بەزمی کچە ئاکتەرێک نماییش دەکرێت

22/05/2016    14:33

بەزمی کچە ئاکتەرێک نماییش دەکرێت 


Şano


سولی ئۆن وێب

بڕیارە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٥ی ٥ی ٢٠١٦ کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە شانۆیی "بەزمی کچە ئاکتەرێک" لەناو هۆڵی پەیمانگای هونەرەجانەکانی شاری هەولێر نماییش بکرێت، دەقی ئەم نماییشە لەلایەن نووسەری ئینگلیزی ئەلێکس براونەوە نووسراوە و کاری وەرگێران و دەرهێنانی لەلایەن گۆران محەمەدەوە ئەنجامدراوە، هەریەک لە فاتیح فرومەند و فەرەح تەها ڕۆڵی کەسایەتییەکانی ناو شانۆنامەکە بەرجەستە دەکەن. ناوەڕۆکی ئەم کارە فوکسی خستووەتە سەر کێشە باوەکانی شانۆکاران بەگشتی و ئاکتەر و ڕەگەزی مێیینە بەتایبەتی.
دەرهێنەری ئەم نماییشە دەربارەی شانۆنامەکە و کارکردنی ئەکتەر بۆدۆزینەوەی کاراکتەر ڕایگەیاند: "شانۆنامەی ئەم نماییشە پێکهاتووە لە چوار ئاکتی کورت، واتە شانۆنامەیەکی یەک پەردەییە، شێوازی نوسینی دەقەکە لە ڕووی تەکنیکەوە، شانۆنامەیەکی ڕیالیستی، کۆمیدیی ڕەخنەییە.
وتیشی: "ئاکتەر لەمجۆرە کارانەدا پیویستی بە دوو جۆر مامەلەکردن دەبێت لەگەڵ کاراکتەر و جۆری جوڵە و ئاماژە فیزیکیەکانی، جۆری یەکەمیان نواندنێکی سروشتی و ناچرالیستانەیە و لە هەندێک بەش و ساتی دیاریکراویشدا وا دەخوازێت کە بە فۆرمێیکی ڕیالیستی و تارادەیەک زیادەڕۆ گوزارشت لە سات و ڕووداوەکانی ناو شانۆنامەکە بکەن."
سەبارەت بە شێوازی کاری دەرهێنان لەم نماییشەدا، دەرهێنەر ڕایگەیاند: "لە ڕووی دەرهێنانەوە هەوڵدراوە سود لە تەنکیکی جۆراوجۆر و ئەو نەریت و ستایلە باوانە وەربگرێت کە ئیستا بەشیکن لە شانۆی هاوچەرخ. ئەوەی پێی دەوترێت نواندن یان دەربرین بە شێوازی پێرفۆرمانسە. زیاتر وابەستە نەبووم بە هەڵبژاردنی ستایلێکی دیاریکراو و تایبەت بە دەرهێنانی شانۆیی، بەڵکو زیاتر کارم لەسەر ئەوە کردوە کە دنیای ناو دەقەکە چی دەوێت بۆ ئەوەی ببێتە نماییش، هەلبەت پاش ئامادەکردنەوە و تەواوکردنی کاری دراماتۆرگی شانۆنامەکە."
هەرچی سەبارەت بە سینۆگرافیای کەرەکەیشە، دەرهێنەر ڕایگەیاند: "بۆ جێبەجێکردنی سینۆگرافیای کارەکە هەوڵمداوە کە فەزایەک بۆ ئاکتەر و دیمەنەکان بخولقێنم کە یەک بگرێتەوە لەگەڵ چیرۆک، هەروەها شوێن و بابەتەکانی شانۆنامەکە، هەوڵمداوە جۆرێک لە نزیککردنەوە و تێکەلکردن دروست بکەم لە نێون شوێنی بینەر و نماییش، هەناسەی ئاکتەرەکان بەیەکتری تاوەکو لەم رێگەیەوە بینەر هەستی بەرپرسیارێتی چیرژوەرگرتنی بە جۆرێکی جیاوازتر بێت لەو نمایش و کار و پرۆژە شانۆییانەی کە پێشتر بینیونی. ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی تری سینۆگرافیای کارەکە پەیوەندی هەیە بە بەکارهێنانی لایەنی تەکنیکی تەکنەلۆژی و وەکو بەشێک لە پرۆسەی دەرهێانی کارەکە و پێدانی فۆرمی هونەری و ئیستاتیکا بە کارەکە لە سەر ئاستی نماییش."












هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw