سولی ئۆن وێب
فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دەرھێنانی "بێھرووز نوورانی پوور" سەبارەت بە کۆبانێ و شنگال خەڵاتی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بەدەستھێنا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بێھرووز نوورانی پوور" سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە سنەییە، سینەماکاری کرماشانی "کامڕان جاھیدی" مۆنتێری فیلمەکە و ھەروەھا ھەندێک لە ستافی فیلمەکە لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا، لە بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران نمایش کرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی لەوحەی فەخریی بە دەرھێنەریی سنەیی ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.
ھەر لەم بەشەدا خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورین و لەوحەی فەخریی و بڕی پارەی ١٠٠ میلیۆن ریالی بە فیلمی سینەمایی "مادام کۆراژ" Madame Courage لە دەرھێنانی "مرزاق عەلواش" بەرھەمی ھاوبەشی وڵاتانی ئەلجەزائیر و فەڕەنسا و ھەروەھا خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورینی باشترین فیلمی ئاسیایی و لەوحەی فەخریی و بڕی پارەی ١٠٠ میلیۆن ریالی بە فیلمی سینەمایی "داری گوێز" The Walnut Tree لە دەرھێنانی "یەرڵان نوورمۆخامبتۆف" لە وڵاتی قەزاقستان بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بریتی بوون لە: خاتوو "گولاب ئادینە" Golab Adine ئەکتەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران، خاتوو "سەحرا کەریمی" Sahra Karimi دەرھێنەری سینەما لە وڵاتی ئەفغانیستان، "جاوید جەعفەری" Jaaved Jafari دەرھێنەر، ئەکتەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ھیندستان، "ئیسماعیل فرووخی" Ismael Feroukhi دەرھێنەر لە وڵاتی مەغریب و ھەروەھا خاتوو "ماریا ترسا کاوینا" TERESA CAVINA بەڕێوەبەریی ھونەریی و بەرنامەداڕێژیی فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا.
فیلمی کوردیی "١٥٧A" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ ١٥ فیلمی چیرۆکی لە وڵاتانی جۆراجۆری جیھان، لەوانە: وڵاتانی جۆرجیا، ئێران، فەلەستین، فەڕەنسا، ئۆردۆن، لوبنان، قەتەر و ئیماڕات، ژاپۆن، قەزاقستان، ھیندستان، عێراق، کۆریای باشوور، کوەیت، ئەلجەزائیر و فەڕەنسا ڕکابەریدا بوو.
ھەڵبژاردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە تەنیشت بەرھەمەکانی دیکەدا، ڕووداوێکی بێ وێنەیە لە لایەنی ڕکابەریکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاریی لەگەڵ فیلمە چیرۆکییەکان لە وڵاتی ئێراندا، ھەر چەندە ئەم ڕووداوە لە فیستیڤاڵە بیانییەکاندا بەردەوام دووپاتبۆتەوە.
سینەماکاری ناوداری ئێرانی "ڕەزا میرکەریمی" سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر سەبارەت بە ھەڵبژاردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە شەرق" ئەم فیستڤاڵەدا گوتی: ئێمە دەمانویست ئەم ڕووداوە بکەوێت، چونکە کاتێک کە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی ئاستەکەی لە ھەندێک لە فیلمە سینەماییەکان لەسەرترە ئەوە ھەڵبژاردنێکی مەنتیقییە.
گوتیشی: لە فیستیڤاڵە بیانییەکان ئەم شێوە ھەڵبژاردنە تا ئەو ڕادەیەش بێوێنە نییە، بەڵام لە فیستیڤاڵە ناوخۆییەکاندا بە گشتیی بەشی چیرۆکی و دیکۆمێنتاریی لە دوو بەشی جوێدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەڕاستیدا سینەمای دیکۆمێنتاریی ئێمە ئەوەندە بەھێز و کاریگەر بووە و پێگەی لە بەشی پێشبڕکێیدا خاڵی بوو کە ھاوسەنگ لەگەڵ فیلمە چیرۆکییەکان رکابەریی بکات و من پێم خۆش بوو کە ئەو روانینە کۆنە بشکێنم و لە ڕاستیدا ئەو بوێرییە بە بەرپرسی فیستیڤاڵە ئێرانییەکان بدەم کە گرینگییەکی تایبەت بە سینەمای دیکۆمێنتاریی بدەن، بەتایبەت سینەمایەک کە ناوەرۆکی تایبەت بە بابەتەکانی ڕۆژی کۆمەڵگا و ناوچەکە دایە.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە کە تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی ناوخۆی وڵاتی ئێرانی بەدەستھێناوە، چیرۆکی ڕووخانی ئەخلاقە لە ساڵی ٢٠١٥ بە بۆنەی جەنگەوە، ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ژیانی سێ کچی شاری کۆبانێ بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە باوکیان ٢٠ ڕۆژ پێش ئەوەی کە گرووپی تیرۆریستی داعش ھێرش بکاتە سەر کۆبانێ کۆچی دوایی دەکات و لە ئێستاشدا ھیچ زانیارییەکیان لە دایکیان نییە و لە یەکێک لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان لە شاری زاخۆ ژیان بەسەر دەبەن.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی سینەمای ئێرانەوە خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورین و لەوحەی فەخریی باشترین فیلمی
دیکۆمێنتاریی بەدەستھێنا.