سولی ئۆن وێب بەرهەمە سەمفۆنییەکانی هۆشەنگ کامکار لەلایەن ئۆرکێسترای سەمفۆنی داکلنزی شاری لەندەنەوە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی دارایی بۆ منداڵانی ئاوارەی ناو هەرێمی کوردستان لە هۆڵی باربیکانی شاری لەندەن پێشکەش دەکرێت و هەروەها گروپی کامکارانیش چەند بەرهەمێک پێشکەش دەکەن. ئەم کۆنسێرتە ڕۆژی یەک شەمە ١٩ ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە هۆڵی باربیکان لە لەندەن سازدەکرێت و کۆنسێرتەکە لە دوو بەش پێک دێت و لە بەشی یەکەمیدا کارە سەمفۆنییەکانی هۆشەنگ کامکار وەک: -(پۆیم سەمفۆنی ئەنفال) تێکستی ئیحسان ئیخوان و سۆڵۆی سەبا کامکار، (کۆنسێرتۆی ئاریۆ) بۆ سەنتور و ئۆرکێسترای سەمفۆنی بە تاکژەنی ئەردەوان کامکار کە بەناوی کوڕە تاقانەکەیەوە (ئارێۆ)وە ناوی ناوە. - (ئاوازی ئاشتی) پارچەیەکە بۆ ئۆرکێسترای سەمفۆنی کە لە هۆنراوەکانی سعدی و باباتاهیرەوە وەرگیراوە و بە سۆڵۆی دەنگی سەبا کامکار. - (کۆنسێرتۆی شب زستانە) بۆ کەمانچە و ئۆرکێسترای سەمفۆنی بە تاکژەنی ئەردەشیر کامکار، ناوی ئەم پارچەیەش لە پیتی یەکەمی سەرجەم وەجەی سێیەمی کامکاران وەرگیراوە. - (پۆیم سەمفۆنی بەهارانی ئاویەر) بۆ عود و کەمانچە لەگەڵ ئۆرکێسترای سەمفۆنی بە تاکژەنی ئەرسەلان و ئەردەشیر کامکار کە لە چەند میلۆدییەکی فۆلکلۆری کوردییەوە وەرگیراوە. بەشی دووەمی کۆنسێرتەکە بە پێشکەش کردنی موزیک و گۆرانی کوردی بە دەنگی بیژەن کامکار بەڕێوەدەچێت، لەم کۆنسێرتەدا هەریەک لە ئەرسەلان کامکار بە عود، ئەرژەنگ کامکار بە زەڕب، ئەردەشیر کامکار بە کەمانچە، ئەردەوان کامکار بە سەنتوور، بیژەن کامکار بە دەف و دەنگ، سەبا کامکار بە دەنگ و دەهۆڵ بەشدارن. فۆتۆکان: سەرتیپ عوسمان - ئەمیر خامنە -پۆستەری کۆنسێرتەکە