فیلمی  El clásico لە سینەماکانی کوردستان

14/09/2016    01:45

فیلمی El clásico لە سینەماکانی کوردستان 


Cînema

سولی ئۆن وێب
سەرنوسەر
رێناس حسن

فیلمی  El clásico دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا لە رۆژانی جەژندا لە سیتی سینەمای سلێمانی پەخش دەکرێت. لە یەکەم رۆژی جەژندا خەڵکێکی زۆر بۆ تەماشاکردنی فیلمەکە روویانکردە سیتی سینەما. فیلمەکە لە ٢٠١٥دا تەواو بووە و فیلمێکی درامایە کە باس لە دوو برای کورتەبالا  بە ناوی ئالان و شیروان دەکات لە گەشتێکدا بۆ بە دیهێنانی "خەونە گەورەکەی" ئالان. هەردوو تیپی تۆپی پێی ئیسپانی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە بابەتێکی گەرمی فیلمەکەن.

ئالان لە پەیوەندی خۆشەویستی دایە لەگەڵ گۆنا کە کچێکی باڵابەرزە. کێشەکان لێرەوە دروست دەبن کاتێک باوکی گۆنا رازی نابێت بەوەی کچەکەی شوو بە کورتەباڵایەک بکات. لە هەمان کاتدا باوکی گۆنا هاندەرێکی سەرسەختی ریال مەدریدەو کڵاشێکی بۆ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دروست کردووە ئاواتی ئەوەیە رۆژێک بتوانێ بیدات بە رۆناڵدۆ. ئالان دەیەوێت بیسەلمینێت بۆ باوکی گۆنا کە هەرچەندە ئەو گەورە نییە، بەڵام "خەونی گەورەی هەیە" و دەتوانێت پێیان بگات. بۆیە هەوڵێکی زۆر دەدات و لەگەڵ هەموو ئازارو ناخۆشییەکانی گەشتەکەی لە کۆتایدا کڵاشەکان دەگەیەنێتە ڕۆناڵدۆ لە ئیسپانیا.

لە کۆمەڵگای کوردی خەڵکێکی زۆر هاندەری تیمە ئیسپانییەکانن و ئەمەش جۆش و خرۆشێکی زیاتری لای بینەر دروستکردووە بۆ بینینی فیلمەکە لە کاتێکدا ئەم بابەتەش ئاماژەی پێدراوە وەک چۆن ئالان دەلێت "ئەگەر سەیری یاری نەکەیت، بە پیاوت نازانن".

بە شێوەیەکی گشتی جیگای دڵخۆشییە فیلمی  El clásico لە سینەمای کوردیدا دەبینرێت، جیاواز لە فیلمەکانی دی ئیش لەسەر کارەکتەر کراوە. بینەر دەخرێتە پەیوەندیەوە لەگەڵ کارەکتەردا. لە گەشتەکەی ئالان و براکەیدا، بینەر هەست بە ئازاری هەر یەکێکیان دەکات، هەست بەو ئاستەنگیانە دەکات کە بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان دێتە رێیان. ئەم فیلمە بریتییە لە گەشتەکەی ئالان و شیروان، وە هەر لەسەرەتای گەشتەکەدا کەراکتەرەکان ووردە ووردە دروست دەبن ئەمەش وا لە بینەر دەکات ووردەکارییەکان ببینێت نەک تەنیا حاڵەتەکان. بینینی فیلمی  El clásico ، فیلمی Dumb and Dumber ی ئەمریکی بیر خستمەوە کە باس لە دوو هاورێی نزیک دەکات لە گەشتێکدا هاوشیوەی ئالان و براکەی. 

لە زۆربەی دیمەنەکانی فیلەمەکدا کۆمیدیایەکی گالتە ئامێز دەبینرێت کە زۆربەیان هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای کوردییە. ئەمەش لایەنێکی جوانی دی فیلمەکەیە کە بابەتەکان بەکار هاتوون بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکە وە لە هەمان کاتدا پیشاندانی هەموو ئەو ئاستەنگیانەیە کە تاکی کورد پێوەی دەناڵێنیت لە ژیانی رۆژانەی و لە بەدیهێنانی خەونەکانی.

ئەوەی جێگای دڵگرانی بوو کاردانەوەی بینەر بوو لە هۆڵی سینەماکەدا. حەزدەکەم لێرەدا ئاماژەی پێ بدەم کە تا ئێستا کلتوری سینەما و بینینی فیلم لای زۆرینەی تاکی کورد زۆر لاوازە. ئەمەش لە هۆڵی سینەماکاندا بە ئاشکرا دیارە. جگە لە ژاوەژاو و قسە کردنی زۆر، پێکەنین بەو دیمەنانەی کە بەڕاستی دەیان خستیتە گریان. یەکێک لە ئامانجەکانی فیلمی El clásico گۆڕینی بیروڕای خەڵکییە لەسەر پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بەڵام بەداخەوە نازانم بۆ دەبێت بینینی کورتەبالایەک بتخاتە پێکەنین؟ 

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw