سولی ئۆن وێب سەرنوسەر رێناس حسن بەدەم خوارندی پیتزاکەتەوە دەتوانیت تەماشای فیلمێک یان ڤیدۆیەکی هونەری بکەیت. Janos Cinema Café & Bristo نوێترین کافیی هونەری کلتورییە کە لەلایەن سینەما کار جانۆ رۆژبەیانی لە مانگی ٧ی ئەمساڵدا لە هەولێر کرایەوە. کەشی کافێکە هەر وەک سینەمایەک دیزاین کراوە، بەڵام بە پێچەوانەی سینەماکانی دی لەوێ کۆمەڵێک فیلم و ڤیدۆی هونەری پیشان دەدرێت کە زۆربەیان لە جۆری Independent Film. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سولی ئۆن وێب جانۆ دەڵێت، یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم سینەما کافێیە " بە کلتورکردنی فیلمە کە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ئەم کلتورە لێرە وونە، هەروەها دەمەوێت کافێکە ببێتە شوێنی کۆبونەوە و ئاشنابوونی سینەماکاران، ئەکتەر، نوسەر و شاعیران بە گشتی." بەسەر بردنی ژیان و ئەزمونی جانۆ لە ئەمریکا و ئەوروپا وەک نوسەروهونەرمەندێک و کارکردن لە بواری فیلمدا، وای لێدەکات زۆر کاریگەربێت بە کافێکانی ئەوێ لە کاتێکدا ئەو کافێیانە شوێنی کۆبونەوە هونەرمەندان و رۆشنبیران و نوەسەران بووە، وە زۆر جار لەناو کافێکاندا گفتوگۆو بابەتی گرنگ ئەنجامدراوە. پاشان دوای شۆڕشی دیجیتاڵی، تێرمی سینەما کافی دروست دەبێت و جانۆ سەردانی هەندێک لەو سینەما کافێیانە دەکات لە نیو یۆڕک، پاریس و بڕۆکسلس."پێکەوە لکاندنی سینەما و کافێ هەمیشە لە خەیاڵمدا بووە بەڵام بیرم لە کردنەوەی شوێنێکی لەو جۆرە نەکردبۆوە...پاش دانیشتنم لە سینەما کافێکانی ئەورپا و ئەمریکا زۆر هۆگری ئەو کەشە بووم هەربۆیە بڕیارم دا سینەما کافێیەکی لەم جۆرە لە کوردستان بکەوە." لە سینەما کافێکەی جانۆ-دا چەندین فیلمی هونەری و میوزیک ڤیدیۆ و ڤیدۆی رەخنەیی و هەروەها فیلمی کوردیش پیشان دەدرێت. جۆری فیلمەکان دابەش کراوە بەسەر شەوەکاندا وەک، سینەمای کوردی، سینەمای جیهانی، فیلمی هۆلیوود و سینەمای ئەوروپی. سینەما کافێکە شوێنێکە بۆ خەڵکانی رۆشنبیری کورد و ئەو بێگانەنەی لە کوردستان دەژین. وەک جانۆ دەڵێت، "دەمەوێت سینەمای کوردی بە خەڵکی کوردستان و خەڵکانی دەرەوەی کوردستان بناسێنم، و لیرەوە سینەماکارانی کورد ئاشنا بن بە کاری سینەمای کوالیتی ئاست بەرز." لە ئێستادا زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانی کافێکە دەکەن، ئەو خەڵکانەن کە لە قونسوڵیەکان یان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن. بەداخەوە جانۆ دەڵێت، "زۆربەی ئەو کوردانەی روو دەکەنە کافێکە سەیری سکرینەکە ناکەن، زیاتر لە جیهانە بچوکەکەی خۆیاندان کە بریتییە لە بەکارهێنانی مۆبایلەکانیان یاخود نێرگەلە کێشان." ژمارەیەکی کەم لە سینەماکاری کورد روویان کردۆتە کافێکە، جانۆ هۆکاری ئەمە دەگێڕیتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان ناتوانن خۆیان بەم شوێنەوە ببەستنەوە لە کاتێکدا زۆربەی میوزیک و ڤیدیۆکان بە زمانی ئینگلیزین. وە جانۆ پێی وایە، "ئەوان زیاتر لە ماڵەوە و لە نادی خواردنەوە هەست بە ئارامی دەکەن." لە هەمان کاتدا چەندین دەرهێنەری فیلمی گەنج و بەتوانا روودەکەنە کافێکە کە بە بڕوای جانۆ "ئەمانە داهاتوی سینەمای کوردین." جانۆ چەندین پلانی دی هەیە کە جگە لە پیشاندانی فیلم "لە پلانمان دایە کە شەوێک دیاری بکەین بۆ مایکی کراوە کە تیایدا stand-up comedy ئەنجام بدرێت. وە هەروەها دەمانەوێت شەوێک لە مانگێکدا تایبەت بێت بە خوێندنەوەی هۆنراوە. جگە لە ئەنجامدانی چەند گفتۆگۆیەکی کراوە لە نێوان سینەماکاران و نوسەران و خوێندنەوەی سکریپت. وە لە داهاتویەکی نزیدا فیستیڤاڵێک ئەنجام دەدەین بۆ فیلمی کورت و ڤیدۆی میوزیک، وە داوادەکەین لە بەرهەمهێنەران بۆ ناردنی کارەکانیان."