فیلمی "ژیان لەسەر سنوور" بە وەرگرتنی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی فیستیڤاڵی فیلمی "تیبوڕۆن" لە وڵاتی ئەمەریکا، تەنیا دوای چەند ڕۆژ لە خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا، دووەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی بەدەستھێنا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن کۆمپانیای ھۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" Illumina Films لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ١١ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" Tiburon لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی ئەم فیستیڤاڵە سەربەخۆ سینەماییە بۆخۆی مسۆگر بکات و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی ئەمەریکیی ITFF بە دروشمی "تێگەیشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم"ەوە، خەڵاتی "زنجیرەی زێڕین"ی Golden Reel سینەما بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شنگال پێشکەشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە، بە نمایشی ٦٥ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان و چەندین بەشی لاوەکی لەوانە: چاوپێکەوتن لەگەڵ سینەماکارانی بانگھێشتکراو، کردنەوەی پانێلی ئاخاوتن و ھەروەھا وتووێژ سەبارەت بە ھونەریی سینەما لە ڕۆژانی ٨ تا ١٤ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە شاری کەنارئاویی تیبۆڕن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
"ژیان لەسەر سنوور" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، ڕۆژی ١٠ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" ÉCU لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە سینەماییەی پێبەخشرا.
فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" ÉCUکە یەکێک لە ڕووداوە گرینگ و جێی متمانەکانی سینەمای سەربەخۆی ئەورووپا دێتە ئەژمار و بە مەبەستی گەورەبوون و سەرھەڵدانی فیلمسازانی سەربەخۆ لە سەرتاسەری جیھان و پەرەپێدان، گەشەسەندن و ڕۆیشتن بەرەوپێشێی سینەماکارانی سەربەخۆ دامەزراوە، یازدەیەمین خولەیدا بە نمایشی ٧٧ فیلم لە ٣١ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جیاواز لە ڕۆژانی ٨ تا ١٠ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە شاری پاریس لە فەڕەنسا بەڕێوەچوو.