فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاریی کورد "ھەڵکەوت مستەفا" لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" El Clasico لە دەرھێنانی "ھەڵکەوت مستەفا" کە لە لایەن ھەرێمی کوردستان و وڵاتی نۆڕوێژەوە بەرھەمھاتووە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە لە چەندین سانسی جیاوازدا لە بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و بڕیاروایە لە زانکۆی سینەمایی ئێرانیش بۆ قوتابیانی سینەمایی نمایش بکرێت.
"ئێل کلاسیکۆ" لە ڕۆژیی یەکەمی ئەم فیستیڤاڵەدا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژیی چوارشەمە ٢٠ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران نمایشکرا و لە درێژەدا لە کاتژمێر ١٥/٧ی ئێوارێی ڕۆژیی ھەینی ٢٢ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٤ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و لە دوایین سانسدا بە ئامادەبوونی سینەماکاریی کوردیی دانیشتووی وڵاتی نۆڕوێژ "ھەڵکەوت مستەفا"، دەنگھەڵگری فیلمەکە "بەھمەن ئەردەڵان" و ھەروەھا ھەندێک لە ستافی تەکنیکی فیلمەکە لە کاتژمێر ٤٥/٤ی دوانێوەڕۆی ڕۆژیی شەمە ٢٣ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ١ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان.
"ھەڵکەوت مستەفا" لە ڕۆژانی مانەوەی لە وڵاتی ئێران لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی سینەمای ئەم وڵاتە دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە و کاتژمێر ١١ی شەویی ڕابردوو بە کاتی تاران بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەنامەی سینەمایی "ڕخنەی ٤" لە کەناڵی ٤ی تەلەفیزیۆنی ئێران ئامادەبوون و وڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاریی بەرنامە "عەلیڕەزا شوجاع نووری" و ئەکتەری بەئەزموونی سینەمای ئێرانی دایەوە.
فیلمی کوردیی "ئێل کلاسیکۆ" لەگەڵ چەند فیلمی سینەمایی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: لیتوانی، ڕۆمانیا، فەڕەنسا، ئێران، ئستۆنی، پۆڵەندا، مەکزیک، فینلەندا، ڕووسیا، ئۆکڕاینا، ئیسلەندا، نۆڕوێژ، دانماڕک، ئیسپانیا، تورکیا و قەتەر بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی تەندیسی زێڕین و تەندیسی سیمینی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی وڵاتی ئێران لە بەشی پێشبڕکێیدایە.
فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" چیرۆکێکی ئەویندارنەی بێھاوتایە لە نێوان ئالانی لاو و گۆنای خۆشەویستیدا. ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش، ئالان بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ براکەیدا سەفەرێکی مەترسیدار دەپێون لە ھەرێمی کوردستانەوە تاکوو ئیسپانیا بۆ بینینی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و بردنی کاڵۆشی کوردیی بۆ ئەم ئەستێرە ناودارەی ڕیالی مەردرید. ئەم سەرفەر دوور و درێژە بۆ بەدەستھێنانی دڵی باوکی گۆنایە کە یەکێکە لە ھەوادارە قورسەکانی یانەی ڕیالی مەردریدی ئیسپانی و ... .
ھەندێک لە ستافی ٩٥ خولەکی فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" بریتین لە: دەرھێنەر: ھەڵکەوت مستەفا، سیناریۆ: ھەڵکەوت مستەفا و ئاندرێس فەرھۆڵت، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: چیل واسدال، مونتاژ: نەلیزە لا نەفت، دەنگھەڵگر: بەھمەن ئەردەڵان و مریتە مونستاد، موزیک: ترۆند بیرکنێس، ئەکتەرەکان: وریا ئەحمەد، دانا ئەحمەد، کامەڕان ڕەئووف و ڕۆژین شەریفی و بەرھەمھێنەر: ھەڵکەوت مستەفا.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی سی و چوارەمین فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر.