07/06/2016    11:51

"ژیان لەسەر سنوور" لە فیستیڤاڵی فیلمی "کراکۆف" لە پۆڵەندا نمایشکرا 


Cînema

سولی ئۆن وێب
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی بەھمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" لە وڵاتی پۆڵەندا نمایشکرا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن کۆمپانیای ھۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" Illumina Films  لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان"ی پەنجاوشەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" Krakowf لە وڵاتی پۆڵەندا نمایشکرا.
ئەم فیلمە ٧٣ خولەکییە سەرەتا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژیی ٣٠ی مایی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٢ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" Małopolski لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" چووە سەر پەردەی سینەماکان و پاشان کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆی ڕۆژیی ١ یۆنیۆی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ١ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" و لە دوایین نمایشی خۆیدا کاتژمێر ٩ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژیی ٢ یۆنیۆی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٢ی باغی ھونەریی "ماتۆپۆلێسکی" نمایشکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان"ی پەنجاوشەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" بریتین لە: "کڵاوس ئێدێر" KLAUS EDER ڕەخنەگری سینەما و سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی ئەڵمانیا، "کارۆلینا بیلاویسکا" KAROLINA BIELAWSKA دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی پۆڵەندا، "حوسێن کۆریمبھۆی" HUSSAIN CURRIMBHOY  بەڕێوەبەریی ھونەریی لە وڵاتی ئەمەریکا، "ئەمیر لەبەکی" AMIR LABAKI  ڕەخنەگر، دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی بڕازیل و ھەروەھا "میشێل نوول" MICHEL NOLL دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی لە وڵاتی فەڕەنسا.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" کە یەکێکە لە کۆنترین ڕووداوە سینەماییەکانی ئەورووپا بە نمایشی ٢٥٠ فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی نەتەوەیی"، بەشی "پێشبڕکێی فیلم دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلم"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان"، بەشی "پێشبڕکێی موزیک لە سینەما"، بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییە نوێیەکان"، بەشی "چاوخشاندنیک بە بەو بەرھەمانەی کە لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە سازکراون"، بەشی "تەرکیز لەسەر بەرھەمی دەرھێنەرە ناودارەکانی سینەمای جیھان"، بەشی "براوەکانی ساڵانی پێشوو"، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای سوید"، بەشی "بازاڕی فیلم"، بەشی "قوتابیانی خوێندنەوەی شەوانە"، بەشی "چیرۆکی جیھان"، بەشی "پانۆڕامایەک لە فیلمی پۆڵەندا"، بەشی "بەڵگەیی و زانست" و بەشی "دەنگی موزیک" لە ڕۆژانی ٢٩ی مایی تا ٥ یۆنیۆی ٢٠١٦ لە شاری کراکۆف لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.
ئامانج لە دامەزراندیی ئەم فیستیڤاڵە، نمایشی کورتە فیلمی چیرۆکی، دیکۆمێنتاریی و ئەنیمەیشنییە و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتەکانی "ھەژدیھا" Dragon و "ئەسپی داریی" Hobby Horse بە ھونەرمەندانی سەرکەوتوو پێشکەش دەکرێت و ھەروەھا خەڵاتی "فیپێڕشی" واتە "ئەنجوومەنی ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی سینەمای جیھان"، خەڵاتی "فیسک"، چەندین خەڵاتی دیکە لەوانە: خەڵاتی "پریکس یو.ئای.پی" Prix UIP کڕاکۆف و خەڵاتی "ئێف.ئای.سی.سی" FICC پێشکەش بە براوەکانی بەشی پێشبڕکێی ئەم فیستیڤاڵە دەکرێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" لە لایەن فیدڕاسیۆنی بەرھەمھێنەرانی سینەما "فیاپ" ، ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا و ئاکادیمیای زانست و ھونەرە سینەماییەکان بەڕێوەدەچێت و ئەو فیلمانەی کە لەم فیستیڤالەدا ھەڵدەبژێردرێن دەچنە بەشی پێشبڕکێی خەڵاتەکانی سینەمای ئەرووپا و خەڵاتی ئۆسکارەوە. ئەم فیستیڤاڵە ھەروەھا لە ئەنجوومەنی فیستیڤاڵەکانی فیلمی ئەورووپا ئەندامە.
"ژیان لەسەر سنوور" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا ڕۆژی ١١ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" لە پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیبوڕۆن" Tiburon لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی "مرۆڤدۆستانە"ی ئەم فیستیڤاڵە سەربەخۆ سینەماییە بۆخۆی مسۆگر بکات و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی ئەمەریکیی ITFF  بە دروشمی "تێگەیشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم"ەوە، خەڵاتی "زنجیرەی زێڕین"ی Golden Reel سینەما بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شنگال
پێشکەشکرا.ئەم فیلمە کوردییە، ھەروەھا ڕۆژی ١٠ ئەپرێلی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەورووپا بە ناونیشانی "ئێکۆ" ÉCU  لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە سینەماییەی پێبەخشرا.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.krakowfilmfestival.pl/en/films/all/5294/life_on_the_border

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw