوو لە گەنجانی نیشتمانێکی بێخاوەن . من ئەو کات تێگەیشتم کوردبوون نەفرەتێکە و تا ئەبەد لێمان نابێتەوە . باع، باع، باع . 

خەریکبوو هەموو لە تینوا دەخنکاین . هەر چییەکت دەبینی، خەریک بوو لە تینوا ڕەش هەڵدەگەڕا . ئەو حەشاماتەی بەرەڵات بکردنایە هەر بەبێ چەک لە چاوتروکانێکا هەر هەموو کوەیتیان بۆ داگیردەکردی . داگیرکردنی کوەیت زۆر لە دۆزینەوەی ئاو ئاسانتر بوو . 

هەر گەنجانی سلێمانی نەبووین، هەموو گەنجانی شارەکانی تری باکوری ئازیز هاتبوون . هەموو هاتبوون و ئاویان لەبیر چوو بوو . هەموومان دەگەڕاینەوە بۆ سەحرا و بەهەر هەموومان لێوانێک ئاومان لەگەڵ خۆمان نەهێنابوو . ئەو کات زانیم بۆچی ئێمەی کورد بەردەوام لە شەڕەکانی خۆمان دا لەگەڵ ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێراقا بەردەوام شکست دەهێنین . ئێمە بیرمان لە ئاو نەکردبۆوە، لەگەڵ ڕژێمێک بەشەر هاتبووین کە دەیتوانی زۆر بە ئاسانی تەنیا بە ئاو بمانکوژێت . ئەگەر ئێمە بە ئاوەوە بچوینایەتە نێو جەنگەکانەوە ئەوا گومانم نەبوو لە چاوترکانێکا هەر هەموو نیشتیمانی عەرەبمان دەخستە ژێر رکێفی خۆمانەوە . ئەوان زۆرباش ئێمەیان دەناسی . میلەتێکی شاخاوی، بی ئاوی بکە بۆ خۆی زۆر بە سادەیی دەخنکێ . لەناو ئەو سەحرایەدا بەرەو باشوری لە گەرما هەڵقرچاویان دەبردینەوە و هیچ یەکێک لە ئێمە لێوانێک ئاوی لەگەڵ خۆی نەهێنابوو . نە زیندان و نە گۆڕی بە کۆمەڵ، تەنیا لە سەحرادا فڕێیان بدەن و لەوێ دا بەجێیان بهێڵێن . لە هەندێ جێگە بەناو شارەکاندا دەرۆیشتین و خەڵکەکە تەماتەی ڕزیویان تێدەگرتین . 

 نازانم بۆ هەستی مردن هێواش هێواش تێکەڵ بە گیانم دەبوو . من لە شوێنێکا دەمردم کە هیچ ئاوی تیا نەبوو . لە شوێنێک تەنیا سەحرا و لمێکی زەرد تا چاو بڕ بکات درێژ و درێژ و درێژتردەبۆوە . من لەناو زیلێکا وێستابووم و هێندەی تۆزکاڵێک شوێن پێم هەبوو، لەو ساتەدا لە تینوێتیا دەمم خەریکبوو تەواو ووشک دەبوو . پیاوێکی تینوو، خەریک بوو لە تینوا وەکو شێت هاوارم دەکرد، باع، باع، باع . ئەوەم بە خەونیش نەدیبوو . بۆ هیچ کاتێک لە ژیانما بەو قووڵییە هەستم بە بەها و جوانی ئاو نەکردبوو . زێرینی ئاو . ئەو کاتە بیری بەکرم کەوتەوە کە لە کوچە و کۆڵانەکانی سلێمانیا دەچووە بەردەم دوکاندارەکان و داوای لێدەکردن بە سوندە ئاوەکان بیشۆنەوە . بەکر و حەمە دوو برابوون، من هەر بە شێتی هەردوکیانم دیبوون . بەکریان شێتی ئاو بوو . دوکاندارەکان سۆندەی پڕ لە ئاویان دەخستە سەر سەری بەکر و بەکریان دەشۆردەوە . بەبیرم دێتەوە کاتێک بەکر تەڕ تەڕ دەبوو . بەکرێکی تەڕ لەو دونیایەدا هەر دەتگووت بە تەڕی لە دایک بووە . ئاسودەیی بەکر لەوێ دا بوو  ئەو کاتانەی لەناو ئاوا مەلەی دەکرد . دەتگووت ماسییەکی تەڕە و لەناو شینایی ئاسمانا شۆربۆتەوە خوارێ . 

من چەندینجار بەکرم بە تەڕی دیبوو و لەناو ئاوا دەوەستا و سەرتاپای گیانی دەبوو بە ئاو و ئاوی لێدەتکایەوە . لەناو شەپۆلی ئاوا قا قا پێدەکەنی و وەکو منداڵێک لە شوێنی خۆی بەرز دەبۆوە و هەڵدەپەڕی . وەکو ئاژەڵێکی تووکن، لەسەر زەمین بەرزدەبۆوە و ئۆقرەی بە خۆی نەدەگرت . ئیستا بیر لەو عەشقەی بەکر بۆ ئاو دەکەمەوە . ئەوکات بەکر بیری لە جوانی ئاو کردبۆوە و دەیویست وانەیەکمان دەربارەی ئاو دابا و نەیدەزانی چۆن . بەکر ووشەی پێنەبوو . بەکر گرفتی زمان تەنگی پێهەڵچنیبوو . من دەزانم بەکر دەیویست شتێکمان پێ بڵێ و نەیدەزانی چۆن بیڵێ . ئەو دەیویست بڵێ دەست بە ئاوەوە بگرن، دەشێ رۆژێک بێ هەر تەنیا بە ئاو داگیرتان بکەن و ناچار بمێنن ژن و ماڵ و مناڵتان بە لێوانێک ئاو بگۆڕنەوە . 

 من لە شارێک دەژیام هیچ ڕوبار و جۆگەیێکی تیا نەبوو، کەچی بۆ ساتێکیش چییە هەستمان بەبێ ئاوی نەکردبوو . هەر ئەوەش وای لێکردبووین خۆمان بە خەڵکانی ئەو گوندانە بزانین کە لەسەر زەریاکان لەدایکبووبوون . من لێرەدا خەریکە دەخنکێم . تەماشای ئاسمانی پر لەخۆڵم دەکرد و لە زەردایی دونیا ووردەبوومەوە . خودایە لەناو ئەو هەموو خۆڵ و لمەوە بارانێک ببارێنە . بیکە بە ڕەحمەتی محەمەدولموستەفاکەی خۆت بارانێکی بەخێر .  

ڕووم کردە هاوڕێکەم و گووتم، دەڵێی چی خۆمان فڕێبدەینە خوارەوە و هەڵبێین . 

لەم سەحرایەدا بۆ کۆێ دەچی ؟ 

لێرەدا دەمرین، کەس باکی بە بوونی ئێمە نییە . 

هاوڕێکەم دەرهێنەرێکی شانۆیی بوو و کاتی خۆی لە سلێمانی شانۆی پەتاسپیکەی بۆ شانۆ دەرهێنابوو . من ئیستاش بیر لەو سەلیقە تیژەی ئەو دەکەمەوە کە بۆچی لەناو ئەو هەموو بیرۆکانەی دونیادا ئەو پەلاماری پەتای دابوو . تۆ بڵێی ئەویش هەر وەکو بەکر کە دەیزانی ڕۆژێک خەڵکان منداڵەکانی خۆیان بەرانبەر لێوانێک ئاو دەگۆڕنەوە، هەستی بەوە نەکردبێ کە ڕۆژێک هەموو بەدەم پەتاوە دەمرین . 
باع، باع، باع . ئاو، ئاو، ئاو . 

زیلەکان هەر دەرۆیشتن و لە تێپەڕین بەناو سەحرادا ماندوو نەدەبوون . ناو دەمم ئەوگووت یەکپارچە تلەخۆییە . گەرماش لەولاوە تەنگی پێهەڵچنی بووین . کاتێکم زانی لەناو ئەو قرچە قرچی گەرمایەدا پێڵاوەکانم بەسەر پێکانم دا توانەوە . هەر بە فریای ئەوە کەوتم پێڵاوەکانم بەپەلە لە پێکانم دابکەنم و فڕێیان بدەمە دەرەوە . ئیستا من سەربازێکی پێ پەتی و لە تینوا خنکا و وەک کۆلێرەیەکی ناو تەنوریش، لە گەرما هەڵقرچاوم . نەک هەر کوەیت، ئامادەم بۆ لێوانێک ئاو پەلاماری هەموو دونیا بدەم و ئینسان گۆشاو گۆش سەربڕم و لەناو دەمیەوە زمانی بهێنمە دەرێ و تا هێزم تیایە وەکو گورگ بلوورێنم . 

چاوێکم هەڵبڕی و ڕوانیمە ڕوخساری ئەریوان کە لەو نیوەڕۆ گەرمەدا زەرد هەڵگەڕابوو . من بە نیازی ئەوەبووم لەو خەندە شیرینەی ئەو بڕوانم کە وا هەمیشە بەسەر لێوەکانی ئەوەوە بوو . خەندەیەک لە هەر کاتێکی بێزاریا لێت بڕوانیایە ڕۆحی فێنک دەکردیتەوە . کاتێ ئەو ڕوخسارە زەرد هەڵگەڕاو و لێوە وشکانەی ئەوم دی، لەپڕێک ترسێک ڕایچڵەکاندم و زۆر بەخێرایی بیرم لە مردن کردەوە . بیرم لەو ڕۆژگارە کردەوە کە پەتا سپیکە لە شاری سلێمانیا بڵاوبووبۆوە . 

بیرت دێ سەرەتا پەتاکە بڵاوبۆوە . من گووتم . ئەریوان تۆ چۆن بۆتکرا زۆر پێش لە وادەی خۆی پێشبینی ئەو پەتا سپیکەیە بکەیت . 
پیرەکان دەمردن و کۆستیان لەناو دڵی گەنجەکان دا جێدەهێشت . پەتا هەموو دونیا دەگرێتەوە . 

کاتێک ئەزبەنی لە ناوچەی بارزانەوە هاتە خوارێ و ئاڵای کوردستانیان دایە دەست، ئەو تەنیا خەیاڵی لای جووتیارەکانی ناوچەی بارزان بوو کە بە دەست زوڵم و زۆری ئاغاکانەوە دەچەوسانەوە . ئەو هێشتا پشتی لە کوردستان و ڕووی لە زەوی و زارەکانی بارزان بوو . دامابوو نەیدەزانی لە نێوان کوردستان و بارزان دا کامیان هەڵبژێرێ . کامیان بۆ ئەو ئاسانتر بوو . بێ ئاگاش بوو لەو پەتا سپیکەیەی کە لێرە و لەوێ بەشێنەیی بەناو شارەکان دا بڵاو دەبۆوە . خەڵکانێکی زۆر بە دەم پەتاوە مردبوون و لە هەناسەدان کەوتبوون . 
ئەریوان لە ئەزبەنی دەڕواتە پێشێ و پێیدەڵێ، پەتا . پەتا خەریکە هەموو ژیان پڕ دەکات لە ڕشانەوە . 

ئەزبەنی گوێی لە ئەریوان ڕانەدەگرت و گوێیەکانی ئەو قسانەی نەدەبیست کە لە زاری گەنجێکەوە دەهاتنە دەرێ کە هێشتا بۆنی شیری خاو لە دەمیەوە دەهاتە دەرێ و خەندەیێکی گەشاوەی منداڵانەش لەسەر لێوەکانی دەبریسکانەوە .  

