سولی ئۆن وێب
فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" لە دەرهێنانی "بەهمەن قوبادی" لە بەشی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆکۆئۆکا" لە ژاپۆن نمایش دەکرێت.
فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەهمەن قوبادی" لە بەشی سەرەکی بیست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆکۆئۆکا" Fukuoka بە "تەرکیز لەسەر ئاسیا" Focus on Asia لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
"خەڵاتی بینەرانی فۆکۆئۆکا" کە خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆکۆئۆکا" دێتە ئەژمار، لە لایەن بینەران و بە مەبەستی بردنەسەرێی ئاستی فەرهەنگی سینەمای ئاسیا بە درهێنەرێکی بەهرەمەند دەبەخشرێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆکۆئۆکا" کە بە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی فیلمی ئاسیا ناسراوە و لەسەر باشترین بەرهەمەکانی سینەمایی ئاسیا تەرکیز دەکات، بە نمایشی نوێترین بەرهەمی بەرچاوی دەرهێنەرە ئاسیاییەکان لە چەندین بەشی "سەرەکی"، بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی "فیلمە ڤییەتنامییەکان"، بەشی "فیلمە ژاپۆنییەکان" و هەروەها بەشی "نمایشی تایبەت" لە ڕۆژانی 15 تا 25ی سێپتەمبەری 2016 لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەدەچێت.
"ئاڵای بێ وڵات" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی لە بەشی تایبەتی شازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کۆتایی ڕۆژهەڵات" East End نمایش کرا.
ئەم فیستیڤاڵە کە بە یەکێک لە گەورەترین فیستیڤاڵە سینەماییەکانی بەریتانیا دێتە ئەژمار، بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆریی جیهان لە ڕۆژانی 23ی یۆنیۆ تا 3ی جوولای 2016 لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو.