سولی ئۆن وێب
سەرنوسەر
رێناس حسن
فیلمی رەشەبا (The Dark Wind) وەک یەکەم فیلم لە مەراسیمی دەستپێکی چوارەم فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک نمایش کرا کە لە رۆژانی ٩-١٦/٩/٢٠١٦ بەڕێوە چوو، بەڵام ناڕەزایی بەدوایخۆیدا هێنا.
ئەمساڵیش چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆک بە بەشداری چەندین فیلمی بیانی و کوردی و کورتە فیلم بەڕێوە چوو. مەڕاسیمی دەستپێکی فیستیڤاڵەکە لە ئێوارەی ٩/٩/٢٠١٦ بە نمایشکردنی فیلمی رەشەبا-ی دەرهێنەری دهۆکی حسێن حسن لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی دهۆک بەڕێوە چوو. لەگەڵ تەواو بوونی فیلمەکە، ئەبو شجاع، ئەو پیاوەی زیاتر لە ٣٥٠ ژنی یەزیدی لەدەستی گروپی تیرۆرستانی داعش رزگارکردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی یەزیدی هەستان بە ئەجامدانی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر فیلمەکە و داوای قەدەغەکردنی فیلمەکەیان کرد بەو پێیەی کە ڕوداوەکانی فیلمەکە دوورن لە ڕاستییەوە و فیلمەکە بەشیوەیەکی نادروست کۆمەڵگای یەزیدی خستۆتە روو.
فیلمی رەشەبا لە ٢٠١٦دا بەرهەم هێنراوە و فیلمێکی فیکشنە باس لە ریکۆ و پیرۆ دەکات کە پێش هاتنی داعش بۆ شینگال ئاهەنگی دەزگیرانداریان ئەنجام داوە، بەڵام کاتێك چەکدارانی تیرۆرستی داعش شینگال داگیردەکەن، پیرۆ وەک کۆیلەیەک بە چەکدارانی داعش دەفرۆشرێت و پاشان رزگاریدەبێت و دەگەڕێتەوە ناو خانەوادەکەی، بەڵام لەناو خەڵکی و خێزانەکەی پێشوازی لێناکرێت و هەوڵی کوشتنی دەدرێت.
پرسیارەکە لێرەوە دروست دەبێت. ئایا پێویست دەکات ڕوداوەکانی فیلمێک لە چیرۆکە راستەقینەکانەوە وەرگیرابێت؟ لە کاتێکدا فیلمی رەشەبا فیلمێکی فیکشنە ئەمەش وادەکات خەیاڵی دەرهێنەر ئازاد بێت لە بڕیاردان لەسەر رووداوەکانی فیلمەکە. بە پێچەوانەی فیلمی دۆکومێنتەری کە پیشاندانی راستیەکانە. لە فیلمی فیکشن دا زۆربەی کات چیرۆکەکان دروست دەکرێن، لێرەشدا خەیاڵی دەرهێنەر دەوردەبینێت کە بە کام ئاڕاستەیەدا خەیاڵی بینەر رێنوێنی دەکات. دەرهێنەری فیلم یاد دین Yad Deen دەڵیت، "دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە ئەمە فیلمێکی فیکشنە. هیچ یاسایەک نییە چونکە کارێکی داهێنانە. لەگەڵ ئەوەەشدا ناتوانین خەڵکی بوەستێنین لە گێرانەوەی یان وێناکردنی بابەتێک بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت. ئەگەر خەڵکی پێیان وابێت تەنیا دەبێت ئەو رووداوانە پیشان بدرێت کە زۆربەی کات روودەدەن، کەواتە ئەو کەیسانەی کە لەوانەیە کەم رووبدەن بەهەند وەرناگیرێن. وە ئەگەر تەنانەت بۆ یەکجاریش رووداوێکی هاوشێوەی فیلمەکە لەناو کۆمەڵگای یەزیدیدا روویدابێت ئەوا زۆرە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە فیلمەکە نوێنەرایەتی هەموو کۆمەڵگای یەزیدی دەکات."
فیلمەکە دوا بەدوای رووداوە دڵتەزێنەکانی شینگال بەرهەم هاتووە وە سوود وەرگیراوە لە چیرۆکەکان، بەڵام چونکە ئەمە فیلمێکی فیکشنە واتا دەرهێنەر یاخود نوسەری سکریپتەکە بەپێی فەنتاسیاکانی خۆی دەتوانێت درامای تێدا بەکار بهێنێت، واتا واقیع پیشان نادرێت بەو مەبەستەی کە زانیاریمان پێبدات. وە یەکێک لە ئامانجەکانی فیلمی فیکشن بۆ چێژوەرگرتنی بینەرە نەک گواستنەوە زانیاری.