شۆرش هەڵگیرسا و کوردستان بوو بە یەکپارچە ئاگر . گەنجانی کورد هەر وەکو باڵندە بەدەم ئاهێکی ساردەوە دەکوژران . هەر دەتگوت باڵندەی پێکراون و بە پەڕوباڵی خوێناوییەوە دەکەوتنە خوارێ . بەڵام من هێشتا دەمەوێت کەمێک واوەتر بۆ ڕابردوویەکی دی بگەڕێمەوە . ڕابردوویەک کە زۆر لێمانەوە دوور نییە . لەو ڕابردووەشا، ئەریوانم بیرە بە هەڵەداوان هەر پێیەکی کردووە بە دوان و هەر هەنگاوێکی کردووە بە هەزار و خەریکە هەناسەبڕکێ لە پەلوپۆی بخات . ئەریوان لە بەردەرکی سەراوە، ئەو سەرایەی کە هەر ڕۆژەی ئاڵایەک لە ئاسمانەکەی دا دەشەکایەوە . خێرا تێدەپەڕی و بە گورگە لۆقە ڕێگەی دەبڕی و هاواری دەکرد . پەتا، خەڵکینە پەتایەک بڵاو دەبێتەوە کە زۆر سەختە بۆتان بکرێ خۆتانی لێ قوتار بکەن . پەتا . 
ژنێک دەیگووت من لەبیرمە لەو سەرایەدا ئاڵای عوسمانییەکان دەشەکایەوە . بەڵام هێندەی نەبرد ئاڵای تورکەکانیان داگرت و ئاڵای ئینگلیزیان لە شوێنی بەرزکردەوە . شارێک بۆ ڕۆژگارێکی دورودرێژ لەژێر ئاڵای ئینگلیزەکان درێژەی بە ژینی ئەسارەتی خۆی دەدا . 

ئەو دیمەنەشم بیرە کە ئەریوان بە دەم خەندە شیرینەکەی خۆیەوە، لەبەردەرکی سەراوە و لە پشتی بانکەوە بەبەردەم مزگەوتەکەدا بەرەو ماڵی شێخ مەحمود دەڕۆی . لەبەردەم ئەو دەرگایەدا بۆ تاوێک وەستابوو کە لەودیوەوە هەزاران ژوور و دەرگای زێرینی تیا بوو . دەستێکی هەڵبڕی و زۆر بە تووندی لە دەرگای دا . بڕوا ناکەم هیچ کەسێک تا ئیستا بەو بوێرییەی ئەریوانەوە ئاوا بە توندی لە دەرگای ماڵی شێخی دابێت . لەو کاتەی کە ئەریوان لە دەرگای دا، هەموو خەڵکانی شار گوێیان لەو بانک کردنەبوو کە دەیگووت، بڕۆن شێخم بۆ بانگ بکەنە دەرێ، پەیامێکم پێیە کە ناتوانم بۆ یەک چرکەش چییە دوای بخەم و دەبێ هەر ئیستا بۆ خۆی بێتە دەرێ و بە گوێیدا بدەم . لەودیوەوە پیاوێکی شێخ بەدەم ئاوازێکی گۆرانییەوە دەرگای لێدەکاتەوە . بێئاگا لە دونیا و مەست بە گۆرانی لەبەردەم ڕوخساری ناسک و خەندەی شیرینی ئەریوان دا سەرسام دەوەستێت . 

بڕۆ بە شێخ بڵێ، هێندە نابات پەتایەک بڵاو دەبێتەوە . ئەریوان گووتی . پەتایەک پیر و پەکەوتەکان هەموو دەکوژێت . ئەگەر بە فریا نەکەوین و خۆمان کۆ نەکەینەوە ئەوا زۆر ئاسانە هەموو لەبار بچین . 
شێخ لەناو حەوشەی کۆشکەکەیەوە، خەریکی تووندکردنەوەی بەنەخوێنی شەرواڵەکەیەتی . گوێی لە وشەی پەتا بوو . بەڵام هیچ یەکێک لەو وشانەی کە دەربارەی پەتا بوون، بۆ تۆزقاڵێکیش ئەوی دانەچڵەکاند . 

پەتا، دەروازەوانی ماڵی شێخ دەڵێ . دەستێک دەخاتە سەر ناوچەوانی ئەریوان و پێیوایە ئەو کوڕە لاوە دەم بە خەندە شیرینە خودا هۆش و گۆشی لەبەر بڕییوە و هەر بۆ خۆی وڕێنە دەکات . 
باع، باع، باع . من هێشتا لەناو ئەو سەحرا سوتاوەی ژێر ئاسمانێکی پڕ لم و خۆڵا دەمباعاند و بیرم لە لێوانێک ئاو دەکردەوە . لەبەرخۆمەوە دەمگووت، خودایە تۆ دەریاکانت زۆر بە نادادوەری بەسەر دونیادا دابەشکردووە . 

لەپڕ لە دورەوە زیلەکان دەوەستن . زیلێک و دووان نین . هەزاران زیل لەناو جەرگەی سەحرادا لەپڕ دەوەستن . لەژێر ئەو تیشکی خۆرەدا کە لەناو ئاسمانێکی پڕ لە خۆڵ و لما ئەڵێی ئەڵماسە دەدرەوشێتەوە هەزاران سەربازی تینو کە بە هیچیان لێوانێک ئاویان پێ نەبوو وەکو شێت و هار ڕادەکەن . ئەو زیلانەی کە پڕ بوون لە گەنجانی بەدبەختی کورد هەموو وەستان . ئەو گەنجانەی کە لەو دونیا پڕ لەنادادپەروەرییەدا هیچ دەروویەکیان شک نەدەبرد . من بەپێی پەتی خۆم لە پشتی زیل فڕێ دەدەمە خوارەوە و بەرەو ئەو جۆگەلەیە ڕادەکەم کە لەناو ئەو زەوییە شەقار شەقارەدا ڕاکشاوە . هەر وەکو ئەوەی پێشتر لە خەونێکما ئەو جۆگەلە ئاوەم ببینی بێ و زۆر دڵنیا بووبێتم کە پڕی ئاوێکی سازگار و فێنکە،  هەڵدێم و دەمەوێ جارێ دەستێکی تێ بهاوێژم و بۆ تاوێک چاوەڕوانی تەزیینی بکەم . بەڵام ئەو جۆگەلەیە ئاو نەبوو تەنیا گواوی گوندێکی دەوار نشینی نێو سەحرابوو . 

بەرەو ناو گواوەکە چووم و بەر لە هەموو شتێک سەرم تێهاویشت، ئەوجا بینم نا بەگواوەوە و تێر تێرم خواردەوە . کە سەرم هەڵبری هەموو لاوەکانی کورد، ئەوانەی گەرما هۆشی لەبەر بڕیبوون، سەریان لەو جۆگەلەی گواوەدا فێنک دەکردەوە . جۆگەلەی گواو لەو سەحرا زەردەدا ڕەشی دەکردەوە . 
پەتا، پەتا بڵاو بۆوە . 

پیرێژنێک دەڕوا و لەسەری کۆڵانێک دەکەوێ . من ئەو پیرێژنەم دی کە لەناو ڕشانەوەی خۆیا گیانی دەرچوو، ئەوە گێڕانەوەی پیرەمێردێک بوو کە دوای دەیان ساڵ وەکو حیکایەت بۆ منداڵەکانی خۆی دەگێڕایەوە . پەتا ژیانی شارێکی وێران کردبوو . هەر هەموو خەڵکی شار بەدەم ژانێکەوە کە ترسی مەرگی پەتا خستبوویە دڵیانەوە، کۆ دەبنەوە و بەرەو ماڵی شێخ دەڕۆن . خەڵک هاواریان لە شێخ مەحمود کرد . 

شێخ، تۆ لەو دیوەوە لەناو کۆشکی خۆتا دانیشتویت و بێ ئاگای لەو خەڵکەی وا خەریکە لەناو پەتادا دادەرزێن . 

شێخ ناوێرێ دەرگا بکاتەوە . بەڵام شێخ هێشتا هیچ یەکێک لە منداڵەکانی، لە خزم و کەس و کاری، تەنانەت دارو دەستەکەشی پەتایان نەگرتبوو . دەروازەوانی کۆشک بە تیر و ڕمەوە هەموو لەبەردەم قامەتی شێخا وەستابوون و پارێزگاری گیانی شێخیان دەکرد لە هەر پەلامارێک ئەگەر ئیستا نا تاوێکی دی بکرێتە سەری . 

رۆژێک لەپڕ قاو وا دەکەوت کە شێخ بۆ خۆشی تووشی پەتا بووە . 

دەروازەوانی کۆشک هاتن و بەناو شارا بڵاوبوونەوە، لە پزیشکێکی گەنج دەگەڕان کە تەنیا بەناوی یەکەمی دا بیریان دەکەوتەوە کە ناوی ئەریوانە . 
خەڵک هەموو بانگی ئەریوانیان دەکرد، تیماری شێخ نەکات . با شێخیش هەر وەکو کەسەکانی ئێمە بەدەم ڕشانەوەوە گیانی دەربچێت .

با شێخ بمرێت، تا ئەویش ژانی ئازار و تامی پەتا بچێژێت . نەکەی دکتۆر ئەریوان، بە فریای شێخ بکەویت، با شێخیش ئەوەندە بڕشێتەوە تا کۆشک پڕ دەکات لە ڕشانەوە . 
شار ئەو ڕۆژگارە بەدەم دوو ئازارەوە دەیناڵاند، لە لایەک پەتا گیانی پیروپکەوتەکانی دروێنە دەکرد و لە لایەکی دیشەوە جەنگ گەنجەکانی دەکوشت . 

دکتۆر ئەریوان، بە خۆی و جانتای پڕ لە داو و دەرمانەوە بەرەو ماڵی شێخ کەوتە ڕێ . هەندێک لە خەڵکەکە هاتبوونە سەر ڕێگەیەی و بەردیان تێدەگرت و هاواریان لێدەکرد تا پەژیوان بێتەوە و بە هیچ جۆرێک بیر لە سارێژکردنی شێخ نەکاتەوە . هەندێکی دی کە پەتا و ڕشانەوە لاوازی کردبوون، لێیدەپاڕانەوە کە بە هیچ جۆرێک کەوچێک دەرمان چییە نەیخاتە سەر زاری شێخ . 
ئەریوان، پیاوێکی بەجەرگ بوو و ترسی بە گیان و باکی بە ژیانی خۆی نەبوو . ئەو گیانە چ کەڵکێکی هەیە ئەگەر ئەمرۆش پەتا داینەرزێنێ، ئەوا دوور نییە سبەی لە جەنگە یەک بە دوا یەکەکانەدا رمێک یان تیرێک سنگی بکات بە دوو کەرتەوە . 

ئەریوان بەبێ ئەوەی سڵ لە گەورەیی شێخ بکاتەوە، دەڵێ گەورەم من بە مەرجێک پەتا لە جەستەی ماندووت دوور دەخەمەوە . ئەو مەرجەشم ئەوەیە کە دەست لە شەڕی براکوژی هەڵبگری و چی دی منداڵانی کورد بە کوشت نەدەیت . 

هەموو خەڵکانی شار بە گووتە گەرم و شیرینەکانی دکتۆر ئەریوان شاگەشگە بوون . ئەوە چ نەڕە شێرێک بوو لە ڕووی شێخ دا ئاوا دلێرانە وەستا و لەبەرانبەر ڕزگار کردنی گیانی، داوای وەستانی شەری براکوژی لێکرد . مەرجی نەڕشتنی خۆێنی منداڵانی کورد بە دەستی کورد . خەڵکەکە ئەریوانیان خستە سەر شانەکانیان و بەناو شارا سورانیانەوە .  ئیستاش سلێمانی ئەو خەڵکەی خۆی لەیاد ناکات، کە چۆن لەو ڕۆژگارەدا پەتا و ڕشانەوە ژیانی لێ تاڵ کردبوو، حەشاماتی خەڵک ئەریوانیان بەسەر شانەکانیانەوە بەرز بەرز ڕاگرتبوو .  

جەنگ ناوەستێ و شەڕ بەردەوامە، ئەزبەنی سوورە لە سەر ئەوەی نیشتیمان ئاڵای شەکاوەی خۆی هەڵبکات . ئەزبەنی هەر بۆ خۆی بەدەم پەتاوە سواری ئەسپێکی یاڵ زێرین دەبێ و لاوان بەرەو جەنگ و بۆ خودی خۆشی بەرەو ئێران هەڵدێ . 

