سولی ئۆن وێب
کورتە فیلمێکی ئەنیمەیشنی کوردی بە ناوی (جەنگۆ و مەنگۆ) لە فێستیڤاڵی Portsmouth international film festival نێونەتەوەیی بۆ فیلم لە شاری پۆرتسمۆت کە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای شاری لەندەن پایتەختی ووڵاتی بەریتانیا، لە بەرواری ٢٢.٩.٢٠١٦ لە لیستی چڕکراوی فێستیڤاڵەکە هەڵبژێردراوە بۆ خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بێ دەنگ . ئەم کورتە فیلمە لەلایەن شێوەکار و دەرهێنەری کورد (ڕافد جەڕاح) کاری نووسین، دەرهێنان، وێنەکێشانی دجیتەڵی، ئەنیمەیشن و دیزاینی دەنگی بۆ کراوە. جەنگۆ و مەنگۆ لە شەش خولەک و سیی چرکە پێکهاتووە لە وڵاتی ئەڵمانیا بەرهەمهێنراوە و لە پێشبڕکێکەی ووڵاتی بەریتانیا بە ناوی فیلمێکی ئەڵمانی و کوردی بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە.
فیلمی ئەنیمەێشن جەنگۆ و مەنگۆ لە 6.30 شەش خولەک و سیی چرکە پێکهاتوە و لە ووڵاتی ئەڵمانیا بەرهەم هێنراوە، چیرۆکەکەی دەگەرێتەوە بۆ جەنگی دووایی سەرەتای 2015 کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتی لە کوردستانی باشوور و رۆژئاوا سەری هەڵدا کە تیێایدا جەنگی گشت ووڵاتانی جیهان بوو بەڵام لە ماڵی کورد و دژ بە کورد کرا و بە دەستی کورد ئەم جەنگە دەبێت کۆتایی پێ بێت.
هونەرمەند رافد جەراح باس لەوە دەکات کە بیرۆکەی فیلمێکی ئەنیمەیشنی لەم جۆرە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2012 کە لە سەرەتا فیلمەکە دوو کەڵەشێر بوون لە کاتی ململانێ بەڵام لە دوای جەنگی 2015 کە بەسەر کورد هات ئەوە بیرۆکەکە کاری لەسەرکرا بەو ئەندازەیە کە لەگەڵ ئەم رەوشەی ئێستای جیهان بگونجێت.