سولی ئۆن وێب
له درێژه‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی کافه کاڵی سنه، 84ه‌مین کۆڕی ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی کافه کتێبی کاڵی سنه به بابه‌تی کۆچ یادی 400 ساڵه‌ی شێکسپیه‌ر به‌ڕێوه چوو.
له سه‌ره‌تای ئەم به‌رنامه‌ی ناوه‌ندی فه‌رهنگی-هونه‌ری کافه کاڵی سنه، یەکێک لە به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م ناوه‌نده وێڕای به‌خێرهاتن له به‌شداربوانی کۆڕه‌که، وتی: ئه‌مڕۆ 84ەمین زنجیرە کۆڕمان به‌ڕێوه دەبە‌ین که هیوادارین کاریگەرێتی لە سەر فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بووبێت.دواجار داوای له دوکتور به‌ختیار سه‌جادی و دوکتور سیروس ئه‌میری کرد تاکوو وته‌ی خۆیان پێشکه‌ش بکه‌ن.
به‌ختیار سه‌جادی له سه‌ره‌تای قسه‌کانی خۆی سپاسی هه‌وڵه ماندوو نه‌ناسه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رانی کافه کتێبی کاڵی سنه‌ی کرد و وتی: ئه‌مڕۆ هه‌موومان لێره کۆبووینه‌ته‌وه تاکوو کۆچ یادی 400 ساڵه‌ی شکسپیه‌ر بکه‌ینه‌وه. له ڕاستیدا ڕوژی کتێب له جیهاندا به 3 بۆنه‌وه ناسراوه؛ یه‌که‌م ڕۆژی کۆچی دوای شکسپیه‌ر، دووهه‌م کۆچی سروانتس و سێهه‌م چاپی به‌شی دووهه‌می ڕۆمانی دۆن کیشۆت له‌م ڕۆژه‌دا، ئیسته چون ئه‌مساڵ 400ه‌مین ساڵی کۆچی دوایی شێکسپیه‌ره، ئاوا ڕۆژی کتێبی جیهانی گرنگییه‌کی زیاتری په‌یدا کردووه و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان یادی 400 ساڵه‌ی کۆچی دوایی شێکسپیه‌ریان کردووه و له سه‌نه‌ش ناوه‌ندی کافه کاڵ ئه‌م یاده گرنگه‌ی کرده‌وه که جێگه‌ی شانازییه.
دوکتور سه‌جادی درێژه‌ی دا: شێکسپیه‌ر ته‌نیا 52 ساڵ ژیانی کرد و له‌م ته‌مه‌نه که‌مه‌شی ته‌نیا بۆ ماوه‌ی 10 تاکوو 15 ساڵ کاری داهێنه‌رانه‌ی ئه‌ده‌بی کرد، به‌ڵام جیهانی به کاره‌کانی خۆی هه‌ژاند. ئێمه به‌ر له‌وه‌ی بچینه نێو ژیانی کاری شێکسپیه‌ره‌وه، باشتره نه‌ختێک له‌باره‌ی سه‌رده‌می شێکسپیه‌ره‌وه ئاگاداریمان بێت، سه‌رده‌می شێکسپیه‌ر ده‌قێق ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه که بریتانیا وه‌ک یه‌که‌مین وڵاتی جیهان پڕۆتستانه‌کانی به فه‌رمی ناسی و له به‌رنابه‌ری پاپدا وه‌ستایه‌وه، ئه‌مه له ڕوی کۆمه‌لایه‌تی و فیکریه‌وه کاریگه‌رییه‌کی یه‌کجار زۆری به‌سه‌ر خه‌ڵکی بریتانیاوه بوو، کێشمه‌کێشه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه له نێوان شا و شابانوو و پاپ تا ڕاده‌یه‌ک به‌رچاو و گرنگ بوون که هه‌موو خه‌ڵکی بریتانیا ئاگاداری بوون، له‌م به‌ستێنه‌دا بوو که شێکسپیه‌ر شانۆ تراژیدییه گه‌وره‌کانی نووسی، له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می به ئیمپڕاترۆر بوونی بریتانیا له جیهاندا بوو، له‌م سه‌رده‌مدا بوو که کۆمپانیای هێندی شه‌ڕقی ڕێکخرا و په‌لی بۆ هه‌موو جیهان هاوێشت.
سه‌جادی زیادی کرد: خودی شێکسپیه‌ر ئه‌گه‌رچی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار بوو، به‌ڵام توانی له‌م به‌ستێنه‌دا سه‌رکه‌وێت و کۆمپانیاییه‌کی شانۆیی بۆ خۆی دانا، بینایه‌کی گه‌وره‌ی بۆ ساز کرد و له خه‌ڵکی پاره‌ی ده‌سه‌ند و له‌م ڕێگه‌وه توانی ژیانێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆی مسۆگر بکات.