ئەریوان ؟ 
ئەریوان چی ؟ 

ئەریوان لە پەلامارێکا کوژرا . کەس نەیزانی کێ ئەریوانی کوشت . تیری دوژمن یان تیری داوای دژوار، کاتێک گەیشتمە سەر لاشەی ئەریوان، خوێن هەر وەکو کانی لە سنگییەوە فوارەی دەکرد . خەندە شیرینە منداڵانەکەی کە هەر وەکو گوڵ لەسەر لێوەکانی دەگەشایەوە هێشتا لە شوێنی خۆی بوو . ئەریوانم باوەش کرد و لەگەڵ خۆمم برد . هەوڵم دەدا نەهێڵم خەندەکەی بژاکێ، جارجارێک پەنچەیەکم لە خوێناوی جگەری وەر دەدا و لێوەکانیم پێ سوور دەکرد . 
هەر دەرۆیشتم و نەمدەزانی ئەو گوڵە لاولاوە شەهیدە بەرەو کوێ بەرم . ئەریوان لە کوێ بنێژم . خودایە لە ناو کام خاکی نێم . کام گۆرستان . ئێمە نەتەوەیەکین گۆرستانی نەتەوەییمان نییە . شەهیدی نەتەوەییمان نییە . هەر شارە شەهید و گۆرستانی خۆی هەیە، هەر خێڵە شەهید و گۆرستانی خۆی هەیە . ئێمە شەهید و گۆرستانێکمان نییە هەر هەموو کورد پێکەوە بە شەهید و گۆرستانی خۆی بزانێ . 
لە بەردەرکی سەراوە بەرەو سابونکەران هەڵدەکشام و لەناو خۆرنشینی ئەو ئێوارەیەدا مەرگی ئەریوانم بە باوەشەوە گرتبوو . لەپڕ پیاوێک لەوسەری دونیاوە بە دار شەقێکەوە دەهاتە خوارێ . زرنگانەوەی دارشەقەکەی لەسەر ئەرزەکە هەر بەوە دەچوو زللەیەک بێ و لەناوچەوانی مێژووی بدا . ئەو هێواش هێواش بەرەو ڕووم دەهات و لەگەڵ خۆی دەقی شانۆیی ئۆڤیلیای سپی هێنابوو . ئۆڤیلیا ! هێی ئۆڤیلیا، من ئیستا لەگەڵ تۆ دەدوێم .

لەم نیشتمانەی ئێمەدا شوێنێک نییە لاشەی ئەریوانی تیا بشارمەوە . ئەم نیشتیمانە شەهیدی نەتەوەیی نییە . ئەم نیشتیمانە ویقار و سەربەرزی نەتەوەیی نییە . وەرە و لێم بڕوانە کە چۆن هیچ شوێنێک شک نابەم ئەم لاشەیەی تیا بشارمەوە . دڵنیام داڵ و قاڵاش لە لاشەکەی بخۆن زۆر لەوە بە رەحمتر بێ چاوەڕێی ئایندەی ئەم نیشتیمانە بین . 

من دەرۆیشتم و لاشەیەکم لەگەڵ خۆم هەڵگرتبوو، لاشەیەک بە خەندەیەکی سووری گەشاوەوە . خەندەیەکی شیرینی منداڵانە کە بۆ هەتا هەتایە باکی بە ژاکان نەبوو . هەر دەرۆیشتم و تا دەهات تاریکایی لەناو خۆی دا دەیشاردمەوە . تاریکایی دەیخواردمەوە . ئۆڤیلیاش بەبەرگێکی سپییەوە شوێنم کەوتبوو . کراسەکەی بەری ئاودامان دادڕی بوو و بە دوو مەمکی ڕووتەوە بە شوێنما دەهات . گوێم لە دەنگی ئۆڤیلیا بوو و لەناو تیشکی ڕوناکی چراکانی سەر شەقامەکە بانگی دەکردم و دەیگووت، وەرە ئەو لاوە جەرگ خۆێنینە لەناو سنگی مندا بنێژە . وەرە ئەریوان لەناو دڵی منا دانێ . هەر دەڕۆیشتم و بەبێ ئەوەی ئاوڕی لێبدەمەوە بەرەو ناو جەرگەی تاریکاییەکە دەچووم . بڕۆ ئۆڤیلیا بڕۆ ! من هاوارم دەکرد . بڕۆ ! تۆش کە ئیستا زیندووی سبەی مردوو . ئێمە شانۆییەکی نەتەوەیشمان نییە تا شکۆی تۆ لە خۆی بگرێ . بڕۆ ئۆڤیلیا بڕۆ، سبەی تۆش ناناسنەوە . سبەی لەم دۆزەخەدا تۆش ناخوێننەوە . بڕۆ ئۆڤیلیا بڕۆ ! 


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw