سولی ئۆن وێب
لە چوارچێوەی بەرنامەکانی ئەنجومەنی رۆشنبیری بەڕیتانی بۆ یادی ٤٠٠ساڵ مردنی شکسپیر لە ژێر ناونیشانی شکسپیر زیندووە، شانۆگەری "خەوێک لە شەوێکی نیوەی هاوین" نمایش کرا.
شانۆگەری "خەوێک لە شەوێکی نیوەی هاویندا" یەکێکە لە شاکارە مەزنەکانی شکسپیر، لە یادی ٤٠٠ ساڵ مردنیدا لەلایەن چەند خوێندکارێکی زانکۆی ئەمریکی نمایش کرا. دەرهێنەری بەڕیتانی سایمۆن رید بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی کوردستان کرا بۆ کارکردن لەگەڵ خوێندکارەکان بۆ ماوەی دوو مانگ.
یەکەم نمایشی لە سلێمانی لە شاری جوان لە بەرواری ٢/٥/٢٠١٦ ئەنجامدرا پاشان لە ٧/٥ لە قەلاتی هەولێر و پاشان لە دهۆک لە ئوتێل ریکسۆس نمایش کرا.
شانۆگەرییەکە بە زمانی ئینگلیزی نمایش کرا، وە سود لە چەندین لایەنی کۆمەڵایەتی، کلتوری، ئابوری و سیاسی ئێستای کوردستان وەرگیرا بوو. دەرهێنەر سایمۆن رید روونی دەکاتەوە کە ئامانج لەم هەنگاوە پیشاندانی پەیوەندی کارەکانی شکسپیر بە جیهانی ئەمڕۆوە.
ئەنجومەنی رۆشنبیری بەڕیتانی ئەمساڵ لە عێراق، هەرێمی کوردستان بە چەندین چالاکی و بۆنە یادی ٤٠٠ ساڵ مردنی شکسپیر دەکاتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵدا چەندین چالاکی ئەنجامدرا لەوانە نمایشی شانۆی هاملێت بوو لەلایەن گروپێکی بەڕیتانی لە هەولێر. لە ئێستادا ئەو فیلمانەی کە لەسەر کارەکانی شکسپیر بەرهەم هاتوون لە سینەماکانی سلیمانی، هەولێر، دهۆک، بەغداد پیشان دەدرێن لەوانەش فیلمی "ئۆثێلۆ، ریچاردی سێهەم، مەکبێث، رۆمیۆ جولێت".
ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی پڕۆگرامی شکسپیر زیندووە لەلایەن کۆمپانیای گاثرتن ئەنجام دەدرێت.