ئه‌م مامۆستای زانکۆیه دواجار ئاماژه‌ی به به‌رهه‌مه‌کانی شێکسپیه‌ر کرد و وتی: کاره‌کانی شێکسپیه‌ر 3 به‌شن؛ یه‌که‌م شانۆنامه‌کانی، دووهه‌م غه‌زه‌ڵه‌کانی و سێهه‌م 5 مه‌نزوومه‌ی درێژ که خۆمان پێی ده‌ڵێین ڕۆمانه شێعر. من ده‌مه‌وێت که باسی شانۆنامه‌کانی شێکسپیه‌ر بکه‌ین چون له‌وه زیاتر کاتمان نییه، به پێچوانه‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه بیر ده‌که‌ینه‌وه شکسپیه‌ر ته‌نیا تراژیدی نووس نه‌بووه و له‌و 37 شانۆنامه‌ی که نووسیویه‌تی زۆریان کۆمدیانن، به‌ڵام به به‌ختیار عه‌لی وته‌نی چون کۆمه‌ڵگای ئێمه کۆمه‌ڵگای پرسه‌یه، ئاوا ته‌نیا شانۆ تراژیدییه‌کانیه‌تی که بۆ زمانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین وه‌گێڕدراون.
سه‌جادی زیادی کرد: شێکسپیه‌ر بۆ یه‌که‌م جار 3 یاسای ئاڵتوونی ئه‌ره‌ستووی له شانۆکانیدا تێکشکاند، وه‌ک یاسای شوێن، زه‌مه‌ن و یه‌کگرتووی ئاکار، بۆ نموونه له شانۆیه‌کی مێژوویدا هات و له تۆپی جه‌نگی سوودی برد که سه‌رده‌می یۆنانی کۆندا شتی وای هه‌ر تێدا نه‌بووه. هه‌روه‌ها شێکسپیه‌ر له‌و که‌سانه‌یه که به وردی ده‌ستی بۆ زمان له ڕووی وشه درووست کردنه‌وه برد، ئه‌و وشه‌ی نوێ و تازه‌ی بۆ زمانی ئینگلیزی داده‌تاشی که بتوانێت مانا پێویسته‌کانی خۆیی پێ ده‌رببڕێت.
له درێژه‌ی کۆڕه‌که‌دا دوکتور سیروس ئه‌میری قسه‌ی کرد و وتی: به‌ر له هه‌رچی ده‌بێت بڵێم که شێکسپیه‌ر ئه‌دیب بوو، ئه‌و نه لێکۆڵه‌ر بوو نه فه‌یله‌سووف و نه سیاسه‌تمه‌دار، به‌ڵکو ئه‌دیب بوو، ئه‌دیبیش که‌سێکه که قسه بۆ خه‌ڵکی ده‌کا و ده‌نووسێت.
ئه‌میری زیادی کرد: شێکسپیه‌ر له‌و تاقانه ئه‌دیبانه‌یه که هه‌موو کاراکتره‌کانی خۆی له ڕاستیدا ژایوه و بۆیه وه‌ها زاڵه به‌سه‌ریاندا، ئه‌و توانی کارێک بکات که کاره‌اکتره‌کانی به ئازادی له ناو شانۆکانیدا قسه‌ی خۆیان بکه‌ن، نه‌ک قسه‌ی شێکسپیه‌ر، هه‌ر بۆیه کاره‌کانی شێکسپیه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیان هه‌یه، به‌ڵام ئایدۆلۆژیک نین.
ئه‌م مامۆستایه درێژه‌ی دا: ئه‌مه توانێکی بێ وێنه‌ی ئه‌دیبانی سه‌رکه‌وتووه که بتوانن هێزی نه‌رێنی کاریان بێت، واتا له دژی بیر و باوه‌ڕی خۆیان شت بنووسن، شێکسپیه‌ر توانی نه‌رێنی کاری بوو، یانی ده‌یتوانی به ئاسانی مۆڵه‌ت به کاراکتره‌کانی بدات تاکوو شتێک له ڕووی باوه‌ڕی خۆیانه‌وه بڵێن و ده‌ری بڕن که ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بڕوای خودی شێکسپیه‌ر بوو.
ئه‌میری له کۆتاییدا وتی: ئه‌مه هیچ به مانای ئه‌وه نییه که شێکسپیه‌ر ڕه‌خنه‌ی له کۆمه‌ڵگا نه‌ده‌گرت، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و که‌سێک بوو که ڕه‌خنه‌ی زۆر تووندی له سیاسه‌تی سه‌رده‌می خۆی ده‌گرت و هاوکاتیش یارمه‌تی له کۆشکی شاهه‌نشاهی بریتانیای ئه‌و سه‌رده‌مه بۆ کاری هونه‌ری خۆی وه‌رده‌گرت، واتا هه‌رگیز ئه‌م دوو شته‌ی پێکه‌وه قاتی نه‌ده‌کرد.
له کۆتایی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌دا ئاماده‌بوانی دانیشتنه‌که چه‌ندین پرسیاری خۆیان ئاڕاسته‌ی هه‌ر دوو مامۆستاکه کرد و ئه‌وانیش وڵامی پرسیاره‌کانیان دایه‌وه